
رێواس ئەحمەد بانیخێلانی
توندوتیژی دژ بە ژنان وەک یەکێک لە بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا سەیری دەکرێت، کە هاندەری سەرەکی بووە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەرکردنی چەندین بڕیارنامەی جیهانی. مەبەستی ئەم بڕیارنامانە، دانانی بناغەیەکی یاسایی و ئەخلاقی بۆ خەبات دژی ئەم دیاردەیە و وڵاتانی ئەندام ناچار بکەن هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ نەهێشتنی ئەو پێشێلکارییانەی دەرهەق بە ژنان لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ئەنجامدەدرێت.
توندوتیژی دژ بە ژنان دیاردەیەکی جیهانییە و تەنها سنووردار نییە بە جوگرافیا یان کولتوورێکی دیاریکراو. لە کاتێکدا کە زۆرێک لە وڵاتان هەوڵی داوە یاسای ناوخۆیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە دەربکەن، بەڵام سروشتی بەربڵاو و قووڵی کێشەکە پێویستی بە هەوڵێکی نێودەوڵەتی بوو. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵێکی بنەڕەتی گێڕاوە لە ناساندنی توندوتیژی دژ بە ژنان وەک پێشێلکارییەکی گەورەی مافی مرۆڤ و دەرکردنی چەندین بڕیارنامەی کاریگەر بۆ خەباتکردن دژی.
چۆن سەیری ئەم پێشێلکارییە دەکرا؟
لە سەرەتادا، توندوتیژی دژ بە ژنان بە زۆری وەک کێشەیەکی تایبەت و ناوماڵ سەیر دەکرا و کەمتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرنگی پێدەدرا. بەڵام لەگەڵ گەشەکردنی بزووتنەوەکانی مافی ژنان و هەوڵدانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرانسەری جیهان، گوشارێکی زۆر خرایە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە وەک بابەتێکی مافی مرۆڤی جیهانی بناسێنێت. خێرایی ئەم پەرەسەندنە بووە هۆی ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسی بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی.
جاڕنامەی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ساڵی ١٩٩٣ دەرچوو، ئەمە یەکێکە لە گرنگترین بەڵگەنامەکان. هۆکاری سەرەکی دەرچوونی بریتی بوو لە دانپێدانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوەی کە توندوتیژی دژ بە ژنان تەنها کێشەیەکی تایبەت نییە، بەڵکو پێشێلکارییەکی فۆرمی مافی مرۆڤ و بەربەستێکە لەبەردەم گەشەسەندن و یەکسانیدا. ئەم جاڕنامەیە پێناسەیەکی وردی توندوتیژی دژ بە ژنان پێشکەش کرد و ئەرکی لەسەر وڵاتان دانا بۆ ئەوەی ڕێگری لێبکەن و سزای تاوانبارانی بدەن.
ئەنجامدانی کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە پەکین (1995) و پلاتفۆرمی پەکین وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی مافەکانی ژناندا سەیر دەکرێت. لەم کۆنفرانسەدا، توندوتیژی دژ بە ژنان وەک یەکێک لە دوانزدە بواری نیگەرانی سەرەکی ناسێنرا. هۆکاری دەرچوونی بڕیارەکانی پەکین بریتی بوو لە پێداویستی بۆ چوارچێوەیەکی کارپێکراو و پلانێکی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەوانەش توندوتیژی، کە ژنان لە سەرانسەری جیهان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە ١٣٢٥ لە سەر ژنان و ئاسایش کە لە ساڵی (٢٠٠٠)* تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکانی ململانێی چەکداری لەسەر ژنان و ڕۆڵی ژنان لە دروستکردنی ئاشتیدا. هۆکاری دەرچوونی بریتی بوو لە زیادبوونی بەڵگەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی وەک چەکێک لە کاتی جەنگدا، هەروەها پشتگوێخستنی ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا. ئەم بڕیارنامەیە داوای پاراستنی ژنان و بەشداریکردنی زیاتریانی لە بڕیاردانەکانی پەیوەندیدار بە ئاشتی و ئاسایش دەکرد.
ڕاستە دەرچوونی ئەم بڕیارانە لەسەر ئاستی جیهانیدا کاریگەری بەرچاوی هەبووە چونکە ئەم بڕیارنامانە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ناچار کردووە کە یاسا و ڕێسای ناوخۆیی خۆیان بگونجێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان. زۆرێک لە وڵاتان یاسای تایبەت بە توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژی سێکسی، و جۆرەکانی تری توندوتیژی دژ بە ژنان دەرکردووە.
جا دەرچوونی ئەم یاسایانە بە ڕادەیەک هۆکاربوون بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەسەر ئاستی جیهانی و نیشتمانی لەبارەی قەبارە و دەرئەنجامەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان. لەهەمان کاتدا گیانی هاریکاری و پشتیوانی بۆ قوربانییەکان دروستکرد و چەندان سەنتەری یارمەتیدان، هێڵی گەرم، و خزمەتگوزارییەکان بۆ قوربانیانی توندوتیژی دروستبوو.
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، هێشتا ئاستەنگی زۆر ماوە. ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە، لەوانەش: نەبوونی سەرچاوەی پێویست، و درێژەدان بە هەندێک بیروباوەڕی کۆمەڵایەتی کە ڕەوایی بە توندوتیژی دەدەن، ئەمەش کاریگەرە بۆ ئەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان وەک کێشەیەکی جیددی بمێنێتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان وەک هێزێکی پاڵنەر، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هاندانی وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ تێکۆشانێکی کاریگەرتر دژی ئەم دیاردەیە. هەرچەندە پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست هاتووە، بەڵام پێویستی بە هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی ئەم بڕیارنامانە و نەهێشتنی تەواوەتی توندوتیژی دژ بە ژنان.