44

ڕەوێک خەنجەری بناژۆخواز

گیانی باپیرەی، زمان و کلتورمان، مەسحەفی ڕەشمان، نزاو نوێژ و سروتە ئایینیەکانمان، هەمووی زاراوەی کورمانجی و بەزمانی کوردییە.

ڕۆڵەکانی من،  کوردی ڕەسەن و نەوەی میتراییەکان و، چاوگی کوردایەتین.

ئێزدیەکان، سەرەڕای زیاتر لەهەفتا و سێ فەرمان و جینۆساید، وەلێ هەرگیز، ڕادەستی هیچ هێزێکی تاریکی و گروپێکی هۆڤەکان نەبوون، دەستبەرداری زمان و نەریت و ئایین و کولتور و ڕابردوو و مێژووی کوردانەی خۆیان نەبوون.

 گەرچی دووژمن، عەرەب ،تورک و پارسە ڕاسیزم و ڕەگەزپەرستەکان، بە چەندین ڕێگەی جۆربەجۆرەوە، سەتان ساڵە، هەوڵدەدەن هەستی نەتەوەیی ئێزدیەکان لاوازبکەن و کوردبوو لەناخیان بکوژن و لەکورد بوونیان جیابکەنەوە و بیان کەن بە عەرەب، یان هەرهیچ نەبێت، وایان لێبکەن بڵێن ئێمە کورد نین !

 لەو هەوڵە نەزۆکەیان توانیان وا لەهەندێک لە کوردانی ئێزدی بکەن، بڵێن ئێمە کورد نین، بەڵام نەیان توانی بەو پیلانە شۆڤێنی و نەگریسە و هەوڵە فاشیستەیان تۆی ئەو قەناعەتەباتل و بەتال و بۆشە، لەدڵ و دەروونی زۆربەی ئێزدیەکان بچێنن، بۆیە شکستیان خوارد. 

 ئەو  (تورک وپارس و عەرەب)ـە ڕەگەز پەرست و دەمارگیرەکان، گەر لەهیچ شتێک یەک و یەکگرتوو نەبن، ئەوا بۆ پەرتەوازکردن لاوازکردن و پاکتاوکردن  و لێدان و لەناوبردن و جینۆسایدکردن و فەرمانکردن و قڕکردن و ئەنفالکردن و دووژمنایەتی کردنی کورد تەباو براو زۆر یەکگرتوون، و ئەوەی لەدەستیان بێت و هاتبێت، کەمتەرخەمیان لێ نەکردووەو ناشیکەن هەرگیز، ئەودوژمنانەی چۆن لە ڕژهەڵات، لەمێژە هەوڵدەدەن کوردنی بەختیاری لەکوردبوون دوور بخەنەوەو وایان لێ بکەن بڵێن ئێمە کوردنین، لەباکوری کوردستانیش هەوڵدەدەن وا لە کوردە عەلەوی و زازاکیەکان بکەن، لەڕۆژئاوایش ئێزدیەکان، لەباشوریش ئێزدیەکانی ئێرەو کوردانی شەبەک و کوردانی فەیلیش، جا بە پیلانی ئایینی، یاخود مەزهەب، یان ترساندنو تیرۆرو بەزۆر سەپاندنی ئایین، یان داگیرکردن و گۆڕینی دیموگرافیاو جوگرافیای کوردستان. یاخود بەشۆرینەوەی دماغ و ئەقڵ بێت، ئەوە دوژمنانمان لەهەوڵدان ناکەون و بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پیلانە دۆزەخیەکانیان، لەدەرەنجامی ئەو هەوڵە بەردەوام و نەفرەتاوی و نەزوکەیان،گەر بەڕێژەیەکی کەمیش بێت،توانییان ئەفسوس بەشێکی کەمی ڕۆڵەکانی من لە کوردانی ئێزدایی، شەبەک، فەیلی،(تەنانەت لەناوکوردانی هەورامیش دەنگێکی نەشاز درووست بووە دەڵێت ئێمە کورد نین) والێ بکەن لەخشتەبەرن و فریوی نەیاران بخۆن و بڵێن ئێمە کورد نین. بەڵام دواجار ئەوە کەمێکی زۆر کەمن و زۆرینەی ئەوانەیتریان شانازی بەکوردبوونی خۆیانەوەدەکەن.

