مرۆڤ و پەروەردە
بەشی شازدە
ڕۆلى خێزان و قوتابخانە لە کەمکردنەوە و بنبڕکردنى توندوتیژیدا:
توندوتیژى دیاردەیەکى جیهانییە، تایبەت نییە بە گەل و وڵات و نەتەوە و چین و توێژێکى دیاریکراو. لە دواکەوتووترین وڵات تا پێشکەوتووترین و شارستانیترین وڵات و کۆمەڵگە، کەم یان زۆر، توندوتیژى تێیاندا هەر ڕوو دەدات. مێژووى توندوتیژى و سەرهەڵدانى بۆ یەکەمین جار، بۆ سەرەتاکانى ژیانکردن لەسەر ئەم هەسارەیە دەگەڕێتەوە. دەکرێ بڵێین توندوتیژى کردارێکى مرۆڤکردە، لەلایەن کەسێک یان کۆمەڵە کەسێکەوە ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستى زیانپێگەیاندن و ئازار و ئەشکەنجەدانى جەستەیی یان دەروونى کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک. هەندێک جار کەسێک توندوتیژی لە دژی خۆیشی دەکات. هەندێک جاریش توندوتیژییەکە لە دژی مرۆڤ نییە، بەڵکو خۆی لە شکاندن و ڕووخاندن و تێکدانی کەرەستە و کەلوپەلە ماددییەکان دەبینێتەوە.
بە هەر کردەوەیەکى تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕى و شکاندن و وێرانکردن و ئازاردان و ئێشاندن دەگوترێ توندوتیژى. توندوتیژى تەنها لێدان و ئازاردانى جەستەیی نییە، هەڕەشەکردن و جوێندان و سووکایەتیپێکردن و ڕێزلێنەگرتن و بێبەشکردن، ئەمانە هەمووى دەچنە خانەى توندوتیژییەوە. توندوتیژى جۆرى زۆرە، وەک: توندوتیژى جەستەیی، کە بە زۆر شێوە ئەنجام دەدرێت. وەک: لێدان و بریندارکردن و شکاندن و سووتاندن و داخکردن و گرێدان و برسیکردن، تا دەگاتە لوتکەى توندوتیژى، کە کوشتنە. جۆرێکى دیکەى توندوتیژى بریتییە لە توندوتیژى دەروونى، کە کاریگەرى و شوێنەوارى زۆر خراپ لەسەر کەسایەتى مرۆڤ جێ دەهێڵێت. ئەویش بە چەند شێوەیەک ئەنجام دەدرێت، وەک: قسەپێگوتن و سووکایەتیپێکردن و گەف و هەڕەشەلێکردن و چاولێسوورکردنەوە و بێبەشکردن لە سۆز و خۆشەویستى و بەشداریپێنەکردن و بەسووکسەیرکردن و هەر کردار و ڕەفتارێک ببێتە مایەى ئازاردانى دڵ و دەروون و شکاندنى کەرامەت و کەسایەتى مرۆڤ.
جۆرێکى دیکەى توندوتیژى، توندوتیژى ماددییە. ئەمەش بە چەند شێوەیەک ئەنجام دەدرێت، وەک: بێبەشکردن لە مافە داراییەکان و ئابلۆقەدان و نانبڕین و مافخواردن و بێبەشکردن لە کار و پیشە و دەوام. جگە لەمانەى کە باسمان کرد، زۆر جۆرى دیکەى توندوتیژى هەن، نامەوێ لێرەدا باسى هەموویان بکەم. وەک: توندوتیژى سیاسى، توندوتیژى کۆمەڵایەتى، توندوتیژى ئایینى، توندوتیژى ڕاگەیاندن، توندوتیژى وەرزشى...هتد.
دەبێ جیاوازى بکەین لەنێوان توندوتیژى و هەراسانکردن. ئاماژەمان بە توندوتیژى دا، پێناسەمان کرد و چەندجۆرێکیشمان باس کرد، بەڵام پێویستە بزانین هەراسانکردن چییە.
هەراسانکردن: بە هەموو کردارێکى توندوتیژئامێز دەگوترێت، جا چ توندوتیژى جەستەیی بێت یان توندوتیژى دەروونى، بە مەرجێک ئەو کردارە دووبارەبوونەوە و بەردەوامى هەبێت و لایەنى هەراسانکراو تووشى کێشەى دەروونى و جەستەیی و کۆمەڵایەتى بکاتەوە و هەراسانکەریش بە مەبەست ئەم کارە بکات. توندوتیژى و هەراسانکردن دوو کردارى لێک جیاوازن. دەکرێ جارێک لە جاران، ڕۆژێک لە ڕۆژان، کەسێک لەکاتى تووڕەیی و هەڵچوونێکى لەناکاو، پەرچەکردارێک یان ڕەفتارێکى توندوتیژ بەرانبەر کەسێک بنوێنێ، ئەم ڕەفتارەش ئەگەر دووبارەبوونەوە و بەردەوامى نەبێت، ناچێتە خانەى هەراسانکردنەوە، بەڵکو تەنها توندوتیژییە. بەپێی زانست و پسپۆری و بوارەجیاوازەکانەوە، پێناسەی جیاواز بۆ چەمکی توندوتیژی دەکرێت. کۆمەڵناسەکان بەجۆرێک پێناسەی بۆ دەکەن، دەروونناسەکان بەجۆرێکی تر. سیاسییەکان بەشێوەیەک پێناسەی بۆ دەکەن، یاساییەکان بە چەشنێکی تر. لەڕووی ئایینییەوە هەریەکەو لە ڕوانگەی خۆی و باوەڕەکەی پێناسەی بۆ دەکات. یاریزانان و وەرزشکاران لە جیهانبینی خۆیانەوە پێناسەی بۆ دەکەن. ئەوەی بەلای منەوە توندوتیژییە، ڕەنگە بەلای کەسێکی دیکەوە زۆرئاسایی بێت. ئەو ڕەفتار و دەربڕینانەی لە کۆمەڵگەی ئێمە بە توندوتیژی هەژماردەکرێن، مەرج نییە لە هەموو کۆمەڵگە و وڵاتێک بە توندوتیژی دابنرێن. لەبەرئەوە ناکرێ تەنها یەک پێناسە بۆ چەمکی توندوتیژی دابڕێژین.
هەر چەندە نەهێشتن و ڕیشەکێشکردنى توندوتیژى، تەنها ئەرکى خێزان و قوتابخانەکان نییە، ئەرکى ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و نووسەر و ڕۆشنبیران و حیزب و دەسەڵاتى سیاسى و حکوومەت و تاک بە تاکى کۆمەڵگەیە، بەڵام مەبەستى سەرەکى ئێمە لەم باسەدا ئەمەیە، لەڕێگەى خێزان و قوتابخانەکانەوە هەوڵى کەمکردنەوە و نەهێشتنى توندوتیژییەکان بدەین، ڕەفتارە ناڕێک و ناپەسند و دزێوەکان، ئەگەر نەشتوانین بنبڕیان بکەین، هەر هیچ نەبێ کەمتریان بکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرەتا پێویستە هۆکارى توندوتیژییەکان دیارى بکەین، چونکە تا هۆکار و سەرچاوەى کێشە و توندوتیژییەکان نەزانین، ناتوانین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.