ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 

٭وتەی بەرایی:

 (مەلا ئاوات)؛ مامۆستا و کادیری سیاسی و پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی (ی . ن . ک) و بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و دواجار خانەنشین.. بەڵام بەڕێز مەلا ئاوات خانەنشینی ڕەتدەکاتەوە و بەردەوام  لە بواری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکە، مەجلیسخۆش و ئەدەبدۆست و ئامادەی کۆڕە ڕۆشنبیرییەکانە و کتێبپەروەرە و خاوەن کتێبخانەی تایبەتە لە ماڵەوە.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا:

 ــ ناوی تەواوی: ئەبوبەکر عوسمان زێندین دیبەگەیی.

 باوکی (عوسمان زێندین) لە ساڵی 1907 لە دیبەگە لە دایکبووە و لە ساڵی 1990 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە.

 دایکی (سوڵتان ئەحمەد مەحمود) لە ساڵی 1917 لە گوندی بەحرکە لە دایکبووە و لە ساڵی 2014 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە.

 ــ  (مەلا ئاوات)یش لە ساڵی 1952 لە شارەدێی دیبەگە سەر بە کەندێناوە و مەخموور، لە باوەشی خێزانێکی جوتیاری مامناوەند چاوی بۆ دنیا هەڵێناوە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1957-1958) لە قوتابخانەی دیبەگەی سەرەتایی بۆ یەکەمجار چۆتە بەر خوێندن .

 ــ مامۆستا مەلا ئاوات لە بارەی ڕەوتی خوێندنی لە هەردوو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیدا بۆی ڕوونکردووینەتەوە و دەفەرموێ: "هەر ئەو ساڵەی چوومە قوتابخانە دووچاری هەوکردنی پەنجەی گەورەی دەستی چەپم بووم کە پێیاندەگوت: (بەفرە شینە)، بۆیە ساڵانی خوێندنم بچڕ پچڕ بووە لەبەر ئازاری پەنجەم. کاریگەریی لەسەر ئاستی زیرەکیم کردبوو، بناغەی خوێندنی سەرەتاییم لە ئاستێکی باش نەبوو. لە پۆلی چوارەم و پێنجەمی سەرەتایی دەرنەچووم و مامەوە، ئەو کاریگەرییە نەبووە هاندەری پەرۆشیم لەسەر خوێندن، تاکو ساڵی 1971 بوومە سەرباز، پێش ئەوەی پۆلی سێی ناوەندی تەواوبکەم . نزیک دوو ساڵ سەربازیم کرد. لە ساڵی 1974 بە تاقیکردنەوەی دەرەکی پۆلی سێی ناوەندیم تەواوکرد.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1974-1975) لە خانەی مامۆستایانی دهۆک وەرگیرام. بۆ ساڵی دووەمی خوێندن گەڕامەوە بۆ شاری هەولێر، چونکە خانەی مامۆستایان لە هەولێر کرایەوە" ..

 ــ مامۆستا ئەبوبەکر لەگەڵ مامۆستا نورەدینی برای لە ساڵی (1976-1977) بەیەکەوە خانەی مامۆستایانیان تەواوکردووە.

٭ خەباتی مامۆستا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا:

 مامۆستا ئەبوبەکر عوسمان زێندین بۆ یەکەمجار لە ڕێکەوتی 24-11-1977 بە مامۆستا لە قوتابخانەی (سێلکێ)ی سەرەتایی لە ناوچەی (مزووری)ان سەر بە شارەدێی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆر دامەزراوە.