ڕۆڵە شیرینەکەم، بیرت نەچێت  ڕاستە کە هەندێک لە ڕۆڵەکانی منیان وا لێکرد کە فریو بخۆن و بڵێن ئێمە کورد نین، نەخێر، ئێمە کوردی ڕەسەنین، چاوگی کوردایەتین، دوژمنان هەزاران ساڵە هەوڵی کوشتن و ئایین گۆڕینمان دەدەن، بەڵام چەندمان لێ بەزۆر و لە ژێ فشار و هەڕەشە و فەرمان و کوشتن بکەن و هەر ئایینێکی تر،  لەوانەی خۆ ڕاگرنەبوون

دەنا ئێزی نابێت ئیرادەی لاواز بێت و چۆک دابدات و خۆی بۆ دووژمن و هۆڤان بچەمینیت و دەبێ وەکو پیاو ژنە قارەمانەکانی کۆجۆ بن و مەرگ هەڵبژێرن نەک دۆڕان و ئایین گۆڕین.

باپیرە بەو هۆنراوەیە، کۆتایی بەو دیالۆگەمان بێنین.

دەی ئازیزەکەم.

کارەساتتان باش

من ناوم شنگالە

و

نازناوم گـۆڕی بە کـۆمـەڵ

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆداو

لە پڕ

کۆمەڵێک شمشێری ڕادیکاڵ و

ڕەوێک خەنجەری بیابان

کۆمەڵێک شەوی ئەنگوستەچاو

مەزهەبێکی زۆر کۆن

ڕژانە کۆڵانەکانی

کۆجۆم

کۆمەڵێک شمشێر

شێوەیان دەڕۆشتەوە سەر

سەدەکانی ناوەڕاست

و

بۆنی خوێنیان لێدەهات

ڕەوێک خەنجەری بناژۆخواز

سیخناخ بوون

لە جەهل و تاریکی

پڕ بوون لە نەفرەت

بێ لە دەرگادان

و

بە ڕستێک قەفەز

و

باوەشێک شەریعەت

بە فرسەخێک تقوسی سەحراو

قاپێک خەڵووزی خوڕافە

بە کۆمەڵێک ئایدیای ڕق

و

ستڵێک فەتوای ڕەق

خۆیان کرد بە ژوورداو

گوتیان

ئێمە پاسەوانەکانی دەرگای دۆزەخین

و

لەو دیوی سردابی مێژوو و

حاشیەکانی جەهالەتەوە هاتووین

ڕەگمان دەچێتەوە سەر زێراب

و

مۆڵەتی ئاسمانمان پێیە

بەڵێ

ئەوان لە بەردەم بێدەنگی هەمواندا

پەلاماری گۆمەزی شەرفەدینیان داو

کچێنی شنگالیان نەزیف کرد

بەرائەتی جیلوەیان

بە چەقۆی ئەنفال سەربڕی

و

مەسحەفی ڕەشیان

خەڵتانی سورەتی کفرکرد

نەمزانی کێ بوون

بەڵام

گوتیان ئێمە سەر بەخێڵی بەردو

پاشماوەی فتوحاتین

ئێمە نەوەی نەفرەت و

لە نەسەبی قانونی ڕەجمین

بەڵێ ئەوان

هەمان ئەو ڕەوە خەنجەرەبوون

کە شەهرەبانویان کرد بە کەنیزەو

لەگەڵ فرمێسکەکانی یەزدەکورد

ناردیانن بۆ سنوری تەعریب

هەمان

ئەو چەقۆیانەبوون

کە بەر لە هەزار و چوارسەت ساڵە

ئاگری ئاتەشگای ئەشۆیان کوژاندەوە

و

بەرماڵی نزای زەردەشتیان شەهیدکرد

هەمان ئەو شمشێره ڕادیکاڵانەبوون

کە پەنجەرەی میحرابی متیرایان

بە لمی بیابان سواق دا

و

کراسی بووکێنی گوڵاڵەیان دڕاند

هەمان

ئەو خەنجەرە ئوسوڵیانەبوون

کە گاتاکانی ئاڤێستایان پڕکرد

لە ئیقاعی زندیکبوون و

شادەماری مەچەکی یەسناکانیان بڕی

کۆمەڵێک تاریکی

چاوەکانیان

هێشتا جۆگەڵەی خوێنی

هەفتاو چوارفەرمانی ئێزدیخانی

لێدەچۆڕا

هێشتا

بۆنی دەهریبوونی ئاهۆرامەزدا

و

فوغانی دایکە ئەنفاڵکراوەکانیان لێدەهات

هێشتا

بۆنی حەرامسەرای کەنیزەکان و

توڕەیی فەرمودەکانی فتوحاتیان لێدەهات

ئەی ئافەرین گیانی من.

ئازیزەکەم گەر ویستت درێژە بەو دیالۆگەمان بدەین، بەڵام  ئەوجارە لە دۆزەخ نا هاهاها بەڵکو لە لالش دەبێت.

بمبوورە، کاتم نەما و  ئێستا دەبێت بڕۆم و جێت بێڵم ڕۆڵە شرینەکەم، دەماتە بخێر.