
ستار ئەحمەد
نیشتمان کاتێک دەبێتە ئارامگەیەکی ڕاستەقینە، کە هەموو ڕۆڵەکانی تێیدا هەست بە ئارامی و بەهرەمەندی بکەن، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لەم بارو دۆخەدا دەبینرێت، جۆرێکە لە دابەشبوونی نایەکسان کە تێیدا خاکی پیرۆزی کوردستان بووەتە لانکەی خۆشگوزەرانی بۆ ژمارەیەکی دیاریکراو و ئەوانی تر تەنیا لە دوورەوە سەیری ئەو شاگوزەرانییە دەکەن. ئەم نایەکسانییە تەنیا لە ڕووی داراییەوە نییە، بەڵکو هەموو جومگە هەستیارەکانی ژیانی گرتووەتەوە و وایکردووە زۆرینەی خەڵک هەست بکەن لە ماڵ و خاکی خۆیاندا بوونەتە مێوان یان کەسانی نامۆ.
ئەگەر لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە سەیری بارودۆخەکە بکەین، دەبینین سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی، کە دەبوو ببێتە هەوێنی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو تاکێکی کورد، ئێستا لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا قەتیس ماوە. لە کاتێکدا دەستەیەکی کەم خەریکی کۆکردنەوەی سەرمایەی بێشوومارن، زۆرینەی کۆمەڵگە لە خەمی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی وەک خۆراک، نیشتەجێبوون و چارەسەری پزیشکیدان. ئەم دابەشبوونە چینایەتییە دیوارێکی گەورەی لە نێوان هاوڵاتییاندا دروست کردووە، بە جۆرێک کە چەند کەسێک خاوەنی هەموو شتێکن و ئەوانی تر، خاوەنی هیچ نین جگە لە ماندوێتی و بێهیوایی.
کاتێک باس لە قووڵایی نادادی دەکەین، هیچ بوارێک وەک بواری وێژە و ڕۆشنبیری ئەو برینە بە سوێیە نیشان نادات. ئەدەب کە دەبوو ویژدانی زیندووی نەتەوە و ئاوێنەی ڕاستگۆیی بێت، ئێستا لە نێوان بەرداشی بەرژەوەندیی حیزبی و پەراوێزخستنی بەهرەمەنداندا دەهاڕدرێت . ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەبینین نووسەر و ئەدیب و شاعیرە ڕاستەقینەکان، ئەوانەی تەمەنی خۆیان لە نێو لاپەڕەی پەڕتووک و خەمی نەتەوەدا بەسەر بردووە، لە نێو تەلبەندی نادادیدا کۆت کراون و کەس ناپرسێت بژێوییان چۆنە و ژیانیان بە چ سەختیەک دەگوزەرێت.
زۆرن ئەو نووسەرە پاک و کوردپەروەرانەی کە خاوەنی بڕوانامەی باڵا و بەرهەمی دەگمەنن، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیانویستووە پێنووسەکانیان بدەنە دەست خواستی حیزب، یان ناتوانن ببنە پیاهەڵدەری دەسەڵات، ئێستا لە گۆشەی ماڵەکانیاندا نیشتەجێن و تەنانەت لە سەرەتاییترین مافی ژیان، کە بژێوییەکی شایستەیە بێبەش کراون. ئەم مرۆڤە گەورانە کە سەرمایەی شکۆی ئەم خاکەن، لە لایەن دەسەڵاتەوە وەک نامۆ سەیر دەکرێن، تەنیا لەبەر ئەوەی سەربەخۆیی هزریی خۆیان پاراستووە و نەیانکردووەتە ڕێکاری سامان کۆکردنەوە ، کە بۆ بەرژەوەندیی تەسکی ڕامیاریی چۆک دابدەن.
