خدر ئیبراهیم خدر

 

ئەگەر بەگوێرەی ئەو وتەزایە بڕۆین کە دەڵێت: ( پێویستی دایکی داهێنانە)، کەواتە دەکرێت بڵێین کردەی سازکردنی بیبلۆگرافیاش دەگەڕێتەوە بۆ نیاز و پێویستی مرۆڤ کە لە ویستگەیەکی ژیاری خۆیدا پەیپێبردووە و وای بە پەسەند زانیوە  وەک میکانیزمێکی دی نێو قەڵەمڕەوی نووسین، لەقازانجی خۆیدا سوودی لێوەربگرێت. 

لەڕووی پاشخانی مێژووییەوە، چەمکی ( بیبلۆگرافیا ) دەگەڕێتەوە بۆ گریکەکان و سەرەتا بەواتای ( لەبەرگرتنەوەی کتێب ) هاتووە. پااشان لەگەڵ فراوانبوونی بازنەی بەکاربردنی ئەو چەمکە لەبواری نووسین و کۆکردنەوەدا، وەک ئاماژە و دەربڕین بۆ ( دانانی کتێب ) یش سوودی لێوەرگیراوە.  لەگەڵ تێپەڕینی سەدەکانی ناوەڕاست و بەتایبەتیش لەدوای سەدەی شانزەیەم بەدواوە، ئەو چەمکە وەک ( وەسف و ناساندنی کتێب ) یش بەکارهاتووە. ئەمەش وایکردووە بەشێوەیەکی زۆرتر و فراوانتر لەکایە ئەدەبی و ڕۆشنبیری و کارگێری و سیاسییەکاندا سوودی لێوەربگیرێت. 

جگە لە بەکاربردنی ئەو چەمکە لەڕووی کردەییەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ( لەبەرگرتنەوەی کتێب ) و ( دانانی کتێب ) و ( وەسف و ناساندنی کتێب ). هاوکات ئەوروپییەکان و خۆرئاواییەکان واتایەکی تریشین بۆ دۆزیوەتەوە، ئەویش ( زانستی کتێب ) ە و لەو چوارچێوەیەدا بەشێوەیەکی فراوان بایەخیان پێداوە.

*

لەئەمڕۆدا، ئەو چەمکە تەنها لە چوعزی ناساندن و تۆمارکردنی زانیاری لەبارەی کتێبەوە قەتیس نابێت، بەڵکو واتاکەی گشتگیرترە و دەکرێت بۆ ناساندن و تۆمارکردنی هەموو ئەو شتانە بەکارببرێت کە پەیوەستن بە خودی مرۆڤەوە،  یاخود لەرووی ژیارییەوە بەرکەوتنی لەگەڵیاندا هەیە. ئەمەش وەک ئاسانکارییەکە بۆ دامودەزگا دەوڵەتی و فەرهەنگی و سیاسی و کەلتووری و زانستییەکان تاکو بتوانن بەشێوەیەکی باش دەستیان بگاتە سەرچاوە و تۆمارەکان و لە کات و دەمی پێویستدا پشتیان پێببەستن.

*

کتێبی ( بیبلۆگرافیای نووسەرانی پشدەر ) کە لەلایە بەڕێز ( مۆفەق میراودەلی ) ەوە ئامادەکراوە. بەشێوەیەکی گشتی ژیاننامە و سیڤی کاری ئەدەبی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگی ( ١١٨ ) قەڵەمبەدەستی شاری قەڵادزێ و ئاوەدانییە جیاجیاکانی تری دەڤەری پشدەر و ناوچەی مەرگەی گرتۆتە خۆیی و وەک ئامادەکار لەپێشەکی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ کردووە بۆ بەئەنجاگەیاندنی ئەو کارەی، نزیکەی دە ساڵ هەوڵ و ماندووبوون و سۆراخ و بەدواداچوونی کردووە و جگە لە گەڕان بەدوای سەرچاوە نووسراو و ئەلکترۆنییەکان، هاوکات لەڕێگەی مەیدانیشەوە کاری بۆ ئەوە کردووە لەڕێگەی خودی قەڵەمبەدەستەکان خۆیانەوە، یاخود کەسوکارە نزیکەکانیانەوە زانیاری پێویست لەباری ژیان و کاری ئەدەبی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگی ئەوان بەدەستبهێنێت.

