ئیسرائیل، ئێران وەک هەڕەشەی مان و نەمانی خۆی سەیر دەکات. ئەمەش تەنها لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو موشەکە بالیستییەکان و هێزەکانی وەک حەماس و حیزبوڵاش دەگرێتەوە. ئامانجی ئیسرائیل گەیشتن نییە بە ڕێکەوتنێکی سیاسی درێژخایەن، بەڵکو لاوازکردن و تێکشکاندنی تواناکانی دوژمنەکەیەتی بۆ ماوەیەک، و کاتێکیش ئێران دووبارە تواناکانی بونیاد دەنێتەوە، ئیسرائیل هێرش دەکاتەوە. ئامانجی ئیسرائیل تەنها کڕینی کات و دوورخستنەوەی هەڕەشە هەنوکەییەکانە لەسەر وڵاتەکەی.  

ئەمریکا، پێویستی بە دیدگایەکی گشتگیرتر هەیە و دەیەوێت ئێران دەستبەرداری ڕەفتارە تێکدەرانەکانی بێت، ئەویش نەک تەنها لەپێناو ئیسرائیل، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، پاراستنی هاوپەیمانەکانی لە کەنداو، و سەقامگیرکردنی نرخی وزە لە جیهان و ناوخۆی ئەمریکادا. 

ئێران، بەتایبەت سوپای پاسداران، بە تەواوی دژی هەر تێگەیشتنێکی ڕۆژئاواییە بۆ ڕێکەوتن، شەرعییەت و مانەوەی خۆی بەستووەتەوە بە دروشمی لەناوبردنی هێزی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە. سازشکردن و ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا بە واتای لەدەستدانی یەکێک لە کۆڵەگە گرنگەکانی شۆڕشگێڕیی و کۆتایهاتنی یەکجارەکی دێت. 

 

وتاری نووسەران