 مامۆستا ئەبوبەکر لەگەڵ مامۆستا نورەدینی برای بەیەکەوە خانەی مامۆستایانیان تەواوکردووە و بەیەکەوەش وەکو مامۆستا لە گوندی سێلکێ دامەزراون. تەنیا ساڵێک لەم گوندە ماونەتەوە، ڕژێمی ڕەفتار فاشیستی بەعس لە چوارچێوەی سڕینەوەی گوندەکان و ڕاگواستنی دانیشتووانیان بۆ کۆمەڵگەکانی نزیک شارەکان، کە هەر لە ساڵی 1977 دەستی بەم پرۆسەیە کرد، دانیشتووانی ناوچەی مزووریان لە ساڵی 1978 ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی (قوشتەپە) و (بەحرکە) و (هەریر)، بەم هۆیە مامۆستا ئەبو بەکریش گوازرایەوە بۆ قوتابخانەی گوندی کەڵێتەی بناری چیای کارۆخ لە قەزای ڕواندز. لە هەردوو ساڵی خوێندنی (1978-1979) و (1979-1980) لە گوندی کەڵێتە ماوەتەوە، لەو دوو ساڵەدا سەرەڕای دەوامی بەیانیانی لە قوتابخانەدا، ئێواران بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆ شوان و بەرخەوان و جوتیار و ڕەزەوانی گوندەکە کردۆتەوە و فێرە خوێندەواریی کردوون، تەنانەت مامۆستا لە ماوەی پشووی هاوینیشدا نەگەڕاوەتەوە بۆ هەولێر، بەڵکو  لەگەڵ خوێندکارەکانی لە بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەواری، چۆتە کوێستانێ و بەردەوامبووە لە فێرکردنیان. کە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بەمەی زانیوە، ئاگاداری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی هەولێری کردۆتەوە و ئەمانیش ئاگاداری سەندیکای مامۆستایانیان کردۆتەوە، لەلایەن سەندیکا (10) مامۆستا لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر  دەستنیشانکراون خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێشکەشبکرێت، مامۆستا (ئەبوبەکر عوسمان)ی دڵسۆز و لەخۆبوردوو یەکەمین کەس بووە لەناو ئەم  دە مامۆستایەدا، کە خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەشکراوە.

 لە هەڵوێستێکی جوامێرانەی دیی مامۆستا لەو کاتدا، بە بڕیاری قائمقامی ڕواندز بەهۆی چالاکییەکانی پێشمەرگە، قوتابخانەکانی گوندەکانی ئەم ناوچەیە داخراون و مامۆستاکانیان لە قوتابخانەکانی ناو شاری ڕواندز تەنسیبکردوون، تەنیا مامۆستا ئەبوبەکر قوتابخانەی کەڵێتەی دانەخستووە و پابەندی بڕیارەکە نەبووە. بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی قائمقام، هەردوو فەرمانبەری کوردپەروەر لە بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی هەولێر (کاک نعمت عەبدوڵلا و کاک سوپەر جەلال بەگ) هاوکاری مامۆستا ئەبوبەکر عوسمانیان کردووە، لەهەمان کاتدا قائمقامە شۆڤینییەکەی ڕواندزیش نەقلبووە و قائمقامێکی دی بە ناوی (جەمیل هەمزە کاکەشین) هاتۆتە شوێنی، ئەم قائمقامە  هەڵوێستی باش بووە بڕیاری داخستنی قوتابخانەی گوندەکانی هەڵوەشاندۆتەوە.  پاش دەستپێکردنی شەڕی (عێراق ئێران 1980-1988) مامۆستا ئەبو بەکر  بۆ قوتابخانەی گوندی سەرنەوس لە دۆڵی خانەقای قەزای ڕواندز گوازراوەتەوە و لە هەردوو ساڵی (1980-1981) و (1981-1982) لەو گوندە ماوەتەوە، پاشان بۆ قوتابخانەی (گوندی ئاڵانە)ی سەر بە شارەدێی خەلیفان گوازراوەتەوە.

 مامۆستا ئەبوبەکر لە هەردوو ساڵی خوێندنی (1982-1983) و (1983-1984) سبەینان لە قوتابخانەی ئالانە وانەی دەگوتەوە، پاش نیوەڕۆکەشی دەچوو لەگوندی (ڕماڕێژ) قوتابخانەکەی ئاوەدان دەکردەوە، چونکە مامۆستاکانی گوازرابوونەوە و بێ مامۆستا مابوونەوە، ویژدانی مامۆستا ئەبوبەکری دڵسۆز ئەوەی پێ قبووڵنەدەکرا منداڵە چاوگەشەکانی ئەم گوندە ساڵێک خوێندنیان بفەوتێت.

