مامۆستاو سەرپەرشتیاری پەروەردەیی عزەت محەمەد ئەمین
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭وتەی بەرایی:
ــ مامۆستا (عزەت محەمەدئەمین)م لە سەرەتای نەوەتەکان، دوای ڕاپەڕینی بەهاری1991 ناسیوە،لە یەکەم هەڵبژاردنی گشتی مامۆستایان لە نیسانی1992دا مامۆستا عزەت یەکێک بوو لە پاڵێوراوانی لیستی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان/ پارتی، ئێمەش لە لیستی پیشەیی بووین، بە یەکەوە لە نۆیەمین کۆنگرەی یەکگرتووی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەشداربووین، لەوێ بووین بە ئەندامی مەکتەبی سکرتارەت، ئەو لەسەر لیستی PDK ئێمەش لەسەر لیستی پیشەیی.
بە درێژایی نزیکەی دە ساڵ لەگەل مامۆستا عزەت لە مەکتەبی سکرتریەت و مەکتەبی تەنفیزی دەست بەکاربووین، مامۆستا نموونەی تێکۆشەرو پەروەردەکاری دڵسۆز، هێمن، خاوەن مێژووی پاک و بەڕێز بوو.. ئەو لە ساڵی1962 لە دامەزراندنی (ی.م.ک)بەشدار بووە. لە نیوەی یەکەمی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە. لەو ساڵانەش کە لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سکرتاریەت و مەکتەبی تەنفیزی دەمان بینی، هەمیشە هێمن و گران و سەنگین. دژ بە ململانێی ناڕەوا بوو. پشتیوانی ڕاستەقینە بوو لە مافە ڕەواکانی مامۆستایان .
لەم ساڵانەی ڕابردووشدا کە یەکێتی خانەنشینانمان لە هەولێر دامەزراند، مامۆستا عزەت بوو بە هاوکارمان، لە یەکەمین کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی بە جێگری سەرۆک هەڵبژێردرا. بەهۆی باری تەندروستی نەیدەتوانی لە هەموو کۆبوونەوەو چالاکییەکان بەشداربێت،بەڵام لەگەلمان بوو هاوکاربوو لە داکۆکی کردن لە مافەکانی خانەنشینان، تاکو کۆتایی یەکەمین خولی دەستەی کارگێڕی لە ئاداری ڕابردوودا. ئێستاش مامۆستا لە شاری دەروازە لە هەولێر دەژیت. هیوای تەندروستی باش و تەمەن درێژی بۆ دەخوزین.
٭ کورتەیەک لە ژیانی ئەم مامۆستا تێکۆشەرە:
ــ ناوی تەواوی: عزەت محەمەد ئەمین عەلی.
ــ لە ساڵی1941 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە.
ــ لە سەرەتاکانی پەنجاکان خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی فەیسەلییە لە شاری سلێمانی خوێندووە.
ــ بەهۆی کاری باوکی کە ئیمام تابوور بووە لە سوپا، چەند شارو شوێن گەڕاون.
ــ قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی لە هەردوو قوتابخانەی غەربییە و موسەڵلا لە شاری کەرکوک تەواوکردووە.
ــ لە دوای تەواوکردنی پێنجی دواناوەندی(ئامادەیی) لە خولی پێگەیاندنی یەک ساڵەی مامۆستایان وەرگیراوەو کە تەواوی کردووە یەکەم دامەزراندنی وەکو مامۆستا ساڵی(1960-1959) لە قوتابخانەی بریفکانی سەرەتایی بوو لە دهۆک.
ــ لە ساڵی(1961-1960) گوازراوەتەوە بۆ کەرکوک.
ــ ماوەی دەیان ساڵ لە چەندین قوتابخانەی کەرکووک و هەولێر خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە.
ــ لە ساڵی1987 بەهۆی فشارەکانی ڕژێمی بەعس خانەنشین کراوە.
ــ لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی 1991دا مامۆستا عزەت و زۆر مامۆستای تر گەڕێنرانەوە بۆ ناو پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن. دوایی مامۆستا عزەت کرایە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای هەولێر. بەردەوام بوو لە خزمەت کردن، تاکو لە ساڵی2007 بۆ دووەم جار خانەنشینکرا.
٭ لەبارەی خەباتی سیاسی و پیشەیی مامۆستا عزەت:
ــ کە قوتابی قۆناغی دواناوەندی بووە لە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان خەباتی کردووە.
ــ لە کۆتایی پەنجاکانەوە بۆتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ــ لە ساڵی1962 ئەندامی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بوو کە لە شاری سلێمانی گرێدراوە.
ــ لە دوای بەیاننامەی یازدەی ئازار لە 1970 بۆتە
سەرۆکی لقی کەرکوکی (ی.م.ک).
ــ لە نەوەتەکان تاکو 2010 ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەت و مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بوو.
ــ بە هۆی خەباتی سیاسی سێ جار دوورخراوەتەوە، جارێکیش لە کەرکوک زیندانی کراوە.
٭ مامۆستا عزەت لە ساڵی1959 خێزانی پێکەوەناوەو خاوەنی حەوت منداڵە، پێنج کچ و دوو کوڕ. تەمەن درێژ بن لەگەل مامۆستا عزەتی قەدرگران.