سەردارئەکرەم -بەریتانیا

لە مێژووی ئەدەبیاتی شانۆییدا کەم بەرهەم هەن کە توانیبێتیان وەک شانۆگەری "بەڕێکەوت مردنی  ئەنارشیستێک"ی نووسەری ئیتالی داریۆ فۆ، سنوورەکانی نێوان کۆمیدیا و تراژیدیا، و ڕاستی و خەیاڵ تێکبشکێنن. ئەم تێکستە کە لە ساڵی ١٩٧٠دا نووسراوە، تەنها بەرهەمێکی هونەری نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە لە دڵەڕاوکێ و تووڕەیی شەقامی ئیتالییەوە لە کۆتایی شەستەکاندا سەرچاوەی گرتووە. داریۆ فۆ لەم کارەیدا تەکنیکی  کۆمیدیای هێواش بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پەردە لەسەر قووڵترین گەندەڵی و ستەمکارییەکانی دەسەڵات لابدات، و نیشانی بدات کە چۆن دەزگا فەرمییەکان دەتوانن ڕاستییەکان بشێوێنن و مەرگی مرۆڤێک وەک ڕووداوێکی ئاسایی و بێبایەخ وێنا بکەن.چوارچێوەی مێژوویی ئەم شانۆگەرییە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێکی ڕاستەقینە کە لە ساڵی ١٩٦٩دا لە شاری میلان ڕوویدا، کاتێک تەقینەوەیەک لە بانکی پیازا فۆنتانا ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی چەندین کەس. پۆلیسی ئیتالیا ئەنارشیستێکی بە ناوی جۆزێپی پینێلی دەستگیرکرد، کە دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی لە پەنجەرەی نهۆمی چوارەمی بنکەی پۆلیسەوە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. دەسەڵاتداران مەرگی پینێلییان وەک "خۆکوژی" یان "مردنێکی بەڕێکەوت " ناساند، بەڵام داریۆ فۆ لە ڕێگەی ئەم تێکستەوە دێت و ئەو گێڕانەوە فەرمییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەو کارەکتەری "شێت" دەخاتە ناو جەرگەی بنکەی پۆلیسەوە، کەسایەتییەک کە بە شێوەیەکی جەستەیی و دەروونی ناتەواو دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو تەنها کەسە کە دەتوانێت ڕاستییەکان بە ڕووی جەلادەکاندا بڵێتەوە.پەیامی سەرەکی داریۆ فۆ لەم تێکستەدا ڕوون و ڕاشکاوە؛ ئەو دەیەوێت بڵێت کە سیستەمی سیاسی و دادوەری کاتێک دەگاتە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، پەنا بۆ هەموو جۆرە درۆ و شێواندنێک دەبات. نووسەر لە ڕێگەی کارەکتەری شێتەوە، کە وەک دادوەرێکی باڵا خۆی دەنوێنێت، پۆلیسەکان ناچار دەکات دان بەوەدا بنێن کە گێڕانەوەکانیان پڕە لە کون و کەلێن. فۆ پێمان دەڵێت کە شێتیی ڕاستەقینە لەو کەسەدا نییە کە لە نەخۆشخانەی دەروونی دەردەچێت، بەڵکو لەو سیستەمەدایە کە مەرگی مرۆڤێک دەکاتە گاڵتەجاڕی. ئەو دەڵێت کە دەسەڵات لە ڕێگەی دروستکردنی ترس و بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکارانە، هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی هۆشیاری گشتی بکات، و شانۆ ئەرکی ئەوەیە ئەم هۆشیارییە بەخەبەر بهێنێتەوە.لە یەکێک لە دیالۆگە سەرنجڕاکێشەکاندا، پشکنەر بێرتۆزۆ ڕوو لە بینەران دەکات و دەڵێت کە بڕیاری فەرمی دادگا دەڵێت مەرگی ئەنارشیستەکە بەڕێکەوت بووە، بەڵام خۆیشی دان بەوەدا دەنێت کە ئەمە کەمێک ناڕوون و گوماناوییە. ئەمە دەستپێکی ئەو یارییە گاڵتەجاڕییەیە کە فۆ دایڕشتووە. شێتەکە لە شوێنێکی تری تێکستەکەدا، کاتێک باس لە شێوازی حوکمدانی دەسەڵات دەکات، دەڵێت کە ئەوان سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن وەک ئەوەی بڵێن بەیانی باران دەبارێت، ئەمەش ئاماژەیەکی قووڵە بۆ بێبایەخی ژیانی مرۆڤ لای ئەوانەی کورسی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. هەروەها کاتێک شێتەکە هەڕەشەی بڕینی مووچەی خانەنشینی لە پۆلیسەکان دەکات، فۆ نیشانی دەدات کە چۆن ئەم جەلادانە لە ڕاستیدا مرۆڤی بچووکن و تەنها خەمی بەرژەوەندییە مادییەکانی خۆیانە، نەک دادپەروەری.