پرسی نەتەوەی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا تەنیا لە چوارچێوەی جەنگی بەرجەستە و داگیرکاریی خاکدا کورت نابێتەوە، بەڵکو یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو بەرەو ڕووبوونەوانەی کە بەردەوام هەڕەشە لە بوونی ئەم نەتەوەیە دەکات، هێرشی هزرین و پەلاماری بیروباوەڕە دەستکردەکانە کە بۆ شێواندنی ناسنامەی ڕەسەنی کورد ئەنجام دەدرێن. ئەم هێرشە هەمەلایەنەیە کە لە ڕێگەی داڕشتنی جیهانبینی ڕامیاری و کۆمەڵایەتییەوە دێتە کایەوە، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە تاکی کورد لە ناوەڕۆکە نەتەوەییەکەی خۆی دابماڵێت و وای لێبکات لە جیاتی گەڕان بەدوای مافە سروشتییەکانی خۆیدا، ببێتە پاشکۆی ئەو هزرانەی کە لە ناوەندی دەسەڵاتە سەپێنەرەکانەوە بۆی دەنێردرێن. بیروباوەڕ کاتێک دەبێتە چەکێکی کوشندە، کە هەوڵ دەدات مێژوو بە جۆرێک دابڕێژێتەوە ، کورد تێیدا تەنیا وەک پاشکۆ یان وەک بەشێکی لاوەکی لە نەتەوەکانی تر نیشان بدات، ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی پیرۆزییەکان یان چەمکە گشتگیرە مرۆییەکانەوە دەکرێت کە تێیدا پرسی نەتەوەیی کورد وەک پرسێکی لاوەکی و تەنانەت بەشێوەی بەربەستێک لەبەردەم پێشکەوتن یان یەکگرتوویی جیهانی وێنا دەکرێت.
ئەو هێزانەی،  دەیانەوێت پەرە بەم هێرشە بدەن، بە وردی کار لەسەر تێکشکاندنی ئەو بنەما کلتووری و زمانەوانییانە دەکەن کە کورد بە مێژووەکەیەوە دەبەستنەوە، چونکە دەزانن زمان و فەرهەنگ توندترین قەڵان کە ڕێگری لە توانەوەی نەتەوە دەگرن. کاتێک داگیرکاریی ناوەکی دەست پێدەکات، سەرەتا لە ڕێگەی ڕێکاری پەروەردە و ڕاگەیاندن و نووسینەوە هەوڵدەدرێت گومان لەسەر ڕەسەنایەتی زمان و مێژووی کورد دروست بکرێت، تا ئەو ڕادەیەی کە تاکی کورد شەرم لە شوناسی خۆی بکات یان پێیوابێت، کە خاوەنی هیچ جۆرە شارستانیەتێکی سەربەخۆ نییە. ئەمە جۆرێکە لە داگیرکاریی ناوەکی کە تێیدا مرۆڤی کورد دەبێتە پاسەوان بۆ ئەو بیرۆکانەی کە دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەی خۆین. مەترسییەکە لێرەدایە ئەم هێرشە زۆرینەی جار بە بەرگێکی جوان و مرۆییەوە خۆی نیشان دەدات، بۆ نموونە بە ناوی برایەتی یان یەکسانییەوە، داوا لە کورد دەکرێت دەستبەرداری تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی ببێت، لە کاتێکدا هەمان ئەو لایەنانەی بانگەشەی ئەمە دەکەن، خۆیان لەوپەڕی توندڕەوی نەتەوەیی و پاراستنی بەرژەوەندییە داگیرکارییەکانی خۆیاندا دەژین.