هۆکاری تەوزیفکردنی چەند قەڵەمبەدەستێکی ناوچەی مەرگەش بۆ ئەو کتێبە دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە تا کۆتایی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو ئەو ناوچەیە لەڕووی ئیدارییەوە وەک درێژکراوەی قەزای پشدەر  لەبەرچاوگیراوە. بەڵام دوواتر لەزێی بچووکەوە جیاکراوەتەوە و خراوەتە سەر قەزای دوکان و لەبەرامبەردا لە ( چۆمی ژاراوە ) ەوە تاکو دەگاتە چیای کێوەڕەش لەڕووی ئیدارییەوە خراوەتە سەر قەزای پشدەر کە تا ئەو سەروەختە لەدامودەزگای دەوڵەتیدا لەسەر ئیدارەی قەزای ڕانیە حساب کراوە.

کتێبەکە بەشێکی زۆر لە قەڵەمبەدەستانی ساڵانی نێوان ( ١٨٣٠ – ٢٠١٤ ) دەگرێتەوە و لەساڵی ٢٠٢٠ لەسەر ئەرکی ( ناوەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی قەڵادزێ لە سلێمانی ) بەتیراژی ٥٠٠ دانە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. هاوکاتیش لەهەردوو شاری قەڵادزی و سلێمانی ناساندنی بۆ کراوە و خراوەتە بەردیدەی هەوادارانی خوێندنەوە و نووسین.

*

وێرای دەستخۆش لە بەڕێز ( مۆفەق میراودەلی ) بۆ ئەو بەرهەمی کە دەچیتە سەر خەرمانی ئەو بەرهەمانەی تری کە لەساڵانی ڕابردوودا بڵاویکردوونەوە و خستوونیەتە بەچاوی هەوادارانی وشە و نووسین، هاوکات دەمەوێت بڵێم کە لە پاش سەرنجدانی ورد لە ناوەڕۆکی کتێبەکە و خوێندنەوەی پێدراوەکانی کەبەسەر لاپەڕەکانییەوە دەبینرێن، کۆمەڵێک سەرنج و تیبینیم لەلا گەڵاڵە بوو. بێگومان ئەو تێبیانەش هەم لایەنی ئەرێنی و هەم لایەنی نەرێنی کتێبەکە دەگرێتەوە.  هەڵبەت مەبەستی من لەبەرکابردنی وشەی ( نەرێنی ) بۆ ئەوە نییە کە وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەتکردنەوە و وەلانان سوودی لێوەربگرم، بەڵکو جگە لەوەی وەک هاوسەنگییەک لەبەرامبەر وشەی ( ئەرێنی ) دا بەکارمهێناوە، هاوکاتیش مەبەستمبووە وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ دەربڕینی ( سەرنج و تێبینی ) سوودی لێوەربگرم.

بۆ ئەوەی هەم بەڕێز ( مۆفەق میراودەلی ) لە نزیکەوە سەرنج و تێبینییەکان ببینێت و هەمیش خوێنەران بە بیروبۆچوون وتێروانینی خۆم سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە ئاشنا بکەم، بەلامەوە پەسەند بوو لەچوارچێوەی ئەو وتارەدا ئاماژەیان پێبکەم. هەڵبت شتێکی بەلگەنەویستە ئەو تێبینیانەم لەبەهەندگرتنی کتێبەکەوە سەرچاوە دەگرن، چونکە نەمویستووە ڕاگوزەر بەلایدا تێبپەڕم و وەک دەیان کتێبی تری چاپکراو پشتگوێی بخەم.

 

لایەنە ئەرێنییەکانی کتێبەکە:

- تا ئاستێکی باش گشتگیرە و ژمارەیەکی زۆر قەڵەمبەدەستی بواری نووسین و وەرگێرانی گرتۆتە خۆی بە جیاوازی ژانرە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانەوە.  

- هەوڵدراوە بە شێوازێکی ڕوون و بێ گرێ زانیاری پێویست لەباری ژیان و کاری ئەدەبی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگی ئەو کەسانە بخرێتە بەرچاوی خوێنەر کە ناو و ناسنامەیان لەو کتێبەدا کۆکراونەتەوە و بەسەرکراونەتەوە.  

- زیندووکردەوەی ژمارەیەک ناو کە لەکایەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریدا ڕۆڵیان هەبووە و مێژووی ژیان و بەرهەمیان دەگەڕێەوە بۆ چەند دەیەیەک لەمەوبەر، خاڵێکی ئەرێنی و پۆزەتیڤە کە لەو کتێبەدا بەرچاو دەکەوێت، بەوپێیەی لەیادەوەری دەستەجەمعیدا کاڵ بوونەتەوە، یاخود لەیادکراون. 

- سەرەڕای تێبینی و سەرنجەکان، کۆی کتێبەکە، هەوڵێکی باشە بۆ خستنەڕوو و نیشاندانی لایەنێک لەلایەنە گەشەکانی شاری قەڵادزێ بە تایبەتی و دەڤەری پشدەر و بەری مەرگە بەگشتی کە ئەدەب و نووسینە، بە ئەوانی دی کە لەدەرەوەی جوگرافیای ئەو شار و دەڤەرەدا دەژین.

