ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرەتا ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ داواکردنی مافی خەڵک بەگشتی مبادئێکی بنەڕەتیە لای ئێمە واتە منەتێک نیە بەخەڵکی بفرۆشینەوە بەڵکو ئەوە ئەرکی شیوعییەکانە بەپێی هەلومەرجی قۆناغەکە میکانزمی تێکۆشان بگرنە بەر بۆ بەدیهێنانی ئازادی و نان و یەکسانی ،ئەم مبادئەش بنچینەکەی ڕەنگدانەوەی فکرمانە کە پشت بە فەلسەفەی مارکسیزم و تەواوی فکرە پێشکەوتنخوازییەکان دەبەستێ لە پێناو نیشتیمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار،وە هەروەها سوربون و تێکۆشان لە پێناو مافی خۆمان و خەڵک بەڵێنی ئێمەیە کە لەکاتی بۆنە نیشتیمانییەکان لە ڕێگەی بەیاننامە و دروشمەکانمان بەخەڵکمان دواوە و بەردەوام دەبین،چونکە حزبێکی ئۆپۆزسێۆن بیت و جورئەتی ئەوەت نەبێت بە لۆگۆ و ناو و دروشمی خۆت خۆپیشاندان بکەیت لە کاتێکدا دەیان کێشە و گرفت بە ئەنقەست بۆ ژیانی هاوڵاتیان دروستکراوە هەتا دێت ژیان خراپ تر دەبێت و باج زیادەکات و لێبڕینی مووچە بەردەوام دەبێت و تاڵانی و قۆرخکاری سامانی ووڵات پەرەدەستێنێت و داگیرکاری ووڵاتانی هەرێمی زیاد دەکات ،ئەی بونی ئەم هێزە چ زەروریەتێکە و لەپێناوچی و بۆچی دروست بووە ، ئەوەی بڕوای ئێمەیە ئەوەیە ناکرێت شیوعی بیت و هەڵوێستت نەبێت ،دژی چەوساندنەوەی میللەتەکەت .

پرسیارەکە لێرەدایە بۆچی حزبی شیوعی کوردستان لەو کاتەدا ولەگەرمەی ڕووداوەکان دەتوانێت لە هەولێر و کەرکوک و سلێمانی کفری وچەندین شوێنی تر خۆپیشاندان بکات لە پێناو باشترکردنی ژیانی خەڵک ودژی سیاسەتی ئێستای حکومەت وسیاسەتی ووڵاتانی داگیرکەری هەرێمایەتی ؟پێویستە خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستیە بزانێت هیچ دەسەڵاتێک لەدونیادا حەزی لەوە نیە هیچ هێزێکی سیاسی دەرەوەی خۆی خۆپیشاندان بکات و دژی سیاسەتەکانی بێت،وە هیچ هێزێکی سیاسیش بەبێ بوونی سیاسەتی سەربەخۆ ناتوانێ هەنگاوی جدی بنێت و خۆپیشاندان بکات ،وە هیچ سیاسەتێکی سەربەخۆش بەبێ بوونی ئیرادە و ئابوری سەربەخۆ دروست نابێت،کەوابێت ئەوەی وادەکات حزبی شیوعی هەموو ساڵێک چەندین جارخۆپیشاندان بکات بە ئاڵا و لۆگۆ و دروشمەکانی خۆی یان ئەندامەکانی لەهەموو ئاستەکان بەشداری هەر خۆپیشاندانێک بکەن کە لەبەرژەوەندی خەڵکدابێت ئەوەیە،کە حزبی شیوعی هیچ پەیوەندیەکی ژێربەژێری لەگەڵ ووڵاتانی ئیقلیمی نیە تا نەتوانێت دژی دەستدرێژیەکانی ئەو ووڵاتانە بێت کەبەردەوام دەستدرێژی دەکەنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان وە حزبی شیوعی هیچ هاوکاریەکی مادی لە حزبەکانی دەسەڵات وەرناگرێت تالێی بترسین بیبڕن ، لەکاتێکدا چەندین جار پێشنیاریان بۆکردوین کە مانگانە هاوکاری مادیمان بکەن بەڵام ئێمە یارمەتیەکەمان وەک حزب ڕەتکردۆتەوە و ووتومانە پێویستە حکومەت منحەی حزبەکان بگیڕێتەوە کە بەمافی خۆمانی دەزانین نەک حزب پارە ببەخشێتەوە وە نەکۆمپانیامان هەیە تابترسین کاری بوەستێ نە مۆڵ و مارکێتمان هەیە تا بترسین ایبخەن نە هیچ بەرژەوەندیەکی تەسکی حزبی بەڵکو بەخۆبەشی و قوربانیدانی دۆست و ئەندام و سەرکردایەتیەکەی دەتوانێت حزب سەربەرزانە درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدات و بەردەوامە،بۆیە گرنگە بزانین ئێمە هیچمان نیە لە بەرژەوەندی ژێربەژێر لەگەڵ هیچ ووڵات و زلهێز و دەسەڵاتدارێک تا لە دەستی بدەین ، هەربۆیە لەشەقام بەئاڵا و چەکوش وداس و ناو و دروشمی خۆمان دەڵێین ئەی حوکمەتی قومارچی پارەی نەوتت دابەچی ،کەوابێت قۆناغی قسەی گەورەی میدیای لەبەر سپلێت بۆ هێزی ئۆپۆزسێۆن باوی نەماوە ،کە ڕاست دەکات بەرژەوەندی ژێربەژێری نیە ئەوە شەقام.

  • 1