
(٤٠)
هەمووان ڕووت و قوت و هیچمان لە بەردا نییە !
-ئێ ڕۆحی باپیرەی: نەتگوت کە مردیت چۆنت بنێژین، مەبەستمە بە پێی کامە فەلسەفە و مەزهەب و ئاین و ئیدەلۆژیا و بە چی دەستوورێک؟
-ڕۆڵە گیان، تەنها خودا نەمرە. مەیکە بە گاڵتە، تۆ کەسێکی بڕواداریت و عەدەمی و نهلیست و پووچگەرا نیت.
- باپیرەی خۆم، من کە مردم با بە پێی ئەو قەناعەتەی کە لە ژیانمدا هەمبوو بمنێژن.
من تا لەژیاندابووم و دوای ئەوەی هۆشیاربوومەوە، نوێژێکم نەکردووە و یەک تاقە ڕۆژیش چییە باوەڕم بە ئیسلام نەبووە و هەرگیز دووڕوو نەبوومه و ماسکم قبوڵ نەکردووە و کەسیکێ ئەنتی باو بوومە و بۆ یەک چرکەش لەگەڵ عامێ نەڕۆیشتم بۆ شامێ.
دوای مردنم چۆن دێن و دەمکەن بە دووڕوو و دەمبەن بۆ مزگەوت و نوێژی مردووانم لەسەر دەکەن !
ئینجا دواتر مەلا دێتە دیار سەرم و پێم دەڵێت: ئەوە برایەکی دینیمان مرد، ئێستا دوو فریشتەی شێوە تۆقێنەر و سەر و سیما ناشیرین دێن و لێت ئەپرسن: ئەی برای دینیمان، دوای دە خولەک، یاخود نیو کاتژمێریتر دوو فڕیشتە دێن. کە هاتن، لێت دەپرسن: مەن ڕەبووکە؟ من نەبییووکە؟ ما کیتابوکە؟
مەترسە و بڵێ: ئەلڵاهو ڕەببی، محەمەد ڕەسوڵی، قورئانو کیتابی.
جا ڕۆڵە تۆ عارەبی قەواعیدی تێدەگەیت و زمانی عارەبان دەزانیت؟ یان جگە لە شڕە جولفەیەکی عێراقی نەبێت کە کاتی خۆی دوو مانگ لە مەعمەل ساواری لە مووسڵ ئەلجەدیدەی موسڵ فێری بوویت.
باپیرە ئەی چۆن.
لەوە گەڕێ، قەسەم بە چەمکی ئازادی، بە مردوێتی و لەناو تابووت، ڕاستدەبمەوە و بەرلەوەی دوو ملیاکەتە ئەزرق و ئەسوەدە تۆقێنەرەکە بێن و پێم بڵێن: منو ڕەبووکە و منو نەبیووکە و مازاکیتابوکە؟
دەستم لێبوەشێن و تێم بسرەوێن و حەیزەرانم پیا بکێشن، من ئەکێشم بە دەمی جەنابی کاکە مەلا.
بۆچی ڕۆڵەکەم بۆچی؟
باپیرە ئێ من کە موسوڵمان نیم و باوەڕم بە ئیسلام نەماوە، بۆچی دێن و بە دەستووری ئیسلام دەمنێژن!؟
باپیرەدەزانی چی؟
چی ڕۆڵەکەم؟
یەکەم جار هەرچی گورچیلە و فاتەڕەش و فاتەسوور و جگەر و دڵ و شتێکم هەیە و بۆ مرۆڤایەتی و مرۆڤ سوودێکی دەبێت، با دەری بێنن. ئێ بۆ بیبەرمە ژێر گڵ و بەلاش و بە خۆڕایی، گەنیو و ڕزیوی بکەم!
تاکەی مرۆڤ هێنده خۆپەرست بێت و ئینساندۆست نەبێت؟
با هەر هیچ نەبێت گەر لە ژیاندا نەمانتوانیبێت خزمەتێکی شایستەی مرۆڤایەتی و مرۆڤەکان بکەین، دوای مردنمان بە بەخشینی ئەندامە سوودبەخشەکانی جەستەمان بیکەین. کە هیچ منەتێکی تێدا نییە و تازە هەرئێمە ڕۆیشتین.
ئافەرین ڕۆڵەی داسنی. هەستێکی جوان و بەخشینێکی ئەوپەڕی مرۆڤانەیه.
باپیرە، برادەرێکم دەیگوت: من نایبەخشم و لەو دنیا وا زیندوو دەبینەوە و لێرە چۆنی، لەوێ ڕێک، ئاوا خوداوەند زیندووت دەکاتەوە. لێرە بە گۆرچیلەیەک بیت، بە گورچیلەیەک زیندوو دەبیتەوە لەوێ. گەر گۆرانی بێژ بیت، بە گۆرانی بێژی زیندوو دەبیتەوە. مەلابیت بە مەلایەتی، سۆزانی و کچە مۆدێل و لسب و هاوڕەگەزخواز و هەرچیەک بیت، ئیتر ئاوا دەگەڕێیتەوە مەحشەر و بەردەم بارەگای خوداوەند.
تەنانەت مەلایەک دەیگوت: لەو ڕۆژە(ڕۆژی لێ پێچینەوە) هەموان ڕووت و ق و دەرپێ قوتەی ژێرەوەشمان لە بەردا نییە و گەل و گونمان هەمووی لەو گۆڕەیە!
-بۆ ڕۆڵە فیمی ڕووت و ڕۆژی خۆ ڕووتکرنەوەی دانیمارک و بەلجیکا و فەڕەنسایە؟
-باپیرە ئەو پیاوەدینیانە زۆر لینگاو قووچ و هەڵە لە خوداوەند و ئەخلاق و حاڵی بوونە !
تۆ وەرە لەو ڕۆژی مەحشەر و هەراو هۆریایەدا کیم کارداشیانت به ڕووتی لەبەرەمدابیت و خۆت بۆ بگیرێت؟
-نا ڕۆڵەکەم، ئەو چیرۆکە خورافی و قۆڕانە ڕاست نین و تۆ و هەرکەسێک، کاتێک کە مردن، یەکسەر قیامەتی تۆیە و خودا لەگەڵت یەکلایی دەکاتەوە.