ڕێگای کوردستان/ ھۆڵەندا   

 

یایزانێکی کورد لە یارییەکانی"ھوونەری جەنگی تێکەڵاو- Mixed martial art "دا لە ھۆڵەندا، توانیوویەتی لە دوو ڕووبەڕووبوونەوەدا سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات و لە یاریزانێکی ڕووسی و ھۆڵەندییەک بباتەوە.

"دیاکۆ شێرکۆ نووری"یاریزانی کورد لە یارییەکانی ھوونەری جەنگی تێکەڵاو و دانیشتووی شاری"ئەنشخەدە" لە وڵاتی ھۆڵەندا، لە ماوەیەکی کەمی تێکەڵبوون لەگەڵ ئەم یارییەدا، توانیوویەتی ئاست و توانای خۆی زۆر بالش بباتە سەرەوە و لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتیشدا توانیوویەتی سەرکەوتنێکی مەزن دەستەبەر بکات.

ئەم پالەَوانێتییە ھەفتەی ڕابردوو لەشاری"ئەنشخەدە" لە ھۆڵەندا بەڕێوەچووە و دیاکۆش لەو پاڵەوانێتییەدا کە لە کێشی ٧٠ کیلۆگرام ڕووبەڕووی یاریزانێکی ھۆڵەندا و ڕووسیا بۆتەوە، توانیوویەتی ھەردوو ڕووبەڕووبوونەوەکە بباتەوە و سەرکەوتن بەدەست بێنێت.

دیاکۆ کە لەشارەکەی خۆی لە ھۆڵەندا بە"دیەگۆ"ناسراوە، کوڕی کەسایەتی و تێکۆشەری دێرین و ناسراوی شاری قەڵادزێ  "شێرکۆ شێخ نووری"یە.

ھەروەکوو خۆی گوتی، دیاکۆ زیاتر لە سێ ساڵە بەشێوەیەکی ئەکادیمی سەرقاڵی ئەم یارییەیە. بەردەوام  لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی مامۆستا و ڕاھێنەری تایبەتی دا سەرقاڵی مەشق و ڕاھێنانە.

لە لێدوانێکدا بۆ "ڕێگای کوردستان"، دیاکۆ گوتی، بۆ گەیشتن بەو پلەیەی ئێستا زەحمەتی و ئازاری زۆری چەشتووە، پەنجەی دەست و قاچ و ھەروەھا پەراسووی شکاوە، برینی قورس لەسەر دەموچاوی دەرکەوتووە بەڵام کۆڵی نەداوە. زۆرجاریش بەھۆی برینداریی و پێکانەوە نەیتوانیوە لە پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری بکات.

ناوبراو ھەروەھا گوتی"سەرەتای تێکەڵ بوونم لەگەڵ ئەم یارییەدا لەشاری سلێمانییەوە دەستی پێکردووە لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری مامۆستا(عیسا فەیزی) کە زۆر ماندوو بووە لەگەڵمدا و بۆماوەی نزیکەی یەک ساڵ".

دیاکۆ لە ئێستادا لە شاری ئەنیشخەدە لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی وڵاتانی جۆراوجۆر لەھۆڵێکدا، لە ھەفتەیەکدا سێ ڕۆژ و لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری مامۆستا و ڕاھێنەری شارەزا و بەزمووندا، بەشێوەی چڕوپڕ سەرقاڵی مەشق و ڕاھێنانە.

ئەم یاریزانەی بواری یارییەکانی"ھوونەری جەنگی تێکەڵاو"ھەروەھا ئاشکراشی کرد،  لەسەرەتاکانی مانگی مارسی ٢٠٢٤ بڕیاروایە بەشداری چەند پاڵەوانێتییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بکات و ھەر لەئێستاشەوە سەرقاڵی مەشق و ڕاھێنانە بۆئەوەی ئەنجامێکی شایستە بەدەست بێنێت.

ناوبراو بەوپەڕی باوەڕ و متمانە بەخۆبوونەوە دەیگووت"خەونم  ئەوەیە ئاست و توانام بەچێتە ئاستێک کە ببمە یاریزانێکی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا و بتوانم شانازییەکی گەورە بۆ کوردستان تۆمار بکەم.لە ھۆڵەنداش دەرفەتی باشم لەبەردەم دایە بتوانم پەرە بە ئاست و تواناکانم بدەم و خۆم بەرەو پێشەوە ببەم و ئەو خەونەم لەسەر زەمینی واقیع بەرجەستە بکەم".

"ھیوادارم ڕۆژێک بگەڕێمەوە کوردستان و بتوانم بەھاوکاری دڵسۆزان ئەکادیمیایەک لەبوارەکانی ھوونەری جەنگی تێکەڵاو"دابمەزرێنم بۆ پێگەیاندنی یاریزانی ئاست بەرز لە ئاستی جیھانیدا. دیاکۆ لە کۆتایی قسەکانیدا ئەمەی بۆ خوێنەرانی ڕێگای کوردستان ئاشکراکرد.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا