ئومێد قەرەنی

 

گفتولفتی جادووییە

زوو زوو لە تیڤییەکانەوە دەردەکەوێ،

مەمەند پیاوێکی خاسە

ڕا و ڕوانینی خۆی هەیە،

بۆ هیچ پرسێ دانامێنێ!

— ئەوەیان ئازادییە! —

​مەمەند لە وێنەکان تەنیا نییە،

سێلفیی زۆر هەن،

لەگەڵ پیاوانی دەربار...

​شەوانە بە ئاسوودەییەوە دەڕازێ،

لە هیچ شتێک پەژیوان نییە،

لە هیچ بارێک،

 هەستی بوون بە دڵۆپە ئاوێکی نەچەشتووە!

​دەستەوتاقم، ئاسایشی

گەڕەک و باژێرەکەی زۆر خۆشدەوێ

— باژێرەکانی دیکە هێندە نا! —

​هێندە هێژایە، بۆ گشت مێینەیەک دەچەمێتەوە.

مەمەند عاشقی خۆیەتی،

— ئەوەیان ئاسایی نییە! —

​هەرگیز لە دڵی خۆیدا نەیگوتووە:

خۆزگەم بە دروومانکەر

سوپاس ئەی بەرگدروو.

ئەو پێی وایە ئەوە مارکەکانن

جەستەی گەرم دەکەنەوە!

​ژیانی بەسەر شانی کرێکارگەلێک هەڵگرتووە

کە هەر ڕۆژ پەنجەی یەکێکیان،

لە ماکینەیەک جێ دەمێنێ...

​منیش لە گۆشەیەکدا

لەبن باری خەیاڵاندا داچەمیوم،

گومان لە ئاوەزی خۆم دەکەم.

ئیدی خەون بە دەریا و خۆر و ئەوینەوە نابینم

ئیدی خەون بە گۆڕانی شتەکانەوە نابینم.

تەنیا خەون بە جیهانێکەوە دەبینم،

کە تێیدا،

مەمەند لەنێو گەوادییەکانی خۆیدا بخنکێ!