ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی

پرۆسەی خوێندنی هەر وڵاتێک کاریگەری بنەمایی هەیە لە پەروەردەی نەوەکان و داهاتووی وڵات. بۆیە ئەو دەستەڵاتە سیاسییانەی کە دەیانەوێت وڵات بەرەو پێشەوە ببەن، هەر لەسەرەتای بەدەستگرتنی دەستەڵات گرنگی بە پرۆسەی پەروەردە دەدەن.

ڕاستە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا هەندێ گۆڕانکاری ئەرێنی بەسەر سیستەمی پەروەردە هاتووە، لەوانە ئەمساڵ ڕاگەیاندنی یەکەمەکانی پۆلی نۆ و دوانزە وەستێنرا. بۆ ئەم بڕیارە گرنگ بوو؟ لەم ڕاگەیاندنە قوتابی دەکرێت بەکاڵای ڕێکڵامی بۆ قوتابخانەکان بە تایبەتی بۆ قوتابخانە ناحکومییەکان.

لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا  تا پۆلی شەشی سەرەتایی تاقیکردنەوە و نمرە دانان نییە، بەڵکو هەڵسەنگاندنی قوتابی دەکرێت، بەپێی ئەو ئاست و پلانەی کە دەزگە پەروەردەییەکان دایان ناوە.

لە کوردستاندا بەپێی بڕیاری وەزارەت بازنەی یەکەم  تەنیا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، بەڵام هیچ پێوەرێک بۆ ئەو هەڵسەنگاندنە دانەنراوە، بۆیە لە زۆربەی قوتابخانەکان بە تایبەتی ئەهلییەکان تاقیکردنەوە لەسەر تاقیکردنەوە بە منداڵەکانی دەکەن. جا ئەم مۆتەکە و دڵەڕاوکێیە، هەر لەو کاتەوە لە دەروونی منداڵەکاندا دروست دەبێت، ساڵ لە دوای ساڵ گەورەتر دەبێت و دەیان قوتابی لە پۆلی دوانزە دەبێتە قوربانی ئەم مۆتەکەکەی کە تەمەنی دوانزە ساڵە و لە ئەنجامدا ژیانی دەیان قوتابی یان تەندروستی دەروونی و جەستەیی دەبنە قوربانی.

لێرەدا دەمەوێت چەند خاڵێک دیاری بکەم، سەبارەت بە کاریگەری دڵەڕاوکیی تاقیکردنەوەکان  بە شێوەیەکی گشتی لەسەر قوتابی:

کاریگەرییە شاراوەکان

دروستبوونی دڵەڕاوکێ، نیگەرانی، و کێشەی خەوتن - ئەمانە تەنها چەند نیشانەیەک لەو کاریگەری قووڵەی کە تاقیکردنەوەکان لەسەر باری دەروونی قوتابییان دەیهێڵن، ئاماژەکانی نوێ نیشان دەدەن کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵان بەرچاوترە لەوەی کە پێشتر پێمان وابوو. ساڵانە بەداخەوە دەیبیستین کە ژمارەیەک قوتابی پاش تاقیکردنەوەکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان قوتابی هەیە کە کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت، یان پێش تاقیکردنەوەکان ئەم کارە دڵتەزێنە ئەنجامدەدات.   دەبێت فشارە دەروونییەکان چەند گران بێت تا مرۆڤێک بڕیاری وا بدات.

لە ڕاستیدا هیچ ئامارێکی وام لە کوردستان  دەست نەکەوت لەم بوارەدا بۆیە پشت بە ئامارێک دەبەستم  کە لە ئەمەریکا کراوە.

لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ڕاپۆرتی تەندروستی دەروونی قوتابییان ئامارێکی ترسناکی ئاشکرا کرد. ٩٤% لە قوتابییانی کۆلێژی ئەمریکایی هەست بە سەرقاڵی زۆر دەکەن لەبەر خوێندنەکانیان، لە کاتێکدا ٧٥% لە قوتابییانی ئامادەیی و ٥٠% لە قوتابییانی ناوەندی بەردەوام هەست بە فشار دەکەن لەبەر بارگرانی دەروونی.

بەپێی ٨٢% لە مامۆستایان، تاقیکردنەوە زۆرترین کاریگەری نەرێنییان لەسەر تەندروستی دەروونی قوتابییان هەیە. لەگەڵ ئەوەی ٥٦.٩% لە قوتابییانی کۆلێژ دەڵێن کە زانکۆکانیان یان کۆلێژەکانیان گرنگی بە تەندروستی دەروونی دەدەن.

