ڕۆژی هەینی ۲٤ی نیسان ، ​دکتۆرە ئالێدا چی گێڤارا، کچی شۆڕشگێڕی ناودار ئێرنێستۆ چی گێڤارا، خەڵاتی ساڵانەی "ڕۆزا لوکسەمبۆرگ"ی لەلایەن ڕۆژنامەی "یونگە ڤێڵت"ی ئەڵمانییەوە پێبەخشرا.

​ئالێدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەیە، تیشکی خستە سەر بارودۆخی کوبا و گرنگی هاوکارییە مرۆییەکان و ڕایگەیاند کە کوبا بەبێ چاوەڕوانی پاداشت هاوکاری وڵاتانی تر دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە بۆ ئەوە ناچینە وڵاتانی تر تا شتێکمان دەستکەوێت، بەڵکو بۆ ئەوە دەچین ژیانی خەڵک باشتر بکەین، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەهایەکی گەورەیە."

ئالێدا وتەیەکی باوی کوبییەکانی بەکارهێنا و وتی: "بەختەوەر ئەو کەسەیە کە وەردەگرێت و بیرناچێت، دەشبەخشێت و بیری نایەتەوە."

نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە پاشەکشەی مافەکان لە ئەوروپا، لەوانە داخستنی خێراو بەردەوامی نەخۆشخانەکان، لەدەستدانی مافی کرێکاران و خراپیی دۆخی نیشتەجێبوون.
​جەختی کردەوە کە مرۆڤ پێویستە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی هەبێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان. وتیشی، پێویست ناکات حەتمەن شیوعی یان سۆسیالیست بیت تا لەمە تێبگەیت، ئەمانە پرسە بنەڕەتییەکانی ژیانن."

ئالێدا داوای کرد کۆمەڵگەکان یەکبگرن بۆ دابینکردنی سیستەمێکی تەندروستی مرۆیی، پەروەردەیەکی بێبەرامبەر و پاراستنی کەرامەتی کرێکاران.
​ئالێدا لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە گەلان کرد کە هێزی خۆیان وەک کۆمەڵگە بناسن، چونکە تەنها بە یەکگرتوویی دەتوانن ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە و ڕێگری بکەن لە زەوتکردنی مافە مرۆییەکانیان.

وتاری نووسەران