- بەوپێیەی قەڵەمبەدەست هەیە لەچوارچێوەی کتیبەکەدا ناوی هاتووە، لەدەرەوەی قەڵەمڕەوی قەڵادزی و پشدەرەوە هاتووە و لەچەند ویستگەیەکی تەمەنیدا تیایدا نیشتەجێبووە و نووسین و بەرهەمی بڵاوکردۆتەوە، بە پێچەوانەوە هەیە  لەو شار و دەڤەرەوە  ڕوویکردۆتە شار و ئاوەدانییەکی دی نیشتمان و تیایدا نیشتەجێبووە و نووسین و بەرهەمی بڵاوکردۆتەوە، ئەمە لەلایەک بۆتە هۆی زۆرتر لێکنزیکردەوەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان لەیەکتری لە پانتایی وڵاتدا، لەلایەکی تریشەوە هاوکاربووە بۆ درووستکردنی ئاشنایەتییەکی چلۆنایەتی لەنێوان شێوەزار و بن زارەکاندا و ڕەنگدانەوەی لە گفتاری ڕۆژانە و کردەی نووسیندا. ئەمەش بە نۆبەی خۆی دەبێتە خاڵێکی ئەرێنی دی بۆ کتێبەکە کە توانیویەتی لا لەو بابەتە بکاتەوە.

لایەنە نەرێنییەکانی کتێبەکە:

- لە میانی ناونیشانی سەر بەرگدا وشەی ( نووسەران ) هاتووە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو قەڵەمبەدەستانەی لەناو کتێبەکەدا باسیان لێوەکراوە. بەڵام وەک سەرنج دەدرێت ژمارەیەک لەوانەی ناویان هاتووە و باسیان لێوەکراوە، لەڕووی کردەی نووسینەوە، بەرهەمەکانیان ناچێتە خانەی نووسین وەک ژانرێکی ئەدەبی کە ئەویش چەند لقێک دەگرێتەوە، بەڵکو تیایدایە شاعیر و هۆزانڤانە، ڕۆژنامەنووسە، وەرگێڕە. بۆیە بەرای من پەسەندتر بوو لەسەر بەرگ دەربڕینی ( قەڵەمبەدەستان ) یاخود ( ئەهلی ئەدەب و نووسین ) بەکارهاتبا، یاخود دەربڕینێکی تری نزیک لەو شێوەیە کە واتایەکی گشتگیرتری هەبووایە و بیتوانیبا ژانرە جیاوازەکان لەخۆبگرێت. 

- کتێبەکە کۆی قەڵەمبەدەستانی دوێنێ و ئەمڕۆی شار و دەڤەرەکەی نەکرتۆتەخۆی و هێشتا ژمارەیەکی دی ماون ناو و ناسنامەیان بەرچاوبخرێت، هەرچەندە بەڕێز ( مۆفەق میراودەلی ) بۆ خۆی لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە سەرەڕای خواست و داواکاری و ئاگادارکردنەوەیان، بەڵام بەهۆکاری جیا جیا بەدەنگ خواست و داواکەیەوە نەهاتوون. ئەگەرچی کەمتەرخەمی و خەمساردییەکە ناگەڕێتەوە بۆ بەڕێز ( مۆفەق میراودەلی )، بەڵکو لەدەرەوەی ویستی ئەوەوە هاتۆتەپێش، بەڵام هێشتا کەلێنێکی لە کتێبەکەدا درووستکردووە و پێیەوە دەبینرێت. 

- قەتیسکردنی ناوی قەلەمبەدەستان و نووسەران لە بازنەی ئەوانەدا کە کتێبی چاپکراویان هەیە و ئاماژەنەکردن بۆ ئەوانەی بە هەر هۆیەک بێت نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی کتێبی چاپکراوی تایبەت بە خۆیان، بەڵام لە موودەتی چەندین ساڵدا دەیان لە ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە و ماڵپەڕ و تۆرە کۆمەلایەتییەکاندا بڵاوکردۆتەوە، کێماسییەکە بەبەرۆکی ئەو کتێبەوە. هەرچەندە دەشێت بەڕێز ( مۆفەق میراودەلی ) لەپێناو قەبەنەبوونی زیاتری کتێبەکە لەڕووی قەبارە و ژمارەی لاپەڕەوە لەلای خۆیەوە بڕیارێکی وای دابێت کە ئەو قەلەمبەدەستانەش تەوزیفی کتێبەکەی نەکات، یاخود وای ڕاڤەکردێت کارێکی ئاوا هەم کاتێکی زۆرتر و هەم پشوودرێژی و سەرئێشەیەکی زیاتری پێدەوێت و لەعۆدەی تاکە کەسێکدا نییە لەموودەتێکی دیاریکراودا ئەنجامی بدات.  

