ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئامادەکردنی:مەغدید حاجی

٭ سەرەتا زۆر بەداخەوە،رۆژی10ی حوزەیرانی 2021 هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستای زانکۆو نووسەری شارەزا لە بواری رێزمانی کوردی، د. شێرکۆ بابانمان، لە ڕێگەی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی هەولێرەوە پێگەیشت،ئەم هەواڵە زۆر دڵگرانی کردین ،چونکە بەم کۆچە ناوەختە رۆشنبیرو زانایەکی ئەکادیمی بە توانامان لە دەستدا،هاوبەشی خەمی هەموو لایەکین..

٭ بە پشت بەستن بەو ژیاننامەیەی یەکێتی نووسەران، لقی هەولێر بڵاوی کردۆتەوە،ئەمجارە وەکو مامۆستایەکی تێکۆشەر لە پێناو خزمەتکردنی زمان و ڕێزمانی کوردی ،ژیاننامەی د. شێرکۆ بابان بە کورتی بڵاو دەکەینەوە..

٭ شێرکۆ عەبدولکەریم بابان..

ــ لە ساڵی1953 لە چەمچەماڵ لە دایکبووە.

ــ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە چەمچەماڵ تەواوکردووە.

ــ لە ساڵی1976 لە زانکۆی تەکنۆلۆجیای بەغدا دەرچووە.

ــ لە 1980 چۆتە فەرەنسا بۆ خوێندن،لە1985 دکتۆرای لە بواری کانزاو دروستکاری کانزایی بەدەستهێناوە.

ــ لە کۆلێجی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین مامۆستا بوو..لە ئەندازیاری پلەی پرۆفیسۆری هەبوو..

٭ د. شێرکۆ بابان، لە دەرەوەی پسپۆڕی خوێندنی ئەکادیمی،لە بواری زمان و ڕێزمانی کوردیدا شارەزاییەکی زۆری هەبوو، بەرهەمی زۆری پێشکەشکردووە.. ئەندامی ئەکادیمیای کوردی و یەکێتی نووسەرانی کورد بوو.. هەمیشە لە چالاکییە ڕۆشنبیریەکان دەبینرا و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو.. ژمارەیەکی زۆر کتێب و بەرهەمی بە سوودی لە بارەی زمان و ڕێزمانی کوردی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە، وەکوو:

۱- رستەسازی و شیتەلکاری زانستی،1996.

۲- میکانیزمە بنەڕەتیەکانی رستەسازی،1997.

۳- داینامیکی جێناوی لکاو لە ڕسته سازیدا،1997.

٤- نەخشەی رۆنانی ڕێژەی کار،1999.

٥- بەرەو ڕێزمانی کوردی،2000

٦ - شرۆڤەکاری ڕێزمانی کوردی لە زمانی نووسیندا،2000

۷- لە مۆرکە تایبەتییەکانی ڕێزمانی کوردی، 2000

۸ - ڕێزمانی پاشگری دوو پاتییەوە، 2001

۹- ڕێزمانی کەسی سێیەمی تاک،2004

۱۰- سێ میکانیزمی ڕێزمانی.

۱۱ - زمانی نووسینی ڕێزماندار،2008

هەروەها خاوەن زۆر بەرهەمی دیکەشە بڵاوکراوەو بڵاونەکراوە..

٭ بەڕێز پ.د. شوکریە رەسول لەبارەی د. شێرکۆ بابان دەڵێ:" ..چل ساڵە د. شێرکۆ دەناسم،کورد وتەنی عیلمی لێدەباری،سەرباری پسپۆڕی خۆی شارەزای ڕێزمانی کوردی و بەشەکانی مۆرفۆلۆژی و ڕستەسازی و سیمانتیک و زۆر لایەنی تر بوو.. لە کردنەوەی دکتۆرا لە بەشی کوردی یەکە هاریکار بوو..

دکتۆر کورد پەروەرێکی کوردستانی بوو،غەمی کوردی لە کۆڵ نابوو،لە کاتێکدا شیکاری بۆ ڕێزمانی کوردی دەکرد دوو مامۆستا لە بەشی کوردی هەبوون،بەڕاستی دکتۆر لە ژیانیدا زۆر ماندوو بوو،هەمیشە لە کۆڕەکانی یەکێتی نووسەران ئامادەبوو،بەداخەوە زوو بە جێی هێشتین".

٭هەزار دروود بۆ روحی پاکی ئەم مامۆستاو نووسەرە خزمەتگوزارە،یادی زیندوو،یادی بەخێر..

  • 1