بەشی  (٢٥)

فەقێ فایل و خوشکەکەی مەلا جاروڵڵای بەردەقانی

گێلە فەقێ، بە ئاڤێستا سوێند، ئەو  خەڵکە لە تۆ گێلترە و وادەزانی عەین مەلای نەخوێنەوار و فەقێی گێل، پەپوولە، یان فریشتە و نوێنەری خودان !

کوڕە وەڵڵاهی نەک لێگزیز، ئاقڵ بیت و لە قسەم نەچیتە دەر و لۆخۆت بزانیت نانی خۆت لە ڕێگەی مەلایەتی و فەقێیاتییەوە مسۆگەربکەیت، خەڵک هەیە و ئامادەیە کچی خۆشت وێ بدات.

 گێلە فەقێ، بیرتە پار لە بری مەلا(فەقۆ)ی ڕۆیشتیتە ئەو دێیە و کابرا پێی گوتیت:تەمەنت چەندە و بە تەمانیت ژنێ بێنیت؟  تۆی گێلیش گووەکت لە شانسە حیزەکەی خۆت کرد و گوتت:ناوەڵڵا، جارێ زووە و و دەمەوێت خوێندنەکەم تەواوکەم.

 فەقێی دەماخ باینجان، کابرا دەیویست پێت بڵێ: گەر تەمای ژن هێنانت هەیە، وەرە با ئەو خوشکەی خۆمت پێشکێش بکەم. بەو خوایە کیژەکەیش لە دڵەوە وەختا بوو لۆت شێت بیت. عەین لەوی وەرابیتن ڕاغب عەلامە، یان جاکی فیلمی تایتانیک( لیوناردۆ دیکاپریۆ) چوویتە ماڵیان !

کچێ هەی گێلەی تیتک بەڕشک و ئەسپێ، هەی لەو فەقێیەی خۆمان گێلتر، ئەو فەقێ تڕ زل و لچ قەوی و لچ بەقرەچە چییە تا هێندە دڵت لۆی بچیت و وەها لۆی عاشق و کەربیت !

کوڕە دەوەڵڵاهی کچ بواما و پیاو لە داری دنیایێ قاتی بوایە، مێردم به فەقێیەکی لوت درێژ و لچ باینجانی و چلمنی وەکی توو نەدەکرد.

 گێلەفەقێ، نەڵێیت وەڵڵاهی بوختان دەکەیت !

ئەها ئەو پیاوە دەڵێم، ئەوەی کە ڕۆیشتیە ماڵیان و نمەکیانت کرد و خۆشت وەختابوو لۆ کچەی گێل، شێت بیت و خەریک بوو ناپاکی بکەیت و بە خوشکم خوشکم دەست بە عیلاقە و حوب حوببانێ بکەیت لەگەڵیدا.

ئەها کچەکە هاتوو بەخێرهاتنی کردیت و تۆیش گوتت سەرچاوەکانم خوشكی خۆم.

لە ناخەوەیش دەتگوت: سوپاس گیانی مەلای، هەی بەخۆم و مەندیلەکەی سەرمەوە بە قوربانت بین. 

ئەها ماوەک لەوێ دانیشتیت و دواتر لەگەڵ پیاوەکە ڕۆیشتن بۆ مزگەوت.

کوڕە مزگەوتی چی و حاڵی چی، وەکوو مەلای ژن دز، کو لەو چرکە ساتە دەیگوت(وڵڵاهی، وڵڵاهی، گیانی من، ئێستا جگە لە تۆ، دڵی من، هیچیتری تێدانییە)، تۆیش بیر و هۆشت هەر لەكن ئەو كیژەی بوو و پیس ئاشقی ببوویت و لەناو وتار یەكەم جارت بوو بگریێیت.

دوو سێ مامە حاجی بە تەمەن و دڵپاک، لەگەڵ توو دەستیان کرد بە گریان. داماوانە وایان دەزانی گێلەفەقێی خوێڕی لۆ حاڵی ئومەتی موحەمەدی و لە ترسی خودا و ئاگری جەهننەمێ دەگریت. هاهاها.

وای گەردەیان زانی گریانی فەقێی لچ ئەستوور و چلمن لۆچییە و عاشق و سووتاو و موشتاقی کێ بووە و ئاگری چ ئیشقێکی هەرزەکارانە، وا خەریکە گڕی تێبەردەدات و دەیسووتێنێت، دەی کات بە هەڵم، بە سەراب، بە ئاو، كو شاپتڕێن و حەسیر ڕێژیان دەکردیت.

گێلەفەقێ، فشە فش نەکەیت ها. ئەی کێبوو بە پارەی زەکات و سەرفیترەی بنێشت و تۆقە و شتی لۆ کیژی خەڵکی دەکڕی و لۆی دەناردن؟

کێبوو دەیگوتە فەقێیەکان مەلا(جاروڵڵا)ی بەردەقانی خوشکەکی هەیە، وەڵڵاهی ڕێک دەڵێیت:نانسی عەجرەمە و هەموو هۆشی بردیمە؟

فەقێی لچ باگوردان، قسە بکە دەی. چییە دەڵێیت قوڕیان داوە لە دەمت !

فەقێی عاشق، باشترە کە ماڵت لە شووشەی بوو، بەرد نەگریتە کۆشک و تەلاری خەڵکی.

فەقێ فایل، فایلیترت هەڵدەمە و زیاتر ڕیسوات بکەم، یان جارێ بەسە؟