لە بەرانبەردا، دیاردەیەکی مەترسیدار سەری هەڵداوە، ئەویش پێشخستنی کەسانی نەخوێنەوار و بێبەهرەیە تەنیا لەبەر ئەوەی پاشکۆی حیزبەکانن. دەبینین کەسانێک کە نەک هەر شارەزاییان لە وێژە و نووسیندا نییە، بەڵکو بێگانەن لەگەڵ خوێندنەوە و زانیاری، تەنیا بەهۆی پاشکۆیەتییان بۆ لایەنێکی دیاریکراو، کراونەتە خاوەن پلەی باڵای ڕۆشنبیری و لە چەندین شوێنەوە خزمەت دەکرێن و بودجەی گەورەیان بۆ تەرخان دەکرێت. ئەمە نەک هەر سوکایەتییە بە زانست و وێژە، بەڵکو تێکدانی ڕەوشتی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، چونکە کاتێک نەزان دەبێتە بڕیاردەر و زاناش دەخرێتە پەراوێزەوە، ئەوا کۆمەڵگە بەرەو تاریکییەکی قووڵ هەنگاو دەنێت.
ئەم نادادییە لە بواری ڕۆشنبیریدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەوەی نوێ متمانەی بە زانست و داهێنان نەمێنێت. کاتێک گەنجێک دەبینێت نووسەرێکی گەورە و خاوەن بڕوانامە لە هەژاریدا دەژی و کەسێکی بێبڕوانامە و ماستاوچی لە سایەی لایەنێکدا لە ناو ناز و کامەرانیدایە، ئیتر مەیلی بۆ فێربوون و پاکی نامێنێت. نادادی لێرەدا دەبێتە خەنجەرێک و لە جەستەی کولتووری نەتەوە دەدرێت؛ چونکە نووسەری ڕاستەقینە کە مێژووی نەتەوە دەنووسێتەوە و زمان دەپارێزێت، ئەگەر دەستی نەگیرێت و ڕێزی لێنەگیرێت، ئەوا ناسنامەی نەتەوەیی بەرەو ونبوون دەچێت.
ئەو دیوارە ئەستوورەی لە نێوان دەستەیەکی سوودمەند و زۆرینەیەکی بێبەش دروست کراوە، لە بواری ئەدەبدا هۆکارێکی کارەساتهێنەرە. حیزبیبوونی بواری ڕۆشنبیری وای کردووە کە بەهرە و توانستی مرۆیی ببێتە قوربانیی پاشکۆیەتی سیاسی. نووسەرە کوردپەروەرەکە، کە خەمی گەورەی ئازادی و دادپەروەرییە، نەک هەر پۆست و پایەی پێنادەن، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لێدەکەن کە دەنگی بگاتە خەڵک. ئەمە ژینگەیەکی ژەهراوی دروست دەکات کە تێیدا ڕاستگۆیی دەبێتە تاوان و درۆکردن و دوڕوویی دەبێتە کلیلی سەرکەوتن.
بۆیە، کوردستانێک کە تەنیا بۆ پاشکۆکان و نەخوێنەوارە دەسەڵاتدارەکان بێت، ناتوانێت ببێتە نیشتمانی داهێنان. نیشتمان کاتێک گەشە دەکات کە پێنووسی ئەدیبە پاکەکان ئازاد بێت و بژێوی ژیانیان پارێزراو بێت، نەک ئەوەی لە ژێر باری گرانی بێبەشیدا پشتیان بچەمێتەوە. هەر نەتەوەیەک ڕێز لە زانا و ئەدیبەکانی نەگرێت و نەخوێنەوارەکان بکاتە پێشەنگ، ئەوا چارەنووسی هەر شکست و پاشەکشە دەبێت لە کاروانی شارستانییەتدا. کاتی ئەوە هاتووە ئەم کۆتە نادادپەروەرە تێکبشکێنرێت و نیشتمان بگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی، بۆ ئەوانەی بە خوێن و پێنووس و ماندووبوون پاراستوویانە، نەک بۆ ئەوانەی تەنیا بۆ سوودی تایبەتی خۆیان بەکاری دەهێنن.
