
محمدی مام ڕەسوڵ
کێ وەکو من،
تۆی خۆشویستووە ؟!
وەرە فریام کەوە
من دەبوایە باڵم هەبا ،
ئەوەندە بەدوای چناری هەتاودا ڕامکردووە
فریای کولانەوەی شەوانی خۆم نەکەوتووم !
وەرەو تاشیعریش ،
ڕوومەتی بەردیواری عاتیفەی غوربەتێکی تر نەکەوتووە !
یان وەک ئەو کچەی ،
لەسەر ناسینی من تۆبەیان پێنەکردووەو
لەترسانا نەچۆتە قەراغ ئاوەدانی سووتان !
وەک ئەو باخچەیەی ،
سووراوی دەدا لەتەقەڵی ئازارەکانی و
هەموو ڕۆژێک هەنجیرەکانی دەخەواند
ڕوبار لەدەمی ئاوابوونی گریانا
سێوەکانی لێ دەدزین !!
یان وەک ئەو ڕابردوویەی ،
گوارەکانی بەخشی بەسەفەری دەریاو
کەچی ئەنگوستیلەیەکی نەدایە گۆرانـــی
پەنجەرەیەکی نەهێشتەوە
تا تەنیایی لەهەتاو هەڵکێشم و
ژنێک لەدەمارەکانمەوە هەناسەیەک بدا !!