
غەمگین بۆڵی
......
باران دێڕێكی درێژە
بۆ ئەو تاریكییە دەست نادات
زەوی تامەزۆریی لە پرتەقاڵێکدا دادەمرکێنێت
ڕۆژگارێکی چەند تۆخە
ڕەنگی بارانێکی سەرڕەش
لەناو هەناوی شەودا گیر كردووە
كە ڕۆحم لە سەرە كەپووم دادەخورپێنێت و
هەموو شەهیدەكانی شەڕی دینم
دێننەوە یاد.
یادەوەریم بووەتە سینەمایەكی ڕەشوسپی
ئەو فیلمی بارانە دڵۆپە دەکا
لە دێڕی یەكەمدادڵخۆشی پێیە
ناوی: «ڕەحمەت»ە
تەنها دەزانێت بەسەر پرچمان بنەڕێنێت
یەك پارچە
بۆ خانووە نزمەكان، خانووە دڵپاكەكان ڕەش ڕەشە
تەنیا دەنگی هەیە:
گرم / گرم / گرم...
دڵۆپە خێراكان بەردن
سەری حەوشەكان دەشكێنن
دڵی ماڵە هەژارەكان زیز دەكەن
دەرگاكان دەشكێنن
پەنجەرەكان و باخچەكان و شۆستەكان
هەژاری پیس دەكەن.
باران
میهرەبانی هەر ڕەنگی تۆ بووە
ئێستانەكێنێ ئەو چاكەتە ڕەشە داكەنە
دەنگم دەگاتە بن گوێی هەورەكانت
من كوردم، كورد
من هەر كوڕی دەردەسەری بوومە
تاریكایی شەوم بە خۆمدا داوە
ماڵ و تەنانەت شاریشم لێ بووەتە دەریای ئیجە
چاوم بەسەر شووشەی ئاوی تیڤییەوە باسكەمەلە دەكات
دەنگی بارانم؛
لێ بووەتە زیڕەی منداڵێكی ترساو
دەنگی بروسكم ؛
لێ بووەتە هاوار و ناڵەی دایكێكی دڵ بە داغ
هەورە دڵپڕەكان میهرەبان بن
بە هێمنی تووڕەیتان لە گێڵكە دوورەكان ڕوو بكەن
ئێمە مرۆڤگەلێكی بێچارەی دەستی سەدان زۆردارین
ئێمە كوردین، مێژوویەكی دەردەدارین
بەرگەی بارانێك ناگرین دەستی مهیرەبانی لەگەڵ نەبێت.