لەڕوانگەی چینایەتیەوە

‎عوسمان زیندانی

 ‎ماوەیەكە دەسەڵاتی هەرێم بەشێوازی جۆرا وجۆر و بەبەرنامە و پاڵپشتی سەرۆكایەتی حكومەت و میدیا فەرمی و سێبەرەكانیان بانگەشە بۆ كار و چالاكی و دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێم بەتایبەت كابینەی نۆیەم دەكات ٠

 ‎دیارە هەر دەسەڵات وحكومەتێك مافی خۆیەتی كە ئەوەی هەیەتی و نیەتی بیخاتە ڕوو و بانگشەی بۆ بكات

‎ بەڵام دەبێت لەسەر بنەمای ڕاستی و دەلیل وبەڵگە بێت٠

 ‎لەهەمان كاتدا جەماوەر و هێز ولایەنی ئۆپۆزسیۆنیش مافی خۆیەتی و ئەركیەتی كە خاڵە لاواز و كەموكورتیەكانی حكومەت بخاتە ڕوو و ڕەخنەگرانە بڕوانێتە كار وبەرنامەكانی وهەڵسەنگاندن بكات بۆهەڵوێستەكانی ،  بەرژەوەندی گشتی و یاسا ومافی مرۆڤ بكاتە بنەمای تێڕوانینەكانی بەتایبەت مافی چینی كرێكار و توێژە پەراوێز خراوەكان ٠

‎خاڵی یەكەم:

‎لەماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆدا بۆ یەكجاریش بودجە پێشكەشی پەرلەمان نەكراوە كە ئەم خاڵە ئەركێكی سەرەكی حكومەتە٠

‎خاڵی دووەم:

‎لەكابینەی نۆدا دواكەوتنی مووچە  بەردەوامە و ئێستا (١٦-٧-٢٠٢٣)هێشتا مووچەی مانگی شەش دابەش نەكراوە ئەو بەڵێنەی دایان بەمووچە خۆران و خانەنشینان لەكاتی هەڵبژاردن كەپاشكەوت دەگەڕێنینەوە جێبەجێ نەكراوە حكومەت بەدەیان مووچە قەرزارە٠

‎خاڵی سێیەم:

‎ڕاگرتن و ڕاوەستانی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و دەرماڵەكان بەردەوامە كەبێ هیچ بنەمایەكی یاسایی ئەم

‎كارە كراوە٠

‎خاڵی چوارەم:

‎هیچ دامەزراندن وهەلی كارێك بۆ دەرچووانی زانكۆ وپەیمانگاكان لەبەرنامەدا نیە تەنها بەشێوەی نهێنی ودیاركراو بۆ كەسانی سەر بەدەسەڵات وبنەماڵەی حوكمڕان نەبێت كەمافی كاركردن یەكێكە لەبنەماكانی یاسای كار و مافی مرۆڤ٠

‎خاڵی پێنچەم :

‎بەدەیان كۆمپانیاو وەبەرهێنەر پرۆژەكانیان وەستاوە لەبەرئەوەی حكومەت سلفەی تەواوەتی وپێوویستی نەداوە پێیان بەم هۆیەشەوە بەسەدان كرێكار بێكار بووە٠

‎خاڵی شەشەم:

‎زیاد كردنی باج  وڕسومات لەسەر هاوڵاتی وكاسبكاران بەردەوامە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو بەرزتری دەبەن كەدواجار خەڵكی كڕیاری هەژار لێی زەرەرمەند دەبێت٠

‎خاڵی حەوتەم :

‎جاران ساڵانە دوو بەرمیل نەوت دابەش دەكرا بەسەر هاوڵاتیاندا بەڵام زۆربەی هاوڵاتیان بئ بەشن لەم مافە سەرەتاییەی مرۆڤ٠

‎خاڵی هەشتەم:

‎بەرز بوونەوەی نرخی  نان وسوتەمەنی خۆراك و زۆربەی پێداوویستیە ڕۆژانەیەكانی جەماوەر یەكێكە لە سیماكانی كابینەی نۆ٠

‎خاڵی نۆیەم:

‎كەیەكسانە لەگەل ژمارەی كابینەكانی حكومەت

‎ بەردەوام بوونی حكومەتە لە هەڕاجكردنی كەرتی تەندروستی وخوێندن وئاو و كارەبا و گەشتوگوزار لەڕێگەی فەرامۆشكردن و فرۆشتنی ئەم بورارە ژیارییانەی ناو كۆمەڵ و ئێستا بەهەزاران كەس توانای خەرجی نەشتەرگەری و كڕینی دەرمانین نیە٠

