سەلام عومەر

رۆژانی پایز وەرین و

زستانیش پەنجەكانی بەستم

كەچی كانیاوی بەهارێك

نەڕژایە نێو هەردوو مستم

*  *  *

هەفتەكان بوونە شەماڵ و

رۆژەكانیش وەك رەشەبا

وەلێ‌ بۆنی گوڵێ‌ نایا

هەستی برسیم بۆ خۆی ببا

*   *   *

چركەكانیشم بروسكەن

هێدی هێدی دەمسوتێنن

هەناسەكانم دەبەن و

ژیانی ماندووم لێدەستێنن

*   *   *

ئێستا وەك درەختێكی تینوو

گەڵاكانم زەرد دەنوێنن

لقەكانم رامدەژێنن و

جەستەو ئاگایم دەنوێنن.