ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دیقەت  بدەن  لەدونیای  نوێباوی  ئەمڕۆ  سیستمی  کارکردن  وەها  داڕێژراوە  کەدامەزراندنی  کۆمپانیاکانی  بازرگانی  و  وەبەرهێنان  و  کۆمپانیای  بیناکردنی  یەکەکانی  نیشتەجێ  بوون  و  پڕۆژەکانی  هاوشێوەی  شاری  گەشتیاری  و  مۆڵە  زەبەلاحەکان  و  دامەزراندنی  پەیمانگا  و  زانکۆ  ناحکومیەکان، ئەنجام  هەموو  ئەم  پڕۆژە  و  کۆمپانیا  زەبەلاحانە  لەکۆتایدا  بەیەکەوە  لەو  جیهانە  نوێیەدا  فاکتەرێکی  خێرن  بۆ  هاونیشتمانیان  و  نیشتمان  بەیەکەوە، چونکە  خاوەن  ڕۆڵی  کاران  لەبەخشینی  سیمایەکی  شارستانی  و  ئاوەدانکاری  مۆدێرن  بەنیشتمان  و  دەستێکی  بەرهەمهێنەر  و  کوڕێکی  دڵسۆزن  بۆ  وڵاتەکانیان، لەوسۆنگەوەی  ئەم  کۆمپانیا  و  دامەزراوانە  ساڵانە  لەڕێگەی  پەیوەستبون  بەسیستمی  باجدانەوە  قاسەکانی  دەوڵەت  دەپارێزن  لەخاڵی  بونەوەو  ئیفلاسبوون، بەم  هەنگاوەش  ڕۆڵێکی  کارا  دەگێڕن  لەزیاتر  بوژانەوەو  بەرەو  پێشبردنی  ژێرخانی  ئابوری  وڵات  و  بوژانەوەی  چینی  مامناوەند  و  کەرتی  گشتی، کەواتە  لەوێ  سیستمی  توندوتۆڵ  و بێهەڵاواردنی  باجدان  لەسەر  هەموان  ساڵانێکە  جێگەی  فرۆشتنی  نادیاری  نەوت  و  پرسی  لێدزینی  موچە و قەرزداربوونی  حکومەت  بەهاوڵاتیانی  پڕکردۆتەوە، ئەنجام  باج  بۆتە  سەرچاوەیەکی  کارا  بەئاراستەی  دابینکردنی  دراوی  قورسی  حکومەت  بۆ  موچە و بەڕێوەبردنی  سیستماتیزەکراوی  وڵات.

 ئەوەی  ساڵانێکە  لەکوردستان  دەگوزەرێت  بریتیەلە  تێکەڵەیەکی  دۆسێکان  و  هیچی تر  بەئاراستەی  زیاتر  شێواندنی  دۆخەکە، چونکە  زۆرینەی  ئەو  کۆمپانیا  هەڵتۆقیوە  خاوەن  سەرمایانەی  ئەمڕۆ  تەنیا  فاکتەرێکی  خێرن  بۆ  لەپڕ  دەوڵەمەند  بوون و هەڵتۆقینی  چەند  سیاسیەکی  بازرگانی  ‌چاوچنۆک  لەسەر  حسابی  دادۆشینی  زیاتری  نیشتمان  و  ڕوتاندنەوەی  هاونیشتمانیان، لەبەرئەوەی  ئەمەی  دەگوزەرێت  ئەوەیە  کە زۆرینەی  کۆمپانیا  قەبە  و  پڕداهاتەکانی  کوردستان  دەبینین  لەژێر  شوناسی  بیناکردنی  یەکەی  وەبەرهێنان  و  نیشتەجێبوون  و  بازرگانی  و  خوێندن  ناوە  ناوە  لە ڕاقیترین  و پڕبەهاترین  شوێنی  شارەکان  زەوی  بەهەزاران  دۆنم  لە شارەوانیەکانی  حکومەت  وەردەگرن و بەچەند  پڕۆژەیەکی  بچوک و کوالێتی  نزم  و  بەها  گران  لەسەر  هاوڵاتیان  ئەم  زەویانە  پڕدەکەنەوە.

  بەداخەوە  زۆرینەی  ئەم  کۆمپانیا  خاوەن  سەرمایانە  سەرباری  قازانجی  زۆریان  کەچی  بەهۆی  کەمتەرخەمی و چاونوقاندنی  حکومەتەوە  ساڵانێکە  خۆیان  لەسیستمی  باجدان  دزیوەتەوەو  قەرزێکی  زۆریان  لەسەر  خۆیان  کەڵەکە  کردوە، وەک  دەبینین  لەنێوان  ئەم  چاونوقاندنەی  حکومەت  و هەڵهاتنی  کۆمپانیاکان  لەباجدان، سەرئەنجام  هاوڵاتی  کوردو  نیشتمان  بەیەکەوە  ڕۆژانێکە  باجی  دۆخەکە  دەدەن، ئەم  دۆخە  خراپەی  ئەمڕۆ  بەتەواوی  لەسەر  کەرتی  تەندروستی  و  ئاوەدانکردنەوەو  ڕێگاوبانەکان  ڕەنگی  داوەتەوە  بەجۆرێک  کەهیچ  کات  نەیارانیشمان  حەسودیمان  پێنابەن، کەرتی  پەروەردەشمان  بەجۆرێ  هەتیوکەوتوە  کە بەناچاری  لەم  زەمەنی  نیوە  موچەیەدا  مامۆستایان و دەوڵەمەندەکان  لەم  وەرزی  گەرمایەدا  لەجێگەی  حکومەت  لەسەر  گیرفانی  خۆیان  پێداویستی  و فێنککەرەوە  بۆ  خوێندنگەکان  دابین  دەکەن، موچەخۆرانیش  ساڵانێکە  لەڕێگەی  لێدزینی  موچەوە  بونەتە  هاوڕێی  نیشتمان و  بەردەوام  تاکو  ئەم  چرکەساتەش  باجی  دۆخەکە  دەدەن.

 

 

 

 

 

  • 1