ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

جۆبایدنی سەرۆکی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بە فەرمی ووتی کە هەموو هێزە سەربازیەکانیان لە ئەفغانستان ڕاکێش دەکەنەوە و ئەو ووڵاتە جێ دێڵن بەیەکجاری، ئەو کارە دەبێ تا ١١ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢١ تەواو ببێت. لە ڕاستیا سەرۆکەکانی پێش بایدنیش خواستی ئەوە بوون کە ئەفغانستان جێبهێڵن بەڵام نەیاندەزانی چۆن بەبێ ئابڕووچوون لەو قوڕاوە بێنە دەرەوە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٧٨/١٩٧٩ یەکێتی سۆڤێت هێزی سوپایی نارد بۆ پشتگیریکردن لە حوکمەتە سۆشیالیستە نوێیەکەی ئەفغانستان. ئەمەریکا بە بیانووی پاراستنی مافی مرۆڤ و سەربەستی ووڵاتی ئەفغانستانەوە هەرزوو هێزەکانی سیا (CIA) ی ناردە ئەو دەورووبەوە بۆ کەوتنە جوڵان و ڕێكخستن و یارمەتیدانی میللەتانی ئەفغانستان بەتایبەتی ئەوانەی کەزۆر زیاتر هۆگری ئایینی ئیسلام بوون. هەرزوو دەنگی دەهۆڵی جیهاد گەیشتە هەموو سووچ و قوژبنێکی ووڵاتانی ئیسلامی. بین لادن کە توندڕەوێکی ئیسلامی بوو بۆ شوێنێك دەگەڕا بیروباوەڕەکانی خۆی لێوە بڵاوبکاتەوە، ئەو هەلەی لەدەست نەیا و هەر زوو لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیا خۆیانگەیاندە ئەفغانستان بۆ ئەنجامدانی جیهاد و پاشان ڕێکخراوی ئەلقاعیدەی دامەزراند.

ڕێکخراوی تالیبان بەرهەمی هەوڵ وتەقەلای دەزگای سیخوڕی پاکستان و سیای ئەمەریکی بوو پڕچەك کران و بەکارهێنران دژ بە یەکێتی سۆڤیێت و میللەتانی جیاوازی ئەفغانستان. میللەتانی ئەفغانستان بەهۆی جیاوازیە زۆرەکانیانەوە هەمیشە بەرەو شکستی هێنان دەڕۆشتن لە تێکۆشانیاندا. مێژووی ڕێڕەوی شەڕەکانی ئەفغانستان دەزانین و پاشان بینیمان کە تەنانەت یەکێتی سۆڤیێتیش چۆن کۆتایی بە لاپەڕەیەکی گرنگی مێژووی خۆی هێنا.

مەبەستی سەرەکی ئەمەریکا و ناتۆ نزیك بوونەوە بوو لە سنوورەکانی یەکێتی سۆڤێێت بە بیانووی پاراستنی مافی میللەتانی ئەفغانستانەوە.

لە راستیدا، پێکهێنانی ڕێکخراوی تالیبان زیانێکی بەردەوام و مێژووی گەیاندە هەموو میللەتەکانی ئەفغانستان، دەکرا ئەو میللەتانە لەڕێی ئاشتیەوە بەحوکمەتە نوێیەکەی ئەفغانستان ڕازی ببن و ئەو شەڕە دوورودرێژەش ئەنجام نەدرایە.  تالیبانەکان ڕێکخراوێکی ئیسلامی توندڕەوون، ڕواڵەت مێژوو و سایکۆلۆجی ئەفغانستانیان بەرەو دواوە گەڕاندۆتەوە.

ئەنجامی سیاسەت و بێ ستراتیجیەتی ئەمەریکا و ناتۆ بووە هۆی بەهێزبوونی تالیبان و ئەلقاعیدە. تالیبانەکان بوون بەبەڵایەك بۆ هەموو میللەتەکانی ئەفغانستان و ووڵاتانی ناتۆش. لەهەمان کاتدا ڕیکخراوێکی وەکو ئەلقاعیدە تا ئەو کاتە لەهیچ سوچێکی ووڵاتانی ئیسلامیدا بیری لێ نەکرابۆوە، ئەمیش بووە بیروباوەڕێکی نوێ و ڕێگای تیرۆریستی بووە ئامرازێکی گرنگی تێکۆشانەکانی. پەلاماردانە تیرۆریستیەکەی ١١ی ئەیلولی ٢٠٠١ لەلایەن ئەلقاعیدەوە وەڵامێکی ڕوون بوو بۆ ئەو سیاسەتە بێ ستراتیجیەی ئەمەریکا.