 مامۆستا ئەبوبەکر لە ساڵی خوێندنی (1984-1985) بۆ قوتابخانەی گوندی (توتمەرە)ی دۆڵی ئالانە گوازراوەتەوە. لە ساڵی (1985-1986) بۆ سەنتەری خەلیفان گوازراوەتەوە، بەڵام ڕێکخراوی حزبی بەعس و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم لە خەلیفان زۆر بوون، ئەم شوێنە بۆ مامۆستا ئەبوبەکری گەنجی کوردپەروەری چالاک کەڵکی نەبوو، بۆیە بە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی گوتووە، من گەدەم تەواو نییە لە خەلیفان ناتوانم خۆم لە سەرمایێ بپارێزم، نەقڵی گوندێکم بکە، لە گوندی سۆبەی داران بەکاردەهێنین و سەرمام نابێت! بۆیە بمنێرە شوێنی مامۆستایەکی کە داوای سەنتەری خەلیفان دەکات! بەمجۆرە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دەیگوازێتەوە بۆ گوندی (دەربەندۆک)ی پشت (سرێشمە). ساڵی (1985-1986)ی لەو گوندەی سوورچیان ژیانی بەسەر بردووە. هەر لەو گوندەی بووە کە فەرمانی دەستگیرکردنی لە لایەن دەزگای ئیستخباراتی ڕژێم بۆ دەرچووە، بەڵام مامۆستای دڵسۆز و چالاک بەهاوکاری خەڵکی بەوەفا و بەغیرەتی گوندەکە، خۆی نەداوەتە دەست و ڕزگار دەبێت و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و تاکو ڕاپەڕینی بەهاری 1991 لە ڕیزەکانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەکەیدا خەباتی کردووە.

 لە دوای ڕاپەڕین مامۆستا ئەبوبەکر گەڕاوەتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی و لە (قوتابخانەی ڕێژنە)ی سەرەتایی تێکەڵاو لە سەنتەری شاری هەولێر لە بواری پەروەردە و فێرکردن دەستبەکار بۆتەوە.

 لە دوای ڕووداوەکانی (31ی ئابی 1996) مامۆستا بەهۆی سیاسی لە ڕانیە گیرساوەتەوە، لەوێ لە (قوتابخانەی کێوەڕەش) دەستبەکاربووە تا گەڕانەوەی بۆ شاری هەولێر لە ساڵی 2003.

 مامۆستا ئەبوبەکری زانستخواز لە ساڵی خوێندنی (2004-2005) بە مۆڵەتی خوێندن لە بەشی مێژووی زانکۆی کۆیە وەکو خوێندکار وەرگیراوە. لە ساڵی (2007-2008) بەسەرکەوتوویی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری مێژوو بەدەستهێناوە.

 لە ساڵی 2009  بە بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان  دامەزراوە.

 لە ساڵی2018 دوای ئەوەی 9 ساڵ لە بواری خزمەتکردن و پاراستنی شوێنەوارەکانی کوردستان خزمەتی کردووە، خانەنشینکرا.

٭خەباتی سیاسی و باری کۆمەڵایەتی:

 مامۆستا ئەبوبەکر عوسمان زێندین ناسراو بە مەلا ئاوات، وەکو کوردێکی ڕەگوڕیشە چینایەتی جوتیاری چەوساوەی ناوچەی کەندێناوە، هەر لە تەمەنی زووی لاوییەوە هەستی چینایەتی و نەتەوەیی لا گەڵاڵە بووە و هەمیشە لە دژی چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەییدا وەستاوە، بۆیە هەرزوو کەوتۆتە ژێر کاریگەریی بیروباوەڕی مارکسی لینینی، بەڵام نەبۆتە شیوعی، بەڵکو  خۆی لەناو ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان دیوەتەوە. ئەو کۆمەڵەیەی لە سەرەتای حەفتاکاندا دامەزراوە و لە سەرەتای هەشتاکانیشدا ناوی گۆڕا بۆ (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) و لاباڵێکی بەهێزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو. مەلا ئاوات  لە ساڵانی کۆتایی هەشتاکانیشدا پێشمەرگەی (ئاڵای شۆڕش) بوو کە لە دوای ڕاپەڕین لە نەوەتەکان تێکەڵ بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوونەوە. مامۆستا بێ پچڕان هەر لە حەفتاکانەوە تاکو ئێستا چ لە شار و لادێکان وەکو مامۆستا و کادیری حزبی، چ لە شاخ وەکو پێشمەرگە بەگوێرەی توانا و قەناعەتی خۆی، بە ڕۆشنبیری سیاسی خۆی، بە ئازایەتی و کۆڵنەدان و کەسایەتی خۆی لە کاروانی خەباتدا بەردەوامە.

