🔻تۆم باراک دۆسیەکانی چەک، نەوت و پەیوەندی لەگەڵ هەولێر دەکاتەوە

🔻پێویستە بەغدا ڕۆڵێکی گەورەتری هەبێت لە بەڕێوەبردنی هەندێک دۆسیە لەناو هەرێمی کوردستاندا،

​عەدنان محەمەد تەمیمی، ئەندامی سەنتەری گەشەپێدان ڕایگەیاند، سەردانی تۆم باراک، نوێنەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەغدا، کۆمەڵێک پەیامی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، کە ئاماژەیە بۆ هەوڵی ئیدارەی ئەمریکا بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە قۆناغی داهاتوودا.
​تەمیمی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی "بەغدا ئەلیەوم" ڕایگەیاند، سەردانەکەی باراک و دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرکردە سیاسییەکان، سەردانێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لە ڕێکخستنی پێشوەختە کە سێ پەیامی سەرەکی لە خۆگرتووە: 

یەکەمیان، خواستی واشنتۆن بۆ بنیاتنانی فۆرمێکی نوێی پەیوەندییەکان لە دۆسیە ئەمنییەکان و ئابوورییەکاندا، بەجۆرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بگونجێت.

​هێڵی نەوت بۆ سوریا لەسەر مێزی گفتوگۆکانە

تەمیمی ئاماژەی بەوەشکرد، پەیامی دووەم بریتی بووە لە هاندان بۆ پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆڕییەکی نەوت کە عێراق بە سوریاوە دەبەستێتەوە، بەمەبەستی بەهێزکردنی هاریکاریی ئابووری لەنێوان بەغدا و دیمەشق و کردنەوەی ڕێڕەوی زیاتر بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق.

​کۆنتڕۆڵکردنی چەک پێشینەی ئەمریکایە

ناوبراو جەختی کردەوە کە دیارترین پەیامی سەردانەکە تایبەت بووە بە دۆسیەی گروپە چەکدارەکان و کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بەو پێیەی واشنتۆن پێی وایە بەهێزکردنی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی لە دۆسیە ئەمنییەکاندا، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ سەقامگیری عێراق.

​پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر

تەمیمی ئاماژەی بەوەشدا کە سەردانەکە ڕەهەندی دیکەی هەبووە سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر، بەو پێیەی باراک پێی وایە پێویستە بەغدا ڕۆڵێکی گەورەتری هەبێت لە بەڕێوەبردنی هەندێک دۆسیە لەناو هەرێمی کوردستاندا، بەجۆرێک لەگەڵ تێڕوانینی ئیدارەی ئەمریکا بۆ شێوازی پەیوەندی نێوان هەردوولا بگونجێت.

وتاری نووسەران