ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەوا بۆ سەدەیەك دەچێت و لە پێناو ئازادی و نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار ، گەلی کورد خەباتدەکات و ئاشنا بووە بە چەمگی بیری نەتەوایەتی و باجی قوڕسی داوە . مێژوویەك هەڵچێنراو لەخیانەت ، شکست ، بێگانە پەرستی ، رکابەری ، پەرتەوازەیی و نا تەبایی ، تیرۆر ، تاکڕەوی ، لێدانی خەنجەری ژاراوی لە پشتەوە ، شەڕی ناوخۆ و ماڵوێرانی و ....... . لە راپەڕینیش دەرفەتێك رەخسا ؛ بەڵام پشتبەستن بە هێزە داگیرکەرەکانەوە ، بێهودە وەك تەونی جالجالووکە خۆیان خزاندە ناو بینا قاقا و کاروباری هەرێم وکەوتنە جێبەجێکردنی ئەجینداکانیان ، پارتەکانی گۆڕەپانیش ، هەمان تیپی مۆسیقا ، هەمان قەوانی شڕ و سواوە ، بە هەمان هاڕمۆنی ئاوازی قێزەون ، قسەی بریقەدار ، دروشمی ورژێنەر ، هەڵخەڵەتاندن ، درۆ و ساختەکردن ، هەڵفرێواندن بەجۆرەها بڕ و بیانووی سووك و چرووك ، هەرسەردەمە و ئاوازێك لە چەواشەکاری ، لووتبەرزی ، کەیسی ئابڕووچوون ، گەندەڵی و ....... .

مێژوو دەپرسی ئەوانە ئەنجام و دەرهاوێشتەکانن ( effect ) , بەڵام هۆکا.رەکان ( cause ) چین ؟ شکستەکان بۆ ؟ مێژوو پێمان دەڵێت گەر سەرکردە هەڵە بکات ، میللەت باجەکەیدەدات و گەر شێرێك رابەرایەتی کۆمەڵێ رێوی بکات ، هەمووی دەبن بە شێر و پێچەوانەکەشی دروستە و سەرکردەی راستەقینە بەرگەی رۆژی تەنگانە دەگرێت و لە گەرمەی شکستەکاندا بەرنامەی سەرکەوتن دادەڕێژێتەوە ، ( هیچ کۆمەڵەیەکی مرۆیی شایستەی ئەوە نییە ناوی دەوڵەتی لێبنێیت ئەگەر بە یەکگرتوویی نەتوانی بەرگری لە موڵکە کۆمەڵایەتییەکانبکات - هیگڵ ) . سەری قسە و بنی قسە باسکردنی مێژووی دڕندایەتی داگیرکەرانە ، بەڵام پۆڵ پریمەر لە ( ساڵەکەم لە عێراق / کورد ڵە بری سەربەخۆیی داوای پارەیانکرد ) ! .

بفەرموون ، ئەو ئێرانەی ( دۆستی دوێنێ ) ی هەردوو سەردەمی شای پەهلەوی و ئاخوندە کەشیدە لەسەرەکانی ئیسلامی ، کۆماری مهابادیان زیندە بە چاڵکرد ۱۹٤۷ ، ئازادیان زەوتکرد و ئاشبەتەاڵیان بە بزووتنەوەی چەکداری هێنا ۱۹۷٥ ، دڵیان بەوەندە ئاوی نەخواردەوە ، قەڕاڕگەی رەمەزان بڕیار بە دەستبوو ، پسوولە و پێناسەی دەبەخشی و کاتیۆشا و راجیمە حەیاتەکان پشت و پەنا بوو ئاسۆی سەرکەوتنی نزیکدەکردەوە و ....... ! ئەوا ئێستاش ، بەدەر لە بەها و یاسا نێو دەوڵەتییەکان ، لە بری بەکارهێنانی هێز ، کارتی ئاو وەك فشار بەکار دەهێنی ، رێڕەوی روبار دەگۆڕی ، روباری سیروان دادەشۆرێنێ، تا دەشتی شارەزوور و گەرمیان بە بیابان بکا و ژێرخانی ئابووری وێرانبکات .

