
جەلال دەباغ
وابەسەربەرزییەوە کورد، سەیری کوردستان ئەکا
سەیری ئاڵیی ئەرخەوانی، گردەکەی سەیوان ئەکا
سەیریخاکی خۆی ئەکات و، وەک بەهەشتە خاکەکەی
سەیری چەپکە نێرگزی ژێرپەرچەمی یاران ئەکا
چۆن بەهارێکە کە گۆیژەو پیرەمەگروون سەرسپین
دامەنی سەد رەنگە، دڵدارانی پێ حەیران ئەکا
دەنگ وهاژەی ئاوی بەفراوان وسروەی بای شەماڵ
مۆسیقایەو نەیژەنە بولبول... کە دڵ بوریان ئەکا
سەیری تەختی مۆسیقای بولبول لەسەرداران بکەی
تێئەگەی هاوشانی باندی ئاوی دووئاوان ئەکا
زەردو سووریی نێرگزو بۆنی ڕێحانە کێویلە
سەد دڵی سوتاوی دڵدارانی پێ دەرمان ئەکا
دیمەنی دەشتێکی سەوزەو گەرلەدوور سەیری بکەی
هەرشەپۆلەو رووبەرووت دێ و چش لەسەد لبنان ئەکا
چۆن بە سەربەرزی گوڵالەسوورە لەنجەی خۆی ئەکا
وا شەماڵی کرد بە ساقی و، عەتری پێ پەخشان ئەکا
سەیری گۆپکەی سەوزو خونچەی لالەوو شەستپەڕبکەی
تێئەگەی وەرزێکە یاران... ئارەزووی سەیران ئەکا
کوێرەکارێزبوو، دەئێستەش گوێ لە هاژەی ڕاگرە
مۆسیقای هاژەی موتاڵای مەدحی کوردستان ئەکا
چونکە دەشت وشاخ وداروبەردی سەوزو سووربووە
نەیبڕی خوایە... کە جوانی پێشکەشی کوردان ئەکا
گەر بچیتە گەشت و سەیران ڕوو لەهەرجێگا بکەی
دەنگ و نەغمەی بولبولەو دێ، پێشەکی گریان ئەکا
چونکە پیشەی خۆیەتی، کاتێ بەهار ڕۆی و نەما
تێئەگا گوڵ زەرد ئەبێ، جا بۆلبولیش هیجران ئەکا
بێرە کوردستان و ئەوسا تۆ بەهاری تێئەگەی
خاکی کوردستان بەهاری وەک بەهەشت هاوشان ئەکا
٢٠/٤/١٩٥٧