هەر بەپێی ئەم ئامارانە ٤٤٪ لە قوتابییانی کۆلێژ نیشانەی پەشیمانی دەردەخەن. ٤١ % نیشانەی دڵەڕاوکێ دەردەخەن%. ٥٧ لە قوتابی کچان هەست بە دڵەڕاوکێی زۆر دەکەن بە بەراورد لەگەڵ ٤٠% لە قوتابی کوڕان

کاریگەری جەستەیی

تاقیکردنەوەکان تەنها کاریگەری دەروونییان نییە، بەڵکو جەستەشیان دەگرێتەوە. قوتابییان ڕاپۆرت لە ئەمانە دەدەن: ئێشی سەر و گرفتی  گەدە، کێشەی کەمخەوی و هەست بە ماندووکردن، گۆڕانی ئارەزووی خواردن و هەست بە برسی نەبوون. بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ کە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە دەکات

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە:

سەرقاڵبوونی زۆر بە خوێندنەوە، تەنانەت لە پشووی هاویندا قوتابییانی پۆلی نۆ و  دوانزە سەرقاڵی خوێندنن لە کاتێکدا کە جەستە و دەروون پێوسیتی بە پشووە. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەکان و دابڕان لە دۆست و هاوڕێیان، لە کاتێکدا ئەم پەیوەندییە بۆ گەشەی دەروون و ئارامی گرنگە.

 

فشاری خێزان و کۆمەڵگە: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ فشاری دایکان و باوکان کە چاوەڕوانی نمرەی زۆر بەرزیان لە منداڵەکانیان هەیە. ئەم فشارە دەروونییە دەبێتە هۆی ئەوەی قوتابی لە ترسی شکستهێنان تووشی دڵەڕاوکێ بێت یان ئەو منداڵەی نمرەیەکی کەمی هێناوە دەبێتە مایەی شەرمەزاری.

نەبوونی ئامادەکاری گونجاو: نەخوێندن یان خوێندنی ناتەواو، هەروەها نەزانینی تەکنیکەکانی تاقیکردنەوە، دەبێتە هۆی زیادبوونی نیگەرانی لە کاتی تاقیکردنەوەدا.

سیستەمی پەروەردەیی: هەندێک جار سیستەمی پەروەردەیی تەنها گرنگی بە نمرە دەدات و ئاستی سەرکەوتنی مامۆستا بە بەدەستهێنانی نمرەی بەرز لەلایەن قوتابییانەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش گوشارێکی دەروونی دەخاتە سەر هەمووان. قەیرانی سیاسی و تەرزێکی مشەخۆر

هۆشیاری عەبدولعەزیز

یەکێک لە مەترسییە هەرەگەورەکانی سەرهەڵدانی ئاڵۆزیە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگا و گەشەکردنی توخم و ڕەگەزەکانی هەژاری و نادادپەروەری و گەندەڵی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری ، قەیرانی سیاسیە و ئەمەش لە چوارچێوە و بازنە گشتییەکەدا تایبەتمەندی و فاكتەر و هۆكاری بابەتی وتایبەت بەخۆی هەیە و پەیوەستە بەکۆڵێک ڕەهەندی مێژووی و دەرهاوێشتەی جۆراوجۆرەوە کە لە میکانیزمی پرۆسەی حوکمڕانیدا سەرهەڵدەدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا قوڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی لە مەغزاو ناوەڕۆکی خۆیدا هەڵگری جۆرێک لە مەترسییەکی کوشندەیە و هەمیشە کاریگەری نەرێنی دەبەخشێتە ئاسایش و ئارامی کۆمەڵگا و دەبێتە هۆی دواکەوتن و پاشەکشەیەکی مەترسیداری ئابوری و کۆمەڵایەتی ، بەتایبەت لە  سنورى ئەو حوکمڕانیانەدا کە دامەزراوەى نیشتیمانى هیچ سەنگ و قورسایەکی نییە و بە سووکی تەماشا دەکرێ و بەردەوام هەڕەشەی لەسەرە ، گەورەبوون و پەلڕاکێشانی هەڕەشە و مەترسییەکانیش لە پرۆسەی دەسەڵاتدارێتیدا  بازنەى قەیران و ئاڵۆزیە  ناوخۆیەکان فراوانتر دەکەن و نائومێدى و بێمتمانەیی کۆمەڵایتی و ناسەقامگیری ئابوری و بازاڕ  بەرجەستە دەبێ و دەرئەنجامی ئەوەش دۆخێکی لێکترازاوی ناهاوسەنگ و نەخوازراو بەرهەمدێ و دەوڵەت تووشی ئیفلیجی دەکات .