یەکێک لە پایە هەرە گرنگەکانی ئەم داگیرکارییە ناوەکییە، پەلاماردانی زمانی کوردییە. زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ ئاخاوتن، بەڵکو ناسنامە و گیانی نەتەوەیە. کاتێک تاکی کورد وشەی بێگانە دەخاتە ناو ئاخاوتنی ڕۆژانەی و وایلێدێت وشە ڕەسەنەکانی خۆی فەرامۆش بکات، ئەمە یەکەم هەنگاوی شکستی ناوەکییە. داگیرکەر لە ڕێگەی زمانەوە دەزگای هزریی ئێمە کۆنتڕۆڵ دەکات؛ چونکە کاتێک ئێمە بە زمانی ئەوان بیر بکەینەوە، ناچارین بەو جۆرەش بڕیار بدەین کە ئەوان دەیانەوێت. پاراستنی زمان لە وشەی بێگانە و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی زمانی دایک، تەنیا ئەرکێکی وێژەیی نییە، بەڵکو جەنگێکی پیرۆزی نەتەوەییە بۆ ڕێگریکردن لەو توانەوەیە فەرهەنگییەی کە داگیرکاریی ناوەکی ئامانجیەتی. هەموو وشەیەکی بێگانە کە بەبێ ناچاری دەچێتە ناو زمانی ئێمەوە، وەک سەربازێکی داگیرکەر وایە کە سەنگەرێکی ناوەوەمان دەگرێت.
بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشە هزریە پێویستی بە بێداربوونەوەیەکی گشتگیری ڕۆشنبیری هەیە، کە تێیدا نووسەران و بیرمەندان ئەرکی سەرەکییان پاراستنی سنوورە هزرییەکانی نەتەوە بێت. وێژەو نووسین لە مێژووی ئێمەدا هەمیشە وەک چیایەک بوون کە نەتەوەیان لە کاتی هەرەسهێنانی سیاسی پاراستووە. کاتێک هەموو دەرگاکان دادەخران، ئەوە هۆزانڤان و نووسەرانی کورد بوون کە بە بەرهەمەکانیان هیوا و بڕوابەخۆبوونیان لەناو تاکی کورددا دەهێشتەوە. دەبێت ئەوە ڕوون بێتەوە کە کوردبوون بە هیچ شێوەیەک دژی بەها بەرزە مرۆییەکان نییە، بەڵکو تەنیا کاتێک کورد دەتوانێت خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات کە خاوەنی کەسایەتییەکی سەربەخۆ و شکۆدار بێت. پاشەکشە کردن لەبەردەم هەر هێرشێکی بیروباوەڕیی کە بیەوێت شکۆی نەتەوەیی بشکێنێت، بەمانای هەنگاونان بەرەو نەمان و لەناوچوون دێت لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا.
تاکی کورد پێویستە ئەوە بزانێت کە هەر بیرۆکەیەک، چەندە گەورە و جیهانیش بێت، ئەگەر دان بە بوونی نەتەوەیی و مافە ڕەواکانیدا نەنێت، تەنیا ئامرازێکە بۆ کۆیلەکردنی و دوورخستنەوەی لە ئامانجە ڕاستەقینەکانی. بۆیە، بونیادنانی هزرێکی نەتەوەیی سەردەمیانە کە پشت بە زانست و مێژووی ڕاستەقینە ببەستێت، تاکە ڕێگەیە بۆ تێکشکاندنی هەموو ئەو پیلانە بیروباوەڕییانەی کە دەیانەوێت نەتەوەی کورد لە کاروانی پێشکەوتنی جیهانی داببڕن و بەشێوەی نەتەوەیەکی بێ خواست و پاشکۆ لە قاڵبی بدەن. ئەرکی ئەمڕۆی ئێمە ئەوەیە کە ڕێگە نەدەین زمان و کلتوورمان ببێتە خۆراکی ئەو هێرشە ناپاکیانەی کە لە ژێر پەردەی جیاوازدا دێنە ناو ماڵی کوردەوە، بەڵکو دەبێت بە شانازییەوە ناسنامەی خۆمان وەک نەتەوەیەکی زیندوو و خاوەن مێژوو بپارێزین و لە ئاستی هەموو ئەو بەگژداچوونەوانەدا بوەستینەوە کە دەیانەوێت بڕوا بەخۆبوونمان لەناو ببەن. ئێمە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی گەورەداین؛ یان ئەوەتا بە هزرێکی ئازاد و زمانێکی پاراوەوە دەمێنینەوە، یاخود لەناو لافاوی داگیرکاریی ناوەکیدا دەتوێینەوە. هەڵبژاردەکە لە دەستی خۆماندایە و تەنیا بە زانست و بێداریی نەتەوەیی دەتوانین ئەم جەنگە نابەرجەستەیە ببەینەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا