بیرتە ملوانکەی خەونەکانمان لە تەنافی ئاییندە هەڵدەواسی و

فەرشی بەڵێنمان بە نەخشی نیگا دەچنی؟

بیرتە کراسی حەزمان لەبەر تریفەی مانگ هەڵدەخست و

ئەلبوومی ژوانمان پڕ دەکرد لە وردەچیرۆکی عاشقانە؟

بیرتە پاشماوەی یادەوەرییەکانمان کۆ دەکردەوە و

تابلۆی عەشقمان بە نۆتەی هەناسەکانمان ڕەنگ دەکرد؟

بیرتە نەمامی شادیمان لە کتێبی هەست دەڕواند و

تەلاری خۆشبەختیمان ڕۆ دەنا؟

بیرتە موستیلەی تامەزرۆییمان لە پەنچەی دیدار دەکرد و

نوێژی سۆزمان دەبەست؟

بیرتە هێلانەی دڵداریمان پڕ دەکرد لە چیلکەی حەز و

هەوری تەنیاییمان ئاوێتەی باوەشی ڕەهێڵەی بارانی مەحەببەت دەکرد؟

بیرتە هۆنراوەی ئەوینمان پڕ دەکرد لە میلۆدی پەیمان و

واژۆی ئەبەدیمان لەسەر پەڕەی گوڵی دێڕەکان دەکرد؟

بیرتە هێشتا ڕەنگی خامەی خۆشەویستیمان هەڵنەپڕوکابوو و

باڵی چۆڵەکەی عەشقمان نەشکابوو؟

بیرتە هێشتا کێڵگەی ئیلهامی شیعریم ئیستاتیکای لێ دەڕوا و

سەبەتەی لێومان پڕبوو لە ماچ؟

بیرتە هێشتا ئینجانەی ئاواتەکانمان نەشکابوو و

کەشتی خەندەکانمان لە کەنار دەریای دابڕان لەنگەری نەگرتبوو؟

بیرتە هێشتا لقی قافییەی شیعرم نەچەمابووەوە و

هێشووە ترێی خۆزگەمان هەڵنەوەری بوو؟

بیرتە پەپوولەی نیگات لە ئاسمانی دیدەم دەفڕی و

شەتڵی هەناسەکانت موتوربەی درەختی ڕۆحم دەکرد؟

بیرتە قاوەی بەختمان بۆ باڵندەی ئومێد دەگرتەوە و

کۆرپەی مەراقمان لە مەزاری ئامێز دەناشت؟