بۆیە دەبینی لە زۆربەی زۆری کۆمەڵگا پێشکەوتوو دامەزراوەییەکاندا کاتێک کۆمەڵگا تووشى هەر جۆرە قەیرانێکی نەخوازراو دەبێتەوە ، دەسەڵاتی سیاسی بە ڕاوێژ لەگەڵ پەرلەمان و دەزگا پەیوەندی دارەکان کار لەسەر دۆزینەوەى هۆکار و سەلماندنى کاریگەریەکان و دۆزینەوەى ڕێگە چارەکان و کاریگەریەکانى قەیرانەکان  دەکات و پێی وایە ئەم جوڵەکردنە بەشێکی گرنگە لە ڕەوتی به‌ڕێوه‌بردن، کە واتا ناسینی قەیران بە گشت ڕەهەندەکانییەوە مەرجێکی سەرەکییە و بوار دەڕەخسێنێت تا کۆمەڵگا کەمتر زەرەرمەند بێت، بەڵام ئەم تێگەیشتنە لە جەوهەری بیرکردنەوەی هێز و ڕەوتە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت عێراق و کوردستاندا جێگەناگرێت و بگرە پێچەوانە نوخبەی سیاسی و کارەکتەرە دەستڕۆیشتوەکانی حزب و حکومەت ، سەرهەڵدانی قەیرانە جۆراوجۆرەکان وەک دەرفەتێک بۆ ڕاوڕووت و خۆسەپاندن بەکاردەهێنن و، تەنها خەڵکە هەژار و پەراوێزەکە باجەکەی دەدەن ، لە بەرانبەریشدا کارەکتەرە مشەخۆرەکانی حزب و حکومەت دەکەونە ناوبازنەی دیاردە دزێوەکانی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی‌ خێرا و دەبنە خاوەن کۆمپانیا و بازاڕی سەیرسەیر کە ڕاستەوخۆ پێوه‌ندییه‌كی‌ تووندوتۆڵی‌ به‌و قەیرانە دروستکراوانەوە هه‌یه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی‌ پێشوودا، لە سایەی ئەم دەسەڵاتدارانەدا سەریهەڵداوە ، ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی‌ خێرا، درێژكراوه‌ی‌ كولتوری‌ تاڵان و بڕۆ و له‌ هه‌مان کاتدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ ڕاسته‌وخۆی‌ ئابووریی‌ حیزبییه‌، ئه‌و ته‌رزه‌ ئابورییه‌ی‌ كه‌ جگه‌ له‌ كوردستان ڕه‌نگه‌ له‌ هیچ شوێنێكی‌ دنیادا هاوتای نەبێت . 

لە شیتەڵکردنی تانوپۆکانی ئەم دیاردەیەدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ئەوەی لە کوردستاندا ڕوودەدا بەرلەوەی قەیرانی  ئابوری بازاڕبێت ، قەیرانی سیاسی و مۆراڵی دەوڵەتداریە و دەبێت  لە خودی دەسەڵاتە سیاسییەکە خۆی ورد ببینەوە. ئاخر سەرهەڵدانی قەیرانە جۆراوجۆرەکان لە کوردستاندا سەرچاوەکەی قەیرانی سیاسییە و پەیوەستە بەو تەرزە حوکمڕانییەوە کە تەنها بەرژەوەندی کەسی و حزبییان بەلاوە گرنگە و ئەوەشی ڕوودەدا لە دەرەوەی ڕەهەندە ئابوورییەکانەوە کار دەکات و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووریی کوردستان نییە، وەک ئەوەی لە هەندێ وڵاتدا دەبینرێ ، بۆیە ئەوەی لێرە ڕوودەدا  جگە لە ماندووکردنی هاووڵاتیان و تێکشکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگا و خوڵقاندنی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و سیاسی ، هۆکارێکی مەترسیدارە لە شکاندنەوەی پڕۆژە نەتەوەییەکان و ئەو توانا مرۆییەی کە دەیەوێ کۆمەڵگا بەئاراستەیەکی ڕاستدا بەرێ ، تۆخکردنەوەی ئەو دۆخە قەیراناویەش بۆخۆی دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو تەرزە دەسەڵاتدارە مشەخۆرە و لە ڕێگەی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و مۆنۆپۆلکردنی بازاڕ و بازرگانی حیزب و بوونی ئاسانکاریی یاسایی و نەبوونی چاودێرییەکی کاریگەرەوە بوونە خاوەنی سەرمایە و کۆنترۆڵکردنی داهاتی گشتی و ئەمەش قۆناغی هاتنەکایەی قەیرانە سیاسیەکەی قوڵتر کردۆتەوە و بووەتە فاکتەری سەرهەڵدانی جۆرێک لە پەشێوی سیاسی .

کاتێک ئەم پەشێویەش ڕوودەدا خۆی لەخۆیدا تێڕوانینی هاووڵاتیان سەبارەت بە سیستمی سیاسی دەگۆڕێت و لە ئاکامدا بە سیستەمی سیاسی حوکمڕان بە سیستەمێکی ناڕەوا و ستەمکار لەقەڵەم دەدرێ و ئەمەش وادەکات  وردە وردە هاووڵاتی پشت لە هاوکاری و هەماهەنگی دەسەڵاتی سیاسی بکات ، وەک ئەوەی لە ڕووداو حاڵەتە گشتیەکەدا دەبینرێ و خەڵک بەچاوی نەیار و دژ دەڕوانێتە حکومەت و بڕواو متمانەی پێناکات و سەبر سەبر خۆی لەو خۆبەخاوەنکردنەی ئەزموونە سیاسیەکە دەدزێتەوە و بێ مەیلیی سیاسی پەرەدەستێنێت و کۆی کایە سیاسییەکە ڕووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستان ڕووبەڕووی بووینەتەوە .

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا