
بەهرە هەولێری
لەوەتەی بیرم دێ
گریان و فرمێسک
هاودەمی ڕۆژ و شەوی منە..
وا خەریکە
لە ڕووباری فرمێسکەکانمدا
بخنکێم..
وەلێ هەرگیز نەمدەزانی
هەر دڵۆپێک
خۆزگەیەکی نەگوتراوە..
یان خوێنی داچۆڕاوی
برێنێکی ساڕێژنەبووی بێ هەتوانە..
یان ئاهی دڵ و ڕۆحی
شاعیرێکە
ڕێژنەی فرمێسکی
بۆ منی بێ ئاگا داباریوە...
بەڵێ
بێ ئاگا لەوەی
ئاهی فرمێسکەکانی قەرزێکە
ڕێ بە وشک بوونی
فرمێسکەکانم نادات..
نازانم
بۆ چەند ساڵی دیکە
دەبێ بگرییم؟!
دەبێ تاکەی
سفرە و خوانی ئێوارانم
لەجیاتی نان و ئاو
بە شەرابی سوێری فرمێسک
بنەخشێنم..
تۆ بڵێی کەسێک هەبێ
لەجیاتی من
لەجیاتی فرمێسکەکانی من
ئەو پەیامە بگەیەنێ:
تکایە بە فرمێسکەکانت بڵێ
ئازادم کەن...
24/8/2025