ڕێگای کورڕستان

لەگەڵ بەردەوامی بنبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەڵمەتێکی توندی هەڕەشە و هۆشدارییان دژی هەولێر دەستپێکردووە و داوای سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەهای فیدراڵی بەسەر سەرجەم کێڵگە و بۆرییە نەوتییەکاندا دەکەن.
لە نوێترین پێشهاتدا، حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، بە توندی وەڵامی مەرجەکانی هەولێری دایەوەو داوا دەکات بەغداد کۆنترۆڵی ناوچەکانی نەینەوا و کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و موسڵ بگرێتەوە دەست. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵی دەست بەسەر بۆری نەوتی عێراق-جەیهاندا بگرێتەوە وەک موڵکی کۆمپانیای نەوتی باکوور، هاوکات داوای قەرەبوو لەو کۆمپانیایانە دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە ووتەی ئەوان بە گرێبەستی نایاسایی بەکاریانهێناوە.

لەلایەکی دیکەوە، بزووتنەوەی بابلیۆن بە سەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی،بەیاننامەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی ڕەتکردەوە و بە کومڕاکردنی ڕای گشتی وەسفی کرد. 
بابلیۆن هۆشداریدا کە نەوت موڵکی هەموو عێراقییەکانە و پشتیوانی لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند و سکاڵاکردن لە دادگای فیدراڵی دەکات دژی هەر لایەنێک دەسەڵاتی بەغداد تێپەڕێنێت، هەروەها هەڕەشەی لێپرسینەوەی سیاسی و یاسایی کرد لە داهاتوودا.
لە هەمان کاتدا، حسێن فەدعەم، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ئاشکرای کرد کە هەولێر چەند مەرجێکی وەک خەرجکردنی مووچەی ساڵی ڕابردوو، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی گومرگی (ASYCUDA) و پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە بازرگانانی هەرێمی داناوە بۆ ڕێگەدان بە هەناردەی نەوتی کەرکوک. فەدعەم هێرشی کردە سەر هەولێر و ڕایگەیاند، هەولێر هاوبەشێکی جێی متمانە نییە و داوای پێداچوونەوەی ڕیشەیی بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێری کرد.

ئەم هەڕەشانە دوای ئەوە دێت، کە بەغدا داوای لە هەولێر کرد ڕێگەی پێبدرێت، لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمەوە ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەڵام هەرێم ئەم داواکاریەی ڕەتکردەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، بەشێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراق، چەندین جار هەرێمی کوردستانیانکردە ئامانج.

وتاری نووسەران