 مەلا ئاوات خۆی دەڵێ: "لە خەباتی نەتەوایەتی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیدا باوەڕم بەسەر مەشقی فەلسەفەی زەحمەتکێشان و ڕەش و ڕووت هەبوو، باوەڕم بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی بنەمای دیموکراسی لە بەڕێوەبردنی کار و ئیدارە بە لەبەرچاوگرتنی مافی مرۆڤ بەتین و نەگۆڕ بووە" .

 ڕووێکی جوانی دیی مەلائاوات، پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیەتی، بەتایبەتی لە دوای خانەنشینبوونی لە وەزیفە، دەیبینین وەکو کەسایەتییەکی بەڕێز و خۆشەویست و بە گفتوگۆ لە جموجۆڵ ناوەستێ و ناسراوە. کەمتەرخەمی ناکات لە سەردانی هەڤاڵانی، خزم و برادەرانی، بەتایبەتی لەکاتی نەخۆشکەوتنیاندا. هەروەها هەمیشە لە پرسەی خزم و برادەر و هەڤاڵانیدا ئامادەیە. ئەوەی سەرنجمداوە  لە کۆڕ و کۆبوونەوە ڕۆشنبیرییەکانیشدا ئامادەیە.

 ٭ پوختەیەک لە ژیانی سیاسی:

 مەلا ئاوات هەر لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی بەهۆی بەڕێز ئەرسەلان بایز و شەهید جەمیل ڕەنجبەر لە ساڵی 1967 چۆتە ڕیزی یەکێتی قوتابییانی کوردستان سەر بە باڵی م. س پارتی (جەلالی) لە هەولێر و دیبەگە و مەخمور چالاکی نواندووە تاکو دەرچوونی بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 کە دوای ئەم ڕووداوە مێژووییە، لە 10ی شوباتی1971 هەردوو باڵی پارتی (مەلایی و جەلالی) لەژێر سەرکردایەتی ڕەحمەتی مەلا مستەفا بارزانی یەکیانگرتەوە. ئاشکرایە کە ئەم یەکگرتنەوەیەش تاسەر بەردەوام نەبوو! بەڵام مەلا ئاوات لەسەر خەباتی کوردایەتی و بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازی خۆی بەردەوام بوو.

 مامۆستا لە نیوەی دووەمی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا  ئاشنایەتی لەگەڵ کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستانی پەیدا کردووە، کە بە مامۆستاش لە گوندە دوورەدەستەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر دامەزراوە، لە تەک ئەرکی پەروەردەوفێرکردندا هەمیشە هەڵگری پەیامی کوردایەتی شۆڕشخواز بووە.

 مامۆستا مەلا ئاوات دەفەرموێ: "ئەو هەموو ساڵانەی کە مامۆستا بووم بێجگە لە پەروەردە و فێرکردنی خوێندکاران، شەوانیش گەنج و جوامێرەکانی گوندم داوەتی لای خۆم دەکردن و ئەو پەرتووکانەی لە ئاستی ئەوان و جێی سەرنجی ئەوانم بۆ دەخوێندنەوە، وەک خولێکی وشیاری ئاشنام دەکردن بە بابەتەکانی هەنووکەیی" ..

 هەروەها مامۆستا مەلا ئاوات بۆی نووسیوم و دەڵێ: "کە لە ناوچە ئازادکراوەکاندا مامۆستا بووم، دوور لە چاوی نەیار و ڕژێمی بەعسی شۆڤینی عەرەب، هەمیشە کەسانی ڕاوەدوونراوم لای خۆم داڵدە دەدا تاکو دەرفەتی دەربازبوونیان بۆ دەڕەخسا"..

 مامۆستا بەهۆی هەڵوێستەکانی و چالاکی سیاسی لە بەهاری 1986 بڕیاری دەستگیرکردنی لە لایەن دەزگای ئیستخباڕاتی ڕژێمی بەعس بۆ دەرچووە، بە ڕێکەوت نەکەوتۆتە ناو داوی دوژمن و بە هاوکاری دڵسۆزانی ئەو گوندەی لێی مامۆستا بووە، دەرباز بووە و خەباتی گواستۆتەوە بۆ شاخ و بۆتە پێشمەرگە تاکو ڕاپەڕینی بەهاری 1991.

