سەدیق سەعید ڕواندزی

شەڕی كۆمەڵە كەسێك لە شاری سلێمانی و لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، شیعرە جوان و بەناوبانگەكەی ئیسماعیل بەرزنجی شاعیری بیر هێنامەوە، بە ناوی (دەبوایا من قەرەج بام). بەرزنجی لەو شیعرە سادەو قووڵ و فەلسەفییەدا دەڵێت:_

دەبوایا من قەرەج بام

لە هەر كوێیەك هەوەسم لێبا سازەكەم بژەندبا

گۆسكەیەك شەڕابم فڕكردبا

دەبوایا من قەرەج بام

هەرچی سنور هەیە بمبەزاندبا

ئەوەی مۆر و قامچی بە دەستەوەیە بە نەعلەتم كردبا

دەبوایا من قەرەج بام

نەمزانیبا جنسییە و نفوس چییە

ناوم لە هیچ دۆسییەكەی دەوڵەت نەبا

بێگومان ئەم شیعرە قەسیدەیەكی درێژە و لە ڕێزی شیعری شاعیرە بە ناو بانگەكانی جیهانی دایە. ئێمە لە بارەی ئەو شیعرەوە هیچ ناڵێین  و نووسینێكی درێژدا بە قووڵیی دێینەوە سەری. تەنێ دەمانەوێ ئاماژە بەوە بدەین كە ئایا قەرەجەكان مرۆڤ نین؟ شیاوی ژیان وەك هەر كەسێكی ئاسایی نین؟ شیاوی شوناسی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و خێزانی نین؟ بۆ چی دەبێ قەرەجبوون هێما بێت بۆ پلە و پایەیەكی كۆمەڵایەتی نزم و میدیاكانی ئێمە كە گوایا ئیتیكییانە و پرۆفیشناڵانە ڕووماڵی هەواڵ دەكەن، مرۆڤ لەسەر بنەمای شوناسی كۆمەڵایەتییانە پۆلێن بكەن و  لە یەكترییان هەڵاوێرد بكەن. بە داخەوە میدیاكانی ئێمە بە هەموو كەناڵەكانییەوە، لە ڕووماڵكردنی ئەم هەواڵەدا، بەبێ ئەوەی بیریان بێت دەستەواژەی (قەرەج) یان بۆ ئەو كۆمەڵە هاووڵاتییە، كە ڕووشانێكی كۆمەڵایەتی و برینداركردنێكی كەسی تێدایە بەكار هێنا. ڕاگەیاندنەكان بە جۆرێك مامەڵەیان لەگەڵ ئەم ڕووداوە كرد، وەك ئەوەی قەرەجەكان مرۆڤ نەبن و شیاوی ژیان و ناسنامەی كۆمەڵایەتی نەبن و هەرچەندێك لە یەكتری بكوژن ئاسایی بێت. بێگومان ئەوانیش كۆمەڵە كەسێكن وەك هەر مرۆڤێكی دیكەی ئاسایی و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بوونییان هەیە و خاوەنی كولتوور و نەریت و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی خۆیانن. ئەوان زۆرتر كەسانێكی كۆچەرین و هەموو دنیا بە نیشتمانی خۆیان دەزانن. فۆلكلۆر و ئەدەب و شیعری تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەوانیش وەك ئێمە مرۆڤن و هەرگیز نابێت ناسنامەی كۆمەڵایەتی ئەو تێگەیشتنە لای كەسێك دروست بكات، كە بە چاوێكی نزمتر بڕوانێتە ئەویتری مرۆڤ. ڕاگەیاندنەكانی ئێمە، ئەگەرچی لافی دیدگای مرۆیی و نیشتمانی لێ دەدەن و گوایا پێوەرەكانی مرۆڤ و شكۆی كەسی و كۆمەڵایەتی، لە میانەی ڕوومالكردنی هەواڵ و ڕووداوەكاندا دەكەنە پێوەر ، ئیتیكی  كاری ڕۆژنامەوانی كە دیارترین بەهای ڕێزگرتنە لە ناو و كەسیەتی و شوناسی مرۆڤ ڕەچاو دەكەن، كەچی هێندە نەزانانە سووك و ئاسان دەستەواژەی قەرەج بەكاردێنن. بەمەش هیچ جیاوازییەك لە نێوان ئەو ئەقڵەی میدیا ئاراستە دەكات و ئەو ئەقڵە خێڵەكی و میللییە نییە، كە ئێستاش بڕوای وایە قەرەجەكان جیان لە مرۆڤی ئاسایی. ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ و میدیای ئیتیك و بە سەنگ، هەرگیز نابێتە مینبەرێك بۆ پۆلێنكردنی پلە و پایەی كۆمەڵایەتی و پێگەی جەماوەریی و كەسی. لای ئەو، وەزیرێك و ژینگە دۆستێك بە جیاوازیی پیشەیانەوە وەك یەكن، چونكە دواجار هەردووكیان هەر مرۆڤن. ڕووماڵكردنی هەواڵ، ڕێساو ئیتیكی خۆی هەیە و ئەوە نییە ڕووداوێك بە بێ لە بەرچاوگرتنی هیچ لایەنێكی بابەتی و هەواڵی و زمانەوانی، بكرێتە هەواڵ. بەڵكو دەبێ دابڕێژرێتەوە و ڕەچاوی هەموو بوارێكی تێدا بكرێت. بە تایبەتیش لە پەیوەندی بەناو و شوناسی مرۆڤەكان و پلە و پایەی كۆمەڵایەتی و جەماوەریان. هەواڵ نابێت بەجۆرێك بێت، ڕووشان و لێدانی كۆمەڵایەتی تێدا بێت و ئەوانەی پەیوەستن بەڕووداوەكانی نێو هەواڵەكەوە، هەست بەكێماسی و شكان و كەمكردنەوە بكەن. دەكرا میدیاكانی ئێمە، لە بری دەستەواژەی (قەرەج) گوزارشتی خەڵك و هاووڵاتی و كەس بە كاربێنن ودووركەونەوە لەم وشە برینداركەرە، ئەگەر گریمان ئەوان خۆشیان بەو ناوە بناسرێنەوە. ئەگەر ئەمە شێوازی هەواڵ و مامەڵەی میدیا بێت لەگەڵ مرۆڤەكان، دەبێ خەڵكی ڕەشۆكی و ئاسایی چۆن بیر بكاتەوە و ڕووداوەكان ببینێت؟ دواجار پڕ بەدڵ لەگەڵ بەرزنجی شاعیر دەڵێم دەبوایا منیش قەرەج بام، هەرچی قامچی بەدەستە، بە نەفرەتم كردبا كە كوردستان پڕە لەمانە.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا