
بەختیار شەعبی
پێش چل رۆژ شێرە ئافرەتێکی شیوعی هەولێری ، کە ئەویش دکتۆر سامیە شاکر سادق ناسراو بە ( مەشخەڵ) بەجەستە بە جێی هێشتین و، خەمێکی گەورەی لەسەر دڵی ڕێبوارانی رێگەی نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار دانا ....
دیارە باسکردنی خەبات و تێکۆشان و ماندووبوونی دکتۆر سامیە هێندە ئاسان نییە و، بەڵکو ناکرێت لە نووسینێکی وەها کورتدا هەقی خۆی بدەینێ .....
بۆیە لێرەدا زۆر بەکورتی باسی ڕاستگۆیی و دەستپاکی ئەو کادیرە شیوعییە نەمرە دەکەم .
هەروەک هەموو لایەکمان دەزانین کە دکتۆر سامیە کادیرێکی پێشەکەوتووی حزبی شیوعی بوو، هەروەها لە گەڵ کۆمەلێک هاوڕێی پێشەنگی حزبمان لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا بۆ (دوو خول ) نوێنەری حزبی شیوعیی عیراق بوون لە ئەنجوومەنی یاسادانان .
ئەوی جێگای شانازیی سەرجەم شیوعییەکانە و پێێ سەر بڵندین ، دەستپاکی و و بەکارنەهێنانی پێگە و دەسەڵاتەکەیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و خانەوادەکەیان ، بەواتایەکی دیکە ، تێوەنەگلانیان لە گەندەڵی و پیسخۆری ، کە هەتا نەیارەکانیشیان سەرسام کردبوو، ئاخر ئەوان زۆر بە ئاساندی دەیانتوانی ببنە خاوەن پارە و زەوەی وڤێلاو سەیارەی گرانبەها و پاسەوان ،بەڵام ئەوان خەباتیان بۆ خۆشگوزەرانی گەلەکەیان دەکرد نەک بۆخۆدەوڵەمەندکردنی خۆیان و خانەوادەکەیان .... !
لای ئەوان شیوعیەت بەرلە هەموو شتێک دەستپاکی و ڕەەوشت بەرزیی و دڵسۆزی بۆ گەل ونیشتمان و حزبەکەیان بوو!
دکتۆر سامیە لەماوەی شەش ساڵی کارکردنی وەک ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانان ، وەک کادیرێکی شیوعی دەست پاک کارەکانی ئەنجام دەدا ، رۆژێکیش نەک تەنها پێگە یان دەسەڵاتی بۆ بەرژەوەندی خۆی وخانەوادەکەی بەکارنەهێنا ، بەلکو مووچەکەیشی کە وەری دەگرت ، نیوەی بۆ حزبەکەی بوو، نیوەکەی تریشی بۆ خۆی و خانەوادەکەی.
دیارە ئەو کات وەها بوو نوێنەرانی حزبمان لە ئەنجوومەنی یاسادانان و جێبەجێکردن نیوەی مووچەکانیان بۆ حزبەکەیان بوو .
لەچلەی ماتەمینی دکتۆر سامیەی دەست پاک وڕاستگۆ و دلسۆز و شیوعی سەرڕاست و زانست پەرست سەری ریزو نەوازشی بۆ دادەنەوێنم و پر بەقورگم هاواردەکەم دەڵێم : سڵاو لەو مەشخەڵەی کە تاهەتایە خامۆش نابێت ...