لە تورکیای گورگە بۆرەکان ، وەك یۆنانییەکان دەڵێن : سەگ بڕوا ، گورگ دێتە جێی ، هەر لە ( جمعية الإتحاد و الترقي ) یەوە تا ئێستا ، کورد کوشتن و ماڵوێرانی بە ئەرکێکی پیرۆز دادەنرێ ، نەوەك دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ، بەڵکو گوندێکی سەربەخۆی کوردیان قبووڵ نیە ئەگەر لە هەسارەیەکی تریش بێت . ( لە پێکەنینەکانیشمدا هەستێکی غەریبیم هەبوو ، چۆن دەبێ غەمبار نەبم لە نیشتمانی خۆم وەك غەریبەیەك سەیر بکرێم / ئەحمەد کایا ) ، ( ئەردوغان بە چەند شێوەیەك یارمەتی داعش دەکات ، سەردانی ئەو وڵاتە ناکەم کە پشتگیری لە داعش و ‌نصرة و أحرار الشام دەکات و دژی ئەو نەتەوەیە کە دژی ئەو تیرۆریستانە سەر بڵندانە دەجەنگن / نوام چۆمسکی - گەورە بیرمەندی ئەمریکی ) . جگە لە ٤۰ بنکە و بارەگا و دەیان دەزگەی هەواڵگری ، بە بەرنامە داڕێژراو سیاسەتی ( الأرض المحروقة / زەوی سووتاو ) ی ستراتیجی ئەمریکا لە شەستەکان لە ڤێتنام ، پیادە دەکا ، بە بیانووی لێدانی لە گەریلاکانی پەکەکە ، جۆرەها بۆمبی کیمیایی ، نایترۆجینی ، فسفۆڕی و کلۆر و ..... بەکاردەهێنێ ، چەندین ساڵە پشتێنە سەوزاییەکان لەناو دەبردرێن و کەوتوونەتە بەر تەوژمی بڕینەوەی کۆمپانیا داربڕەکانی سەر بە هەواڵگری سوپا کە مەزەندەی دەیان تۆنی رۆژانەی لێدەکرێت ، هەمان سیاسەتی لە رەگەوە هەڵکێشانی دار زەیتوونەکانی عەفرین و نیشتەجێکردنی تیرۆریستان بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگڕافیای ناوچەکە پیادە دەکات .

بەڵگەی ویکیلیکس لە ۱۹ ی ئازاری ۲۰۱٦ دا ئاشتی هەورامی داوای لە ( بیرات بەیرەقدار ) ی وەزیری وزەی تورکی دەکات لە بەرامبەر پێنج ملیارد دۆلار نەوت و گازی هەرێم بە بیرەکانیەوە بفرۆشن بە تورکیا .

بێدەنگی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرامبەر ستەمی داگیرکاری و جینۆسایدی ژینگەیی ، بەشداربوونە لە خیانەتی نیشتمانی ، هاندرە بۆ زیاتر داگیرکردنی نیشتمان و دەربەدەر و ئاوارە کردنی خەڵکەکە لە سەر زێدی باو و باپیران ، (بەرپرسە باڵا دەستگیراوەکانی میت ، زۆر نهێنی مەترسیدای راستەقینەی پڕ شەرمەزارییان درکاندووە ) .

ئەوکاتە بەسەرچوو خۆیانبکەن بە فریادڕەس و میللەت با ج بدا و چەپڵەو هەلهەلە بۆ سیاسەتی هەڵە لێبدات و نیشتمانیش هی سیاسییەکان نییە ، وڵاتپارێزان و دڵسۆزانی خاوەندارێتی دەکەن ، خۆڵە مێشەکە دەبێتە کڵۆ پەنگر و ژیلەمۆکەش دوای سەد ئاو هەڵدەگیرسێتەوە .

تێبینی

سوود لە سەرچاوە مێژووییەکان و ماڵپەڕەکان وەرگیراوە .

 

  • 1