نووسینی : ئەنتۆن چیخۆف

وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: ڕزگار عومەر

جوتیارە پیرەکە ژنە نەخۆشەکەی بارکردە سەر کورسی پشتەوەی عارەبانەکەی کە ئەسپێکی لاواز ڕایدەکێشا، و بردیی بۆ شارە دوورەکە بۆ ئەوەی چارەسەری بکات.

لەم ڕێگا دوورەدا، پیاوەکە دەستی بە قسەکردن کرد لەگەڵ خۆی،

وەکو خۆخاڵیکردنەوە دەستی بە گفتوگۆ کرد، وەکو ئەوەی خۆی بدوێنێ، بەڵام لە هەمان کاتدا دڵنەوایی ژنە نەخۆشەکەشی بدات، کە چل ساڵە لەگەڵیدا دەژی لە نەهامەتی و ناخۆشی و ئازارکێشاندا، زەحمەتی دەکێشا، یارمەتی دەداو لە کێڵگەو لە ئەستۆگرتنی سەراپای بارگرانییەکانی ماڵ بە تەنیا.

ئێستاش؛

هەستی دەکرد لە ساڵانی ڕابردوودا لەبەرامبەر ژنەکەی خۆی دڵرەق بووە، کاتی ئەوەیە کە دەبێت بە خۆشی و نەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، و قسەو سۆزی میهرەبانانەی پێبدات.

بە ژنەکەی گوت کە وەکو مێرد زوڵمی لێ کردووەو ژیانیش ستەمی لێ کردووە، چونکە لە ژیانی ڕۆژانەیدا کاتێکی نەدۆزیوەتەوە کە وشەیەکی میهرەبان و شیرینی گوێ لێ بێت، یان زەردەخەنەیەکی پاک و نەرم و نیان وەک ئاو پێشکەش بکرێ، یان چرکەیەك لە سۆزی پێبدرێ!

مێردەکە بە خەم و پەژارەو پەشیمانیەوە بەردەوام بوو لە قسان، بە درێژایی ڕێگاکە وشەکان خۆیان لە ڕۆحدا دەچەقاند هەروەک چۆن دڵۆپەی ئاو لەسەر بەرد هێڵ ڕادەکێشێ و چاڵ لەسەر بەرد لێدەدات. مێردەکەی ئەم قسانەی دەکرد بۆ ژنەکەی بۆ ئەوەی قەرەبووی چل ساڵی ڕابردووی بۆ بکاتەوە لە نەبوونی خۆشەویستی و نەرمی و گەرمی ژیانی هاوسەرگیری و دەستی کرد بە بەڵێندان پێی کە هەموو ئەو شتانەی کە دەیەوێت و ئاواتیەتی لەو ژیانەی ماوە بۆی دێنێتە دی.

کاتێک گەیشتە شارەکە لە کورسی پێشەوە دابەزی و چوو بۆ دواوەی عارەبانەکە ، بۆ ئەوەی بۆ یەکەم جار لە ژیانی هاوسەرگیریاندا ژنەکەی خۆی لە باوەش بکات و بیبا بۆ لای پزیشك ، بەڵام بینی ژنەکەی مردووە، ببووە تەرمێکی سارد، ژنەکە لە ڕیگا مردبوو، مرد بەر لەوەی بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا گوێ ی لەم هەموو قسە بە سۆزو شیرینە بێت!

26.04.2024

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە