لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان،مامۆستاو چالاکوان و نووسەر (محێدین هەورامی)
ئامادەکردنی:مەغدید حاجی
بەشی یەکەم:
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
٭ وتەی بەرایی: مامۆستای ڕەوانشاد محێدین هەورامی (2001-1933)،لە یەک کاتدا مامۆستایەکی پەروەردەکاری دڵسۆزو بە ئەزموون، نیشتمان پەروەرو کۆمەنیستێکی پاک، چالاکوان لە بواری ڕێکخراوەکانی خێرخوازی و کۆمەڵگەی مەدەنی،نووسەرو ڕۆژنامەنووس بوو.. لە سلێمانی لە دوای ڕاپەڕین لەگەل مامۆستایان:( تەها خەلیل(یادی بەخێر) و خەلیل نەورۆز(هیوای چاکبوونەوەو تەمەن درێژی بۆ دەخوازین)هەروەها مامۆستایانی تێکۆشەر: ڕزگار عەبدوڵلا و مامۆستا ساڵح و مامۆستا کاروان و مامۆستا ڕوخۆش مامۆستا ژیان و مامۆستا بێخاڵ و مامۆستا کەژاڵ و ..هتد ، لە مامۆستا تێکۆشەرەکان ڕۆڵی بەرچاویان بینی لە چالاکییەکانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان و داکۆکی کردن لە مافە ڕەواکانی توێژی مامۆستایان.بە تایبەتی لە ماوەی ساڵانی نەوەتەکان و دوو هەزارەکاندا.
مامۆستا خەلیل ئیبراهیم نەورۆز لە بارەی مامۆستا محێدین هەورامی یەوە دەڵێ:" مامۆستا محێدین هەر لە سەرەتای لاوییەوە بەربەرەکانی ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستانی کردووەو چالاکانە خەباتی کردووە. هەردەم دژی کۆنەپەرستان بووە. جگە لە ئەرکی مامۆستایی لە زۆر کۆمەڵەی خێرخوازی کاری دەکرد ، وەکو لێژنەی خێرخوازی تەوێڵە، کۆمەڵەی ژیانەوەی هەڵەبجەی شەهید، کۆمەڵەی ڕۆژ. هەروەها کادیرێکی چالاکی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان بوو لە سلێمانی ، هەردەم ئامادەبوو بۆ ڕاپەڕاندنی هەر کارو چالاکییەکی پیشەیی، کۆمەڵایەتی ،سیاسی لە خزمەتی مامۆستایان و گەل و نیشتماندا"..
٭ کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا محێدین هەورامی:
ــ ناوی تەواوی: محێدین سەلیم حەمەیوسف محەمەد. ناسراو بە ( مامۆستا محێدین هەورامی).
ــ دایکی ناوی خەدیجە کچی مەلا عەبدوڵلای مەلا جەلیلە.
ــ م. محێدین لە ڕێکەوتی1933-5-18 لە شارۆچکەی تەوێڵە سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لە دایک بووە.
ــ خوێندنی سەرەتایی لە تەوێڵە تەواوکردووە، قۆناغی ناوەندیشی لە سلێمانی خوێندووە.
ــ لە ساڵی خوێندنی(1959-1958) خانەی مامۆستایانی بەعقوبەی تەواوکردووە.
ــ لە(1960-1959) بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی (هەورامان)ی سەرەتایی لە پارێزگای سلێمانی دامەزراوە. پاشان بە فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە گوێزراوەتەوە بۆ قوتابخانەی (نزارە) دوایی بۆ (بێستان) لە قەزای پێنجوین بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی. پاشان گوێزراوەتەوە بۆ قوتابخانەی بەڵخەی هەورامان. دوای ئەوێ گوێزراوەتەوە بۆ قوتابخانەی سەرشەقام لە سلێمانی. لە ساڵی 1964 دوورخراوەتەوە بۆ قوتابخانەیەک لە نزیک شاری سامەڕا. چوار مانگ لەم شوێنە ماوەتەوە وەکو مامۆستا، دیارە هەوڵی داوە خۆی نەقلی قوتابخانەی (ناسڕ و فڕسان) لە بەری کەرخ لە شاری بەغدا کردووە.
ــ لە بەغدا لە یەک کاتدا مامۆستا بووە لە قوتابخانەی سەرەتایی، وەکو خوێندکاریش لە بەشی دەروونناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی موستەنسریە وەرگیراوەو لە ساڵی خوێندنی( 1970-1969) خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە.
(ماویەتی)
تێبینی:
پشتم بە زانیارییە تۆمارکراوەکانی مامۆستای تێکۆشەر خەلیل نەورۆزو پەیجی وێنەکانی تەوێڵە بەستووە. هەروەها
سوپاسی مامۆستا میدیا محێدین هەورامی دەکەم کە زانیاری پێویست و چەندین وێنەی بۆ ناردم.