
(٤٢)
گاتا لەسەر تەرم و تابووتەکەم بخوێنن
باپیرە، بابێینەوە سەر مەسەلەی مردنەکەی من.
دوای ئەوە مردم و ئەندامە سودبەخشەکانی لەشمیان هێنا دەر، با ئاڵای پیرۆزی کوردستان کفنم بێت و کەڕنەڤالێکی تەواو کوردانەم بۆ ڕێک بخەن و ئاسرەوانی زەردەشتییەکان بانگ بکەن، با بە زمانی ئاڤێستایی هەندێک گاتا لەسەر تەرم و تابووتەکەم بخوێنێت و پاشان بمبەن بۆ لالش و لەوێ با لەگەڵ شمشاڵی قاڵە مەڕە و تەپل و مۆسیقایەکی ڕەسەن و بە دەنگی ڕۆڵەکانی مێد و نەوەکانی میترایی و بە سروودی ئەی ڕەقیب و دەنگی دەفی ڕۆڵەکانی ئێزدایی بەڕێم کەن بەرە و دوا مەنزڵگەم و لە گۆڕستانی ئێزداییەکان بمنێژن.
ڕۆڵەکەم بائەوەت بڵێم: کە ناژتنی مردوو هەرگیز، نەریتی ڕۆڵەکانی میترایی نییە و دوای هاتنی ئیسلام دەخالەتی کردووەتەوە ناومان، زەردەشتییەکان لە ئەسڵدا تەرمی مردوو دەسووتێنن. ئەوە زۆر باشتره، لەوەی کە بە پێی بیرو باوەڕی ئێمەی ئاری ڕەگەز و ئایین میترایی و ئێزدایی و زەردەشتی چوار ڕەگەزەکە(ئاو، ئاگر، هەواو و خاک) پیرۆزن و دەبێت بە پاکی ڕابگیرێن و نابیت پیس بکرێن.
کەواتە باپیرە، لە جیاتی ناژتن و پیسکردنی ئەوە ڕەگەزە پیرۆزەی بوون(خاک) بە خوێن و خویزاو ئیسقان و گۆشتی گەنیوم، بمبەن بۆ لوتکەی کێوی لالشی پیرۆز و گڕ لە لاشەکەم بەردەن. ئەوە باشترە و وای دەبینم کە هێندۆسەکانیش ئەم نەریتەیان لە ئێمە وەرگرتووە..