
موحسین ئاوارە
١
تام هەیە ، شیرینە ، سوێرە ، تیژە
تاڵە ، ترشە ، مێخۆشە
کەچی شەڕ تامی نییە
شاعیرێکیش گوتی
نا .. نا ، تامی هەیە تاڵە
2
شەباقەی بروسک و گرمە گرمی هەور و
ڕمبەی موشک ، تێکەڵ بە یەک بوونە
لەو هاتوو چوونە ،
ڕژانی زراو ، هەڵتۆقینی منداڵ و
ڕووی پەڕیوی ژن و کچۆلان
شێتەکانیش پێدەکەنن
تێکەڵ بە ئاوازیکی ناساز بوونە
دەچنە سەر شەقام و لە سەر سۆشتەکاندا ، دەڕۆن .. ڕادەکەن
دادەنیشن .. پاڵ دەکەون
هەن بەر گوللەی گەرم دەکەون
بێ ئەوەی هەست بکەن چۆنە
تامی ژیان و مردن
٣
بە ئاسمانەوەیە فڕۆکە ئاگر پژێنەکان
بە ئاسمانەوەیە دڕۆنەکان
بە ڕێگاوەیە تۆپ و موشک و تانکەکان
گوتی: ئەی باڵندە تۆ باڵت هەیە و دەفڕی
من بە دارشەقێکەوە و یەک قاچ
چۆن ڕاکەم و خوێنم هەرزان فرۆش نەکەم
ژیان بکڕمەوە و درێژە بە ژیانی خۆم بدەم ؟
٤
گەر شەڕە بچووک و شەڕە ناوەنجیەکان کۆ بکەینەوە و بارتەقا بکرێ
بە قەد جەنگی دووەمی جیهانی دەبێت
دەکارێ و دەگونجێ
بە جەنگی جیهانی سێیەم ناوی ببردرێ
٥
بۆ کورد هەر وا ڕەخساوە
چ ئاگرێک داگیرسابێ
گەرمەبایەکی ناکاو هەڵیکردووە
بە دامێنی کوردەوە نووساوە
مێژوو پێمان دەڵێت
ئەوەتا شەری چاڵدێران
لە نێوان سەفەوی و تورکەکان
دیسانەوە زەرەمەند و مایە پووچی مایەوە بۆ کوردان
چیمان قازانج کرد ، چیمان بردەوە
لێکەوتەکەی ، نا ئومێدی و هەناسە ساردیەکەی بوو هەڵمان گرتەوە
٦
کە شەڕێک ئاوس دەبێ و ژان دایدەگرێ لە ژێر ساباتی شەڕگەدا
چەند منداڵێک دێنێتە سەر دنیا
هەڵدەچن وەک چلە گیا
بەڵام چارەنووس دەیانووسێ
بە قەپ و کەڵبەی تیژی شەڕ
لە چوار منداڵدا ، یەکێکیان یەتیمە
دوانیان پێشمەرگە و شەڕڤانە
ئەوەی دی کە دەژی
هەموو گیانی حەسرەت و برینە
٧
کوردێک ئاڵای کوردستانی بەرز دەکردەوە
لە کەمینێکی دانووساوی دوژمنەوە
تەقەی لێکرا
گوللەیەک ئاڵاکەی کون بە دەر کرد
کوردەی ئاڵا هەڵگر
دەستی خستە سەر سینگی
وەک ئەوەی گوللە بە سەر دڵی کەوتبێ
٨
شەڕە و نرخی خوێن لە بۆڕسەدا
تا ئەو ئاستە دابەزیوە ،
مرۆڤدۆستی ناسنامەی خۆی لێ ون بووەو نایناسێتەوە
ئەی چۆن لە نێو ئەو دوکەڵ و
گێرەشێویێنییە و وێرانیەدا خوی
بدۆزێتەوە ؟
٩
مەیخۆرێکیش دەڵێت
با ئەو پەرداخەی لێ پڕ کەم
ئەو دڵە پڕ گرێیە و سەرە ساردەم گەرم کەم
ئەگەر برینداریش بم ، با هەست بە ئێشی زامەکەم نەکەم
١٠
دزە تاڵانچیەکانیش ڕۆژیانە و دەستکراوەن
ترس و گومانیش نایانجولێنێ تا بزانن کام لایەن براون و کامیان دۆڕاون
مرۆڤن و برسین ، دەبن بە گورگ
بازرگانە چاوچنۆکەکانیش
لەو ڕۆژانەدا دەکرێ پیان بڵێین گرانفرۆشەکانیش
چەندە دوکەکەڵی ڕەشی شەڕ بەرایی لە خۆر بگرێ
ڕەشە ڕشاوی بە شەر شاردا دادەڕژێ
١١
کاتێ باڵانسی شەڕ لە دەست دەردەچێ
وەک خانووێکی چۆڵکراوەی ، دەرگا لە سەر پشت ، ڕوو بە ڕووی بایە
کلیلی لە کام گیرفانە ،
لێقەوماو ، هانا بۆ کوێ بەرێ
ئەی قفڵ وەڵامەکەی لە کوێ وەرگرێ
ئەوەتا ، لە تەقینەوەی جۆرەها چەکی مۆدێڕن
گڕمە گرمی تۆقێنەری لێ هەڵدەستێ
دەبێ چ دەنگێکی لێ دەرچێ
هاڕەی جامی پەنجەرەکان
لەو پەنجەرە ڕووتبووەدا سەیری دەرەوەم کرد
بینیم .. باڵدار باڵی هەیە هەڵدفڕێ
سەگ و پشیلە و ئاژەڵانی بێ باڵیش
ئەی بەرەو کوێ پێ هەڵبرێ
١٢
شەڕە و گۆڕستانەکان گەورەتر دەبن
نەخۆشخانەکان سیخناخ و
نوژدار و برینپێچەکان ماندوو
هەن سەرگەردان ، هەن دیل و هەن ونبوو
هەن لە ژێر دار و پەردوو
تەلار و سەختمان و خانوو
هەبوو .. هەبوو
هەبوو بە پێوە بوو
ئێستا بە لموز شکاوی و باڵ ڕووخاوی و ڕووخسار ماندوو
لە پەل و پۆ کەوتوو
ئای کە شەباقەی ڕووناکی چەند نەخۆشە
تاریکی ڕۆژییەتی و دڵخۆش