ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كورد بەڕووی دەرەوەدا تابڵێی بەڕێزو رووخۆشن، ئەگەر بەوردی و بە تێرامانێكی قوولی كۆمەڵناسی و دەروونناسی سەیریان نەكەی، وا هەست دەكەی هیچ گەلێك بەقەد گەلی كورد یەكتریان خۆش ناوێت، گوندی و شاری گەورەو بچووك بگەنە یەكتری ئەگەر یەكرتیش نەناسن تەوقەیەكی گەرم لەگەڵ یەكتری دەكەن و ئەو لاو ئەو لای یەكتری ماچ دەكەن، تەوقەكردن نەریتێكی دیارو باوی كۆمەڵگەی كوردەواریە، ئەگەر تاكەكان چەند كاتژمێركیش لەیەكتری داببڕێن، كە یەكتری دەبیننەوە وەها تەوقەیەكی گەرم لەگەڵ یەكتری دەكەن و دەستی یەكتری دەگووشن، دەلێی عاشقەو ماشقەن و دوای حەسرەتێكی گەورەی چاوەڕوانی لە ژوان بەیەكتری گەیشتوون، بەڵام بەشی زۆری هەر ئەو خەڵكەی كوردستان لەسەر بچووكترین كێشەو شتی لاوەكی بەو پەڕی تووندو تیژی پەلاماری یەكتری دەدەن و كوردەواری گووتەنی یەكتری بە (دۆینەی لێدەنین) لەسەر فوول لایت لێدانێك یەكتری دەكوژن، لەسەر پێشبركێی ئۆتۆمبێل لەیەكتری دادەبەزن و بەچەك و چەقۆ و دارو بەرد بەردەبنە جەستەی یەكتری.

حەمەلاو دراوسێی ئەو ماڵە بوو كە من تیایدا چایچی بووم، حەمەلاو تابڵێی پیاوێكی هێمن و بەڕێزو لەسەرخۆبوو، هیچ جۆرە هەڵچوون و ئاكارو خەسڵەت و سیفەتێكی تووندو تیژی پێوە دیار نەبوو، رۆژێك ئەو حەمەلاوەم بینی خۆی لە مەخزەنی كلاشینكۆف رەق كردبوو، تفەنگیشی بە دەستەوەبوو دوو چەكداریشی لەدوابوو گوتم حەمەلاو بۆ كوێ؟ گوتی دەچم حاجی فەتاح دەكوژم و دواتر دێمەوە! گوتم حەمەلاو ئارام بەرەوە وەرەوە سەرخۆ و نەفرەت لەشیتان بكەن؟ گوتم كوشتن گەورەیە! حەمەلاو وەڵامی دامەوە گوتی بەنگلادیشی هیچ نیە گوێ‌ مەدێ‌، حیسابی وردی ئەو ئیشەم كردووە! پێنج دەفتەر دوای كوشتنی مام فەتاح مەكتەبی كۆمەڵایەتی و پیاوانی ئاینی بانگ دەكەم و بەسوڵحی عەشایەری كێشەكە چارەسەر دەكەم، بەداخەوە دواتر وادەرچوو حەمەلاو مام فەتاحی كوشت و بە سوڵحی كۆمەڵایەتیش كێشەكەی چارەسەركرد.

  • 1