.عێراق ڕۆژانە نزیکەی ٣.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد 
 عێراق ڕۆژانە زیاتر لە ٢٥٢ ملیۆن دۆلار داهاتی هەبوو.
 داهاتی ڕۆژانەی عێراق بۆ تەنها ٢٢ ملیۆن دۆلار دابەزیوە.


ڕێگای کوردستان


شەڕی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، زیانێکی گەورەی ئابووری بە عێراق گەیاندووە و وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم قەیرانێکی دارایی قووڵەوە، ئەمەش بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە لەلایەن ئێرانەوە.
 هەناردەی نەوتی عێراق کە شادەماری ئابوورییەتی، تووشی ئیفلیجی بووە، ئەمەش وایکردووە زیانەکان بە دەیان ملیار دۆلار بخەمڵێنرێن و مەترسی گەورە لەسەر بودجەی گشتی دروست ببێت.
پێش دەستپێکردنی ئەم جەنگە، عێراق ڕۆژانە نزیکەی ٣.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد کە زۆربەی لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە بوو، بە نرخی نزیکەی ٧٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ڕۆژانە زیاتر لە ٢٥٢ ملیۆن دۆلار داهاتی هەبوو. بەڵام ئێستا بەهۆی وەستانی هەناردەی باشوورەوە، بەرهەمهێنان بۆ ١.٤ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە و تەنیا نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕێگەی تانکەرەوە بەرەو دەرەوە هەناردە دەکرێت، هەرچەندە نرخی نەوت گەیشتووەتە سەروو ١١٠ دۆلار، بەڵام داهاتی ڕۆژانەی هەناردەکراوی عێراق بۆ تەنها ٢٢ ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
شارەزایانی ئابووری لەو بارەیەوە هۆشداری دەدەن کە دۆخی وڵات زۆر مەترسیدارە. 
پسپۆڕان پێیان وایە پشتبەستنی عێراق بە ڕێژەی ٨٨٪ بە داهاتی نەوت، وا دەکات قەیرانەکە ببێتە هۆی کورتهێنانی گەورەتر لەو ١٧ ترلیۆن دینارەی پێشتر ڕاگەیەنرابوو.
بەرپرسان و ئابووریناسان جەخت دەکەنەوە بەردەوامیی جەنگەکە و وەستانی هەناردە، عێراق بەرەو داڕمانی تەواوەتی دارایی دەبات، چونکە سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی لەدەست داوە.
ئەم دۆخە نالەبارە کاریگەرییەکی زۆر وێرانکەری لەسەر مووچە و ژیانی خەڵک دەبێت، بەهۆی ئەوەی نزیکەی ٨٤٪ی خەرجییەکانی حکومەت بۆ مووچە و خەرجییە بەکاربەرەکانە، نەبوونی داهاتی نەوت وا دەکات حکومەت لە داهاتوودا نەتوانێت مووچەی فەرمانبەران بەپێی پێویست دابین بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، گرانیی بازاڕ و قورسبوونی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان، کە لە ئەنجامدا ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی چاوەڕواننەکراو لە سەرتاسەری وڵاتدا، ئەگەر بێت و چارەسەرێکی خێرا بۆی نەدۆزرێتەوە.

وتاری نووسەران