ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی : - زیرەک کەمال

هاوڕێ وبرای گەورەم عەباس خەلیفە هەواڵی کۆچی دواییت لەناخەوە ئازاریدام ، گریاندمی ، فرمێسکی زۆری پێ ڕشتم ، زیاتر هەستی تەنیایی لادروست کردم ، ئاخر تۆ بەمانای وشە مرۆڤێکی ئاوەدان و خۆش مەجلیس و جوان و بەوەج و لێهاتوو بووی ، بەشی زۆر تەمەنت بەرگری کردن بوو لە گەل ونیشتمان و ڕەنجدەرانی بیرو بازوو ، بەرگری کردن بوو لەهەقیقەت و بەها مرۆییەکان ، تۆدەرچووی هیچ زانکۆیەک نەبووی ئەکادیمی وخاوەن بڕوانامەی خوێندن و هیچ زانستگایەک نەبووی ، بەڵام چونکە بەکردەوە پاڵەوان وڕێبواری ڕێگای ئاشتی وئازادی ودیموکراسی بووی بەقەد زیاتر لەنیوەی ئەکادیمی ودەرچوانی زانکۆی ئێستا لەمێژووی سیاسی وفیکری و ئاینی زیاتر زانیاریت هەبوو ، من هەرجارێک هاتبمە خزمەتت دنیایەک زانیاریم لەسەر وردو درشتی بەسەرهات وڕووداوو مێژووی ئاینەکان و حزبەکان و سیاسەت بەگشتی لەتۆ فێر بووم ، هەرقسەیەک کەدەتکرد بۆمن مایەی سەرسامی و پرسیارێکی گەورەبوو ، باسی هەرکایەو مێژوو چەمکێکی ڕابردووت بۆدەکردم دەبوایە من بۆ وەڵام وەرگرتنەوەی لەنێو کتێبە پڕماناکان بەدوایدا بگەڕێم ، ماوەیەک بەرلەئێستا خاتوو شوکریەی هاوسەری ئازیزت کۆچی دوایی کردو من لەمەراسیمی بەخاک سپاردنی قسەم کردو لەوئ زانیم ئەو کۆچە چ ژان و برینە چ ئازارێکی خستە دڵ ودەروونت ، زانیم ئەوکۆچە چۆن بە وێنەی هەڵۆیەکی پەڕوباڵ وەریوی پێ بەخشیبووی ، بەڵام لێم ببورە هەزار حەیف بەحوکمی دووری و سەرووری ئیرادەی خۆم نەمتوانی لەمەراسیمی دوا ماڵئاواییت بەشدار بم ، ماڵئاوا مام ومامۆستا عەباس خەلیفە

ماڵئاوا پاڵەوانی داستانە چینایەتیەکان و پێشمەرگەی قۆناغە سەختەکان وڕێبواری ماندوو نەناس ، دەزانم زۆر قسەت مابوو بیکەی ، زۆربەی هیواو خەون وئامانجەکانت نەهاتنەدی ، دەزانم کۆچی سەختی شوکریەی هاوسەرت . ناعەدالەتی وگەندەڵی برا ویژدان مردوەکان دڵی تۆشی شکاندو هەر بەو دڵشکاویەش دوا ماڵئاواییت کرد ، دڵنیام لەویژدانی زیندووی مێژوو تۆ تاهەتایە ناوێکی درەوشاوەی، تۆ هەردەم شکۆی قەرەچوغ و بۆقوتابیانی قوتابخانەی جوانیش تامێژوو هەبێت مامۆستاو وانەی.

برازات

زیرەک کەمال

  • 1