- هەرچەندە ڕیزبەندکرنی ناوی قەڵەمبەدەستان بەگوێرەی ئەلف و بێ هەنگاوێکی باشە بۆ دۆزینەوەی ناوەکان بە ئاسانی لەلای خوێنەر، هەروەها بۆ وەلانانی هەر دڕدۆنگی و گازاندەیەک لەلایەن قەڵەمبەدەستانەوە کە لە ڕیزبەندکردنی کتێبەکەدا ناویان خراونەتە ناوەڕاست یاخود کۆتایی کتێبەکەوە. بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەم ڕیزبەندکردنە بۆتە هۆی تێکەڵابوونی قەڵەمبەدەستە جدی و ڕاستەقینەکان لەگەڵ بەشێک لە ئەوانەی نووسین و بەرهەمەکانیان ئەوەی نیشانداوین کە بەرخودارنین لەئاستێکی باشی وتن و نووسیندا. ئەمەش زۆرتر لەنێوان قەڵەمبەدەستانی پێش ڕاپەڕین و قەڵەمبەدەستانی دوای ڕاپەڕیندا هەستی پێدەکرێت. بۆیە من وایدەبینم کارێکی باش دەبوو ئەگەر بەڕێز ( مۆفەق میراودەلی ) لەسەر بنەمای قەڵەمبەدەستانی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین پۆلێنی ناوەکانی کردبا. ئەودەم لانیکەم کەمتر ئەو چەشنە تێکەڵییە لە قەڵەمی جدی و ناجدی دەهاتەکایەوە. بێگومان ئەو سەرنجەشم لە گۆشەنیگایەکی هەقیقەتئامێزەوە نووسیوە کە بەبەرچاوی ئەهلی ئەدەب و نووسینەوە پراکتیزەبووە و هەموومان شایەدحاڵی بووین. 

بێگومان دەشکرا لەسەر بنەمای دوو گروپ پۆلێنی ناوی قەڵەمبەدەستانی کردبا و تیایدا پشتی بە ساڵانی نووسین و بڵاوکردنەوە بەستبا. 

- هەرچەندە لە وەرگرتنی سیڤی ژیان و زانیارییەکانی تری پەیوەست بە کار و چالاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگییەکاندا، بەڕێز ( مۆفەق میراودەلی ) قەڵەمبەدەستان و کەسوکاریانی سەرپشک کردووە لەوەی لەڕووی چەندێتییەوە بنووسن، بێگومان ئەمەش هەڵوێستێکی جوانە، بەوپێیەی وایکردووە فەزایەکی بەرینتر بۆ قەڵەمبەدەسیان فەراهەم ببێت تاکو تیایدا بەکامی دڵ سەبارەت بە خۆیان بنووسن یاخود، لەدۆخی نەبوونیان لەڕووی فیزیکییەوە، کەسوکاریان لەبارەیانەوە بنووسێت. بەڵام ئەمە جۆرێک لە ناهاوسەنگی لە کتێبەکەدا درووستکردووە، چونکە قەڵەمبەدەست هەیە کۆی وشەکانی لەبارەیەوە لە دوو سەد تێپەڕ ناکات، لەبەرامبەریشدا هەیە وشەکان لەبارەیەوە سەرووی هەزار تێدەپەڕێنێت.  

*

سەرباری ئەو سەرنج و تێبینیانەی کە ئاماژەم بۆکردوون، وایدەبینم کۆی کارەکە چ وەک هەوڵ و ماندووبوون و چ وەک پێدراوێکی فەرهەنگی، شایستەی ئافەرین و دەستخۆشییەکی زۆرە و پێویستە بەهەندبگیرێت. بەرێز ( مۆفەق میراودەلی ) لە زەمەنیکدا کات و وەختی خۆی بۆ سۆراخکردن و بەدوواداچوونی سەرچاوە نووسراو و ئەلکترۆنییەکان تەرخانکردووە و  پەیوەندی بە قەڵەمبەدەستان خۆیانەوە، یاخود کەسوکارە نزیکەکانیانەوە کردووە، کە زۆر بەکەمی ئەوانی دی ئامادەن ئەو لەخۆبووردووییە نیشانبدەن و لە قازانجی فەرهەنگ و کەلتووری کوردیدا خۆیان ماندووبکەن.   

ئومێدی تەمەندرێژی بۆ بەرێز ( مۆفق میراودەلی ) و بەردەوامی بۆ کارەکانی دەخوازم.

*بیبلۆگرافیای نووسەرانی ناوچەی پشدەر. مۆفق میراودەلی، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٠