خۆش ئەوەیە کە هەندێك لە ووڵاتەکانی ناتۆ کە هاتبوونە ئەفغانستان سەرانەیان ئەدا بە ئەفغانیەکان بۆ ئەوەی پەلاماریان نەدەن. لە ساڵی ٢٠٠٨دا بووشی سەرۆكی ئەمەریکا داوای لە بێرلوسکۆنی سەرکی ئیتالیا کرد کە هیچی تر سەرانە نەدات بە ئەفغانیەکان.  سەربازێکی پایەبەرزی ئەفغانی بەئاشکرا لە ووتارێکدا ووتی کە نەك تەنها ئیتالیا بەڵکو ووڵاتی تریش هەیە کە سەرانە دەدات بە ئەفغانیەکان. ئەم زانیاریانە لە سەر رۆژنامەکانی ئیتالیا بڵاوبوونەوە لە کاتی خۆیاندا.

لە ماوەی ئەو بیست ساڵەی شەڕێ ئەفغانستاندا بەپێی بۆچوونی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی ١٦٠ هەزار کەس گیانی لەدەست داوە بەهۆی ئەو شەڕەوە. لەوانە ٣٥ تا ٤٣ هەزاری خەڵکی سیڤیل بووە. ٣٦٠٠ سەربازی ناتۆش بەهەمن شیوە گیانی لەدەست داوە، لەوانە ٢٥٠٠ ئەمەریکی بوون.

پاش کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ ڕێڕەوی سیاسی ئەفغانستان بەرەو کوێ دەڕوا؟

 ئایا ئەشرەف غانی و سەرۆك وەزیران ئایا دەتوانن بەرەنگاری هێزەکانی تالیبانەکان ببنەوە؟

هیندستان لەم ساڵانەی دواییدا پشتگیریەکی زۆری حوکمەتی ئەفغانستان دەکات بە پێچەوانەی پاکستانەوە کە دۆست و نزیکی تالیبانەکانە، هیندستان و پاکستان وەك دەزانین کێشەی گەورەی سیاسیان هەیە لەنێوان خۆیاندا بە تایبەت لەسەر کێشەی ناوچەی کەشمیر.

ووڵاتی چێن کە هاوسنووری ئەفغانستانە بە ووریاییەوە دەڕوانێتە پاشەڕۆژی ئەفغانستان پاش کشانەوەی ناتۆ. بێ شك بەرژەوەندی ئەو  کۆمپانیا چینیانە دەپارێزێت کە پرۆژەیان دامەزراندووە لە ئەفغانستاندا. هەر بۆیە دەشێ کە چین هێزێکی سەربازی بنێرێتە ئەفغانستان بۆ پاراستنی ئاشتی لە ناوچەکەدا. لەهەمان کاتدا ئەوە بیر نەکەین کە لە ناوچەی کسینگیان چین کە هاوسنووری ئەفغانستانە میللەتی ئو یوگوری دەژی کە موسوڵمانن و کێشەی سیاسیان هەیە لەگەڵ حوکمەتی چیندا.

لەلایەکی دیەوە حوکمەتی چین و حوکمەتی پاکستان پەیوەندیەکی باشیان هەیە، بەڵام ئایا پاش کشانەوەی ناتۆ لە ئەفغانستان ئەوپەیوەندیە بەردەوام دەبێت؟

ئاشكرایە کە ئەمەریکا بەتایبەت و ووڵاتانی ناتۆ، لەسەر ئاستی سیاسەتی جیهانیدا ستراتیجیان نیە و دووربین نین، یان ئەتوانین بڵێێن کە بەرژەوەندی هیچ میللەتێکیان بەلاوە گرنگ نیە تەنها ئەوانەی خۆیان نەبێت. بینیمان کە چۆن عێراقیان خستە نێو دەستی ئێرانەوە و دەڵێن گوایە ئەوان دژ بە ئێرانن! هەروەها چەند ساڵ جەنگان دژ بە سوریا و بانگەوازیان ئەدا کە ئەسەدی سەرۆکی سوریا دەبێت بڕوا، کەچی ئەمڕۆ ئەسەد هێشطا هەر لە شوێنی خۆیەتی و تابێت بەهێزتر دەبێت. هەروەها تورکیا ئەمڕۆ بایەخێکی وایان پێ نادات و بەشێوەیەکی سەربەخۆ هەوڵی ئامانجەکانی ئەدات بێگوێ دان بە بوونی ناتۆ. لە لیبیا بەهەمان شێوە...

کێشەی سیاسی ئەفغانستان پێش داگیرکردنیان لەلایەن ئەمەریکاو ناتۆوە دەکرا چارەسەرێكی ئاشتیانەی بۆ بدۆزرایەتەوە، بەڵام ئەوان بەئامادەبوونیان لەوێ ئەو ووڵاتەیان کاول کرد.

هەربەهۆی ئەوانەوەبوو کە بۆ یەکەم جار ڕێکخراوێکی وەکو ئەلقاعیدە دروست بوو و پاشان ڕێکخراوی تری لێکەوتەوە وەکو داعش.

ئەمەریکا و ناتۆ بێشك لەشەڕی ئەفغانستاندا بە دۆڕاوی ئەو ووڵاتە جێدەهێڵن.

  • 1