‎ئەگەر خاڵ ببژێرین لە نۆ خاڵەوە دەچین بۆ نۆسەد خاڵ  ئەوە باسی چارە نوسی سنوری هەرێمی كوردستان وكێشەكانی پێشمەرگەو ماددەی ١٤٠ و پرسی نەوت وغاز لەگەڵ عێراق هەر مەكەن وهەر وەكو خۆیەتی ٠

‎كوشتنی ژنان وەكوجاران بەردەوامەوڕۆژانە پێشێلكاری زەق ومەترسیدار ئەنجام دەدرێت دژی ئافرەتان وئامارەكانی ڕێكخراوەكان ژنان وبەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی سەلمێنەری ڕاستی قسەكانمان٠

‎بێكاری لەناو كرێكاراندا بەردەوامە و ڕۆژانە ڕوداوی مەترسیدار ڕوودەدات لەناوەندەكانی كاردا وبەپێی ئاماری سەندیكای كرێكارانی بیناسازی لەماوەی چوار ساڵدا زیاد لە سەد كرێكار گیانی لەدەستداوە وبەسەدانی تریش بریندار بوون ٠

‎گرتن و ێشێلكاری بەرامبەر بەڕۆژنامە نوسان بەردەوامە و  ئامارەكانی سەنتەری میترۆ و یەكێتی ڕۆژنامەنوسان بەسەدان پێشێلكاری كراوەو ، ئەوان شاهیدی گرتن ولێدان و سوكایەتی و ڕێگریكردنە لە ڕووماڵ وكاری ڕاگەیاندنكاران ٠

‎پرۆسەی سیاسی بەدۆخێكی پڕ لەتوند وتیژ وململانێ نایاسایی و زیندوكردنەوەی كۆنەپەرستی  دەڕوات و هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجام نەدراو تەمەنی پەرلەمان بەنایاسای درێژ كرایەوە دواجار دادگای اتحادی بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە ئێستا هەرێم لەبۆشایی یاسایدا ژیانی سیاسی وحوكمڕانی دەكات٠

‎ دەستێوەردانی هەرێمایەتی و كوشتنی تێكۆشەرانی سیاسی وەپەنابەرانی باكور و ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات بەردەوامە و لەشكركێشی و بۆمباران كردن بەردەوامە ، شتێك نەماوە بەناوی سەروەری هەرێمەوە دڵڕازیكردنی دەوڵەتانی ناوچەكە جێگای سیاسەتی نیشتمانی گرتۆتەوە٠

‎ژیانی كۆمەڵایەتی جەماوەر بەرەو ئاراسەیەكی كۆمەڵایەتی زۆر خراپ دەڕوات و ڕۆژانەكوشتن وهەڵوكوتانە سەر بنەماڵە و یەكتر كوشتن جێگای پێكەوە ژیانی گرتۆتەوە و بەردەوامیش هەندێك ناوەندی ئایینی و بانگخواز سوكایەتی بەژنان وچالاكوانان دەكەن و دەسەڵاتیش بێدەنگ وسەنگ لەسەر كورسی حوكمڕانی  دانیشتوە٠

‎هەموو ئەم هەلومەرجە سیاسی وئابووری و كۆمەڵایەتیەی  فەرهەنگیە  خراپ و دواكەوتو پڕ لە پێشێلكاریە دەرئەنجامی سیاسەت بەرنامەكانی كابینەی نۆ و پاشماوەی كابینەكانی تری حكومەتی هەرێمە ڕاستر بڵێین دەسەڵاتی یەكێتی وپارتیە كەسەرچاوەی لەبیروباوەڕی بۆرژوازیانەوە گرتوە و گرنگ كۆكردنەوەی سامان و داهاتە لەسە حسابی خەڵكی هەژار و زەحمەتكێش كە ئەمە هەمیشە سیفەت و ئاكاری سیستەم حوكمڕانە سەرمایەدارەكان بوون٠

‎دواجار ئەگەر ئەم كابینەیە ڕاست دەكات كەخزمەتی بەرچاوی كردوە با وەڵامی ئەم. ئامارانە بداتەوە٠

 

 

وتاری نووسەران