
عەباس داودی
ئەی نیانترین باڵندە
هەموو رۆژێک سپێدە
چەند جوان بۆم دەجروێنی و
لە دیواری حەوشەوە
بە سەر لقە درەختێکی پیرەوە
هەستم خاوێن دەکەیتەوە
ئاوازەکانت ئومێد بەخشەو
جارێکی تر کراس سپیم پێ دەپۆشێ
نوێ.. نوێم دەکەیتەوە
بەڵام... داخەکەم ئەوە منی دوێنی نیم
بە بەردە لاستیکەکەی دەستمەوە
ئەم سەرو ئەو سەری کۆڵان بکەم
شەڕم بە گشت چۆلەکەکان دەفڕۆشت
تەلی کارەباکانیش لێم وەڕس ببوون
پاسارییەکان
بە شەوقەوە دەورەیان پێ دەگرتم
چەندەیانم ماڵی دەکرد
پێکەوە تا دەمانتوانی لە یەکترمان دەڕوانی
نهێنییەکانمان بۆ یەکتر
بە دڵێکی بێگەردەوە باس دەکرد
نە سەرما نە گەرما
مانایەکی نەبوو
ئیشق مەشخەڵێک بوو
دونیای رووناک دەکردەوە
دەتواینەوە.. پتر لە یەکتردا
دەتواینەوە
مخابن...
ئەمێستا باڵەکانی ئومێد
هەڵکروزاون
بوێری فڕین ناکەن
لێم گەڕی باڵندە
ئەمێستا لە سوچێکی ماڵە شێدارەکەمدا
گەڕاومەتەوە قۆناغی متبوون
متبوونێک زۆر بە گومان
خۆمیش نازانم کەی دێمەوە هۆش
تاوەکو پڕ بم لە جۆش
تۆم بیر نەکردووە
هەر چرکە ساتێک لە یادی
قاچەکانم لەرزۆک بوون
خۆم راناگرم بە پێوە
تا پردەکە ببڕم و بپەڕێمەوە
توند.. توند بتگوشم بە خۆوە
یەکدی لە ئامێز بگرین
ئەمجارە بێباکانە پێکەوە
سەما بکەین
سەمای دەروێشێکی حاڵگرتوو
تاوەکو لێکتردا دەتوێینەوە
بێ گوێدانە ووتی.. ووتی
شاد بین و رۆژێکی نوێ
لاپەڕەیەکی ئۆخەی هەڵدەینەوە