 مامۆستا جگە لە خەباتی حزبی و سیاسی و پێشمەرگایەتی، لە شاخ و لە شار لە بارودۆخی نهێنی و ئاشکرادا لە خەباتی پیشەیی (یەکێتی مامۆستایانی کوردستان)یشدا بەشداربووە. دوای ڕاپەڕین کە هەڵبژاردنی گشتی مامۆستایان لە نیسانی 1992 ئەنجامدرا و دوایی لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا کە نۆیەمین کۆنگرەی یەکگرتووی مامۆستایان لە هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، مامۆستا مەلا ئاوات بە ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەت هەڵبژێردرا و ماوەیەک بەرپرسی پەیوەندییەکان بوو لە مەکتەبی سکرتاریەت. بەر لەوەی لە دوو هەزارەکانیش  ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چەند شوێنی جیاجیادا لێپرسراوی یەکەمی کۆمیتەی ڕێکخستن بووە، لە چەند مەڵبەندێکیش کارگێڕی مەڵبەندی ڕێکخستن بووە. هەڤاڵ مەلا ئاوات تاکو ئێستا لە ڕیزەکانی یەکێتی لە کاروانی خەباتدا بەردەوامە.

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

 مەلا ئاوات دوو جار هاوسەرگیری کردووە، یەکەمجار لە ساڵی 1978 لەگەڵ خاتو ئامینە حەمەدەمین حوسێن، لە دایکبووی 1947 ەو خەڵکی گوندی دێمەکاری بناری چیای قەرەچووغە.

 لە ئامینە خانی دوو کچ و کوڕێکیان هەیە:

1- ئاوات،1980، تاکو پۆلی هەشتی بنەڕەتی خوێندووە، بەهۆی بارودۆخی سیاسی نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات.

 2- ڕەنجدەر،1982، موقەدەمی پۆلیسە لە وەزارەتی ناوخۆ دەوام دەکات. هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانیاری پۆلیس و یاسا. هەروەها خاوەن بڕوانامەی دبلۆمیشە لە ژمێریاری.

 3- ئاشتی،1984، دەرچووی ئامادەییە و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار فەرمانبەرە.

 مەلا ئاوات دووەم جار هاسەرگیری لەگەڵ خاتوو حەسیبە عەبدوڵلا قادر ئەنجامداوە، حەسیبەخان لە دایکبووی 1967 ەو خەڵکی گوندی سەیدانی بەڕانەتییە. هەردوو خێزانی مامۆستا مەلا ئاوات کابانی ماڵن.

 حەسیبە خانیش کوڕ و کچێکی بووە:

 1- ڕەنوو،2003، قوتابییە لە قۆناغی سێیەمی کۆلێجی دەرمانسازی.

 2- ئاڵا،2005، خوێندکاری پۆلی 12ی ئامادەییە.

 مامۆستا مەلا ئاوات دەربارەی هەردوو هاوسەری بۆی نووسیوم و دەڵێ: "هاوسەری یەکەمم لە ڕۆژە سەختەکانی ئاخر و ئۆخری حەفتاکان و لە هەشتاکاندا تاکو ڕاپەڕینی 1991 زۆر ئێش و ئازار و شەونخوونی و دڵەڕاوکێ و ترس و بارودۆخی نالەباری بەهۆی منەوە دیوە، هاوشانم بووە لە قوربانیدان و هاوچارەنووسم بووە.

 هاوسەری دووەمیشم پاش ڕاپەڕین هاوشانم بووە لە خەبات و تێکۆشان و هەوراز و نشێو و ئاوارەبوون، لێم دانەبڕاوە.

 خۆم بە قەرزاری هەردووکیان دەزانم کە چارەنووسیان بەمن بەستاوەتەوە . هەردووکیان بە یەکەوە دەژین و هیچ کێشەیەکیان نییە.

 ئێمەش لە کۆتاییدا هیوای تەمەندرێژی بۆ مامۆستا مەلا ئاوات و هەردوو هاوسەر و منداڵە بەڕێزەکانیان دەخوازین.

 تێبینی: سەرچاوەی ژیاننامەکە دوو ڕاپۆرتی بەڕێز مەلا ئاواتە تایبەت بۆ ئێمەی نووسیوە، هەروەها ناسیاوی خۆم لە نزیکەوە لەگەڵ ئەم مامۆستا تێکۆشەرە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا