ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گۆشــــــــەی

" بـــــــەها "

( 1 )

هەفتانە دلێر كەریم دەینووسێت

مرۆڤایەتی ئەمڕۆ لە هەموو كات و سەردەمێك زیاتر لەبەردەم تاقیكردنەوەی داڕشتنەوەی بەهاكاندایە. مرۆڤەكان بەدرێژایی مێژوو تێكۆشاون بۆ ئەوەی پێشبكەون، تێكۆشان بۆ ئەوەی لێكدانەوە بۆ دیاردەكان بكەن و دواتر لەدووبارەبوونەوەیدا خۆیان لە كارەساتەكان بپارێزن. پێشكەوتن چی بەمرۆڤایەتی بەخشی؟ ئایا توانی خۆشبەخت و خۆشگوزەرانی بكات؟ ئایا لە ڕووی دەروونیەوە مرۆڤایەتی ئاسوودەتر بوو یان پاشەكشەی كردووە؟ یان تەنها هۆیەكانی گواستنەوە و كشتوكاڵ و پەیوەندی پێشكەوتن و مرۆڤایەتی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پاشەكشە لە پێدانی بەهاكان دەكات.

پرسیارێك كە هەمیشە خۆی نمایش دەكات و دەبێ لەخۆمانی بكەین، زۆر بوونی نەخۆشییەكان و بەرفراوانبوونی بەرەكانی شەڕ و كاولكاری بە نوێترین كەرەستە جەنگییەكان، یان خۆشگوزەرانییەكانی مرۆڤایەتی زۆرترن؟

ئەگەر لە سەردەمە كۆنەكاندا نەتوانرابێت لە ئاه وناڵەی میللەتانی ژێردەستە و قیژە و هاواری بێدەرەتان و برسیییەكانی دنیا، ئەوانیتر كە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەكەن بەئاگابێن؛ خۆ ئێستا بە دیكۆمێنت و وێنە و ڤیدۆ و لە ڕاستەوخۆ و تۆڕەكاندا هەمووان ناشیرینییەكان دەبینن و لێی بێدەنگن، گەر ئەمە گرفتی نەمانی بەها نەبێت، چییە؟

هەر لەم سۆنگەیەوە گۆشەكەم ناو دەنێم "بەها" و هەوڵدەدەم هەفتانە لەڕێگای كوردستانەوە لە قسەكردن و باسكردنی بەهاكان، كۆمەڵایەتی و پەروەردەی و زانستی و سیاسی، بێمە خزمەتتان و و هەموومان پێكەوە كاربكەین بۆ گەڕانەوەی بەهاكان كە ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر قسە لەسەر كەم بوونەوەی نرخ و بەهایان دەكرێت.

  • 1