تێگەیشتن لە دۆزی کرێکار لەمڕۆدا، دوای چەند سەدەیەک لە کێشمەکێشی پەیوەندیی نێوان تیۆر و واقیع، هەروەها دوای گۆڕانکارییە بونیادییەکان و ئەزموونەکان، پێش هەموو شتێک ئەرکێکی شۆڕشگێڕییە. ئەمەش بەبێ دەستبردن و کارکردن لە کایەی فیکری و فەلسەفی و میتۆدی دیالێکتیکیانە چێ نابێت.
لە ساڵی ١٨٤٥، مارکس لە "تێزەکان لەبارەی فۆیەرباخ"دا لە تێزێکدا دەڵێت: "فەیلەسووفەکان تا ئێستا تەنیا بە شێوازی جیاواز جیهانیان لێکداوەتەوە، بەڵام ئێستا کاتی گۆڕینیەتی."
هەرچەندە سیاق و ئاراستە جیاوازەکانی لەگەڵ فۆیەرباخ و هیگڵ قسەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام ئەمە زۆر جار وەک بیانوویەک بەکارهێنرا بۆ ئەوەی کارکردن لە کایەی فیکری لە دوای مارکس بە کارێکی تەواوکراو دابنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەهەندێکی ئەو تێگەیشتنەی مارکس بۆ دەرکردنی فەیلەسووفەکان بوو لە ژوورە داخراوەکان، بۆ ئەوەی فەلسەفە بە تەنیا خەریکی "تەماشاکردن" و "شیکردنەوە" نەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی کۆتایی بەو قۆناغە بهێنێت کە فەیلەسووفەکان لە ژوورە داخراوەکانیاندا دابنیشن و باسی جیهان بکەن، بەبێ ئەوەی دەستیان بچێتە ناو قوڵیی کار و ململانێی ڕاستەقینەی ناو کۆمەڵگە.
لێرەدا کۆمەڵگە وەک کێڵگەی تاقیکردنەوە و تێگەیشتن دەبێتە چەق. سیاقی ئەم قسەیە بۆ چەمکی "پراکسیس" (Praxis) دەگەڕێتەوە، کە بە واتای (پەیوەندیی نێوان تیۆر و واقیع) دێت. مارکس پێی وابوو: تەنیا بە بیرکردنەوە لە زوڵم، لە زوڵم تێناگەین؛ ڕاستی (Truth) شتێکی تیۆری نییە کە لە پەڕەی کتێبەکاندا بیدۆزینەوە، بەڵکوو ڕاستی لەناو "کردار"دا دەسەلمێنرێت. ئامانجی مارکس ئەوە بوو فەلسەفە وەربگۆڕێت بۆ هێزێکی گۆڕانکاری، واتا جۆرێک لە گواستنەوە لە "فەلسەفە"وە بۆ "شۆڕش" (سیاقی سیاسی). هاوکات پێش مارکس، فەلسەفە وەک "زانستی زانستەکان" سەیر دەکرا؛ شتێکی زۆر بەرز و پیرۆز بوو کە کاری بەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و کارگەوە نەبوو.
مارکس فەلسەفەی هێنایە سەر زەوی، گوتی: "ئەرکی فەیلەسووف تەنیا ئەوە نییە مانای ژیان بزانێت، بەڵکوو ئەرکی ئەوەیە ئەو ژیانە تێکبدات کە پڕە لە چەوسانەوە، و ژیانێکی نوێ دروست بکات." لێرەوەیە کە مارکسیزم لە فەلسەفەیەکی پەتییەوە دەبێتە ئایدۆلۆژیایەکی شۆڕشگێڕ.
مارکس باوەڕی وابوو مێژوو بە شێوەیەکی ماتریالی و میکانیکی ناجووڵێت بەبێ هەبوونی ڕۆڵی مرۆڤ. بۆیە لە سەدەی ١٩ـەوە بۆ ئەمڕۆی سەدەی ٢١، جارێکی تر تێگەیشتن لە "دۆزی کرێکار" وەک پرسێکی فیکری و فەلسەفی، یەکێکە لە گرنگترین ئەرکە شۆڕشگێڕییەکان بۆ ڕۆشنبیران و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان. 
لە فیکری مارکسیدا، کرێکار تەنیا کەسێک نییە کە کار دەکات، بەڵکوو "بکەرێکی مێژووییە". مارکس کرێکاری کردە دۆز لە ڕێگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١ـ نامۆبوون (Alienation): مارکس پێی وایە لە سیستەمی سەرمایەداریدا، کرێکار لە بەرهەمی کارەکەی، لە پرۆسەی کارکردن، لە خودی خۆی و لە مرۆڤەکانی تریش نامۆ دەبێت. کرێکار لێرەدا دەبێتە "کاڵا" و بەها مرۆییەکەی لەدەست دەدات.
٢ـ زێدەبایی (Surplus Value): ئەمە ئەو چەمکە ئابوورییە فەلسەفییەیە کە دەیسەلمێنێت سەرمایەدار لە ڕێگەی دزینی ماندووبوونی کرێکارەوە دەوڵەمەند دەبێت. لێرەوە کرێکار دەبێتە "قوربانییەکی سیستماتیک" و دۆزەکەی ڕەهەندێکی دادپەروەری وەردەگرێت.
٣ـ ململانێی چینایەتی: مارکس پێی وابوو بزوێنەری مێژوو "ململانێی چینایەتییە". کرێکار (پرۆلیتاریا) ئەو چینەیە کە بەرژەوەندییەکەی لەوەدایە کۆتایی بە هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک بهێنێت، چونکە خۆی لە خوارەوەی هەرەمەکەیە. بۆیە دۆزی کرێکار دەبێتە دۆزی ڕزگاریی مرۆڤایەتی.
دوای بینینی ئەزموونە تیۆری و پراکتیکییەکان لە سەدەی ١٩ـەوە بۆ ئەمڕۆ، چەندین گۆڕانکاری لە مارکسیزمی دوای مارکسدا ڕوویاندا. گۆڕانکارییەکانی ئەو کات و پێداویستییەکانی ئەمڕۆش، دەبنە ناوەڕۆکی بەشی دووەمی ئەم زنجیرە وتارە.

وتاری نووسەران