
ڕەنگین مەلا سەمەد
ژنان تا چەند هەوڵیانداوە نەکرێنە ئامڕازو کەرەستە.
دەرکەوتنی ژنان لە سیاسەت و پێگە جیاوازەکان دڵخۆشکەرن، ئەمە قبووڵکراوە لەڕووە مەعنەوەییەکەوە بەوەی، ژنان بەدرێژایی مێژوو توێژێکی گرنک و باڵای نێو سیاسەت و هێزێکی لەبننەهاتووبوون لە ڕووە دەروونی و جەستەییەکەوە، توانیویانە ڕۆڵە گرنگەکان پراکتیزە بکەن و پێشەنگایەتیی بەڕێوەبەریی کاروبارەکانی دەوڵەت بن،
ئایا ئەم پێشەنگایەتیی و دەسەڵات و بەشداریکردنە بەهێزو بوونی ژن خۆی بووە، یاخوود بەبەرامبەر و وەک کەرەستەیەکی سیاسی کراوەتە ئامانج و بۆ بەرژەوەندییەت بەکارهێنراوە؟
ئەو ژنانەی پلە بە پلە و قۆناغ بە قۆناغ هەنگاویان ناوە، توانیویانە دەسەڵات بە دەسەڵاتی بازوو بەدەستبێنن، یان ڕووخسارو قەدو باڵایان بەرەو دەسەڵات و پلە و پایەی بردوون؟
تا چەند ئەخلاقییەت و کەسایەتییە مەعریفییەکان لە چوونە ناو سیاسەت پەیڕەوکراوەو پارێزراوە؟
لە پشت پەردەی ئەودیوی سیاسەتەوە چی ئەگوزەرێ لە پێدانی پۆست و بەبەرداکردنی هەیبەتی ژنان؟
تێڕامان و وردبوونەوە لە سیاسەتی سیاسییەکان شایەنی زۆرترین مشتومڕو بەدواداچوونە، پێویستە بزانرێت پاکیزەیی تا چەند ڕێپێدراوە لە جومگەکانی سیاسەت، ژنان تا چەند نموونەیەکی باش بوونە بۆ وەرگرتنی پێگە باڵاکان؟ توانیویانە لەو ڕێیەوە متمانەی ژنانی تر بەدەستبێنن بۆ ڕووانین و هەوڵدان و گەیشتن بە ڕێیە دژوارەکان؟
ئەو سیستمەی داڕێژراوە بۆ ژنانی سەرکردە، لەسەر چی بنەمایەکە؟ قازانجی تیا بەدی ئەکرێ؟
ملدانە بەر سیاسەت بەبێ ئاگاداربوون لە ڕەهەندەکانی، ناماقووڵییە، خۆخزاندنە نێو تونێلێک کە دەرچوون لێی ئەستەمبێ، گەمژەیی و بەکاربردنی ئایدۆلۆژیایەکە کە خۆی لە بەکاڵاکردن دەبێنێتەوە.
بەهێزیی هۆشیاریی ڕۆشنبیریی ژنان، ناهێڵێت ببێتە نمایشێکی ساختەی دەسەڵات و لەسەر کورسییە بێدەسەڵاتەکان هاوشێوەی ڕۆبۆتێک ڕۆڵی بەسەردا بدرێ، بوێریی ڕەتکردنەوەی مەرامە خراپەکانی بەرامبەری هەبێت، نەبێتە سێبەری پیاوانی سیاسی، ئەوانەی هێڵە سوورەکانی ئەخلاقییەتی ئەبەزێنن،
بە دەستەواژەی (نەخێر و نابێ) ئەخلاقی ژنێتیی پارێزراوکات و بیکاتە چەکێکی بەهێزی بەرگریکردن لە خود، پاشکۆیەتیی بگۆڕێ بۆ سەربەخۆیی،
کۆپی دووبارەکردنەوەی دروشم و بۆچوونەکان نەبن، ئەجێنداو ڕێبازی فکریی تایبەتیان هەبێت لە بەشداریکردن و بڕیاردان، نابێت وەک خێرو سەدەقە بۆ دەوڵەمەندکردنی دەسەڵات بەکاربهێنرێن.
بڕوانامەو زمان و تواناو باکگراوندە ڕۆشنبیرییەکان دەبنە ئەو کارتە بەهێزەی، بێمنەتانە، ژنان دەبەنە ناوەندی سیاسەت و دەسەڵات و، ناهێڵێت هەرگیز ببێتە کەرەستەیەک لە بەکارهێنان و یاریکردن.
