
بەشی(٣٧)
ئیسرائیل ساڵی ٢٠٢٢ی دەڕووخێت!
ڕۆژی هەینی بوو و مشەوەش ببووم و تەنها دوو کاتژمێرم لەبەردەست ماوە و تا ئێستا هچیم ئامادەنەکردەوە. بیرم دەکردەوە ئێستا من چی بکەم و لەو وتارە باسی چی بکەم؟
دووڕۆژە ئەو دەنگە نەفرەتی و نادیارە ونە و نەهات پێم بڵێت: بۆ ئەو وتارە باسی چی بۆ ئەو خەڵکە بکەم؟
لەپڕ دەنگەکە گوتی: لێرەم گێلەفەقێ، ئەوە جوێن دەدەیت؟ هیچ و پووچ.
مێشک بە بەردبوو، من دوو ڕۆژبوو، لای مەلایەکیتربووم و یارمەتی ئەو کاکە مەلایەم دەدا و خەریکبووین زنجیرە وتارێکی سی ئەڵقەییمان بۆ ئامادەکرد، سەبارەت بە(علامات الساعە)، نیشانەکانی ڕۆژی دوایی. کاکەمەلا بە تەمایە لە چەند کەناڵێکی ئیسلامی پەخشیان بکات.
گوتم، ئەی من چی بکەم؟ وەلڵاهی دوو سەعاتە کاغەز و قەڵەمم دەرهێناوە و نازانم وتاری ئەم جارەم باسی چی بێت !
هێندەی هەوڵدەدەم، هیچم لۆ نایەت !
خەمی هیچت نەبێت گێلەفەقێ. ئەی من بۆچی هاتووم؟ وەرە با وتارێکت بۆ دابنێنین، لە هەموو مەملەکەت دەنگ بداتەوە و ببێتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری هەموو خەڵکی.
چییە وتارەکە؟ خۆ بۆ هیچ فەقێ و مەلای ترت باس نەکردووە؟
باسم کردووە گیانە، بەڵام تۆ دەتوانی ترش و خوێی زیاتری پێداکەیت و هەندەک گۆڕانگاری تێدا بکەیت و خۆشتری بکەیت و ئەو خەڵک و مەڕ و مێگەڵەی مەملەکەت زیاتر پێ گێژ و ێژبکەیت.
مارکس دەناسیت گێلەفەقێ؟
نەخێر.
ئەها ئەو پیاوەی دەیگوت: ئاین تلیاکی گەلانە.
نایناسم.
کوڕە جا ئەو مەلا نەخوێندەوار و گێلەفەقێیانەی ئێرە جگە لە ئیبنولتەیمییە و ئیبنولباز و ئیبنولدەجال و ئەو هەموو ئیبن ئیبنو ئوختو ئەخو و ئوممەی عارەب و مێژووی عارەبان کێیتردەناسن.
مارکس مەلابوو؟
گێلەفەقێ، بەڵێ مارکس مەلایەکی دوازدە عیلم و زۆر زیرەک بوو و لە ئەزهەرخوێندبووی. بەڵام دواتر لە دین وەرگەڕا و بووە قەشه.
گاڵتەم کرد.
دەی زۆری لەسەرمەڕۆ و ناوەڕۆکی وتارەکەم پێ بیڵێ خێرا، تکایە.
گێلەفەقێ، بڵێ: ئیسرائیل ٢٠٢٢ی دەڕووخێت!
دوای ئەوەی کۆمەڵێک شتی پێدام و دەنگەکە ڕۆیشت. منیش بەسەر مینبەرکەوتم و دەستم پێکرد و باسی فەڵەستین و قودسم بۆ خەڵکەکە دەکرد و یەک حەماسەت و عاتیفەی دینی منی گرتبوو، هەرمەپرسن !
سەبرەن سەبرەن، یا یەهود، جەیشو موحەمەد سەوفە یەعود.
خوشک و برایانم، ئەمڕۆ یان سبەی، زوو یان درەنگ، دەوڵەتی سەهیونییەت لەناودەچێت و لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی سەلاحەدینی ئەیوبی دەڕووخێت. دڵنیابن دووبارە قودسی بریندار و داگیرکراو، لەژێر چنکی جولەکەی خەبیس ڕزگاردەکەین.
موسڵمانان، وەکو لە ڕیوایەتێک هاتووە پەیامبەرمان دەفەرموێت، تەنانەت دار و بەردیش لە دژی ئەم جوولەکە ترسنۆک و نەگریسانە دێنەگۆ.
پەیامبەر دەفەرموێت: ڕۆژی دوایی نایەت، تا موسوڵمانان جولەکەکان دەکوژن. کاتێک موسوڵمانێک دەیەوێت جولەکەیەک بکوژێت، جوولەکەکە ڕادەکات بۆ پشت هەر درەختێک و بەردێک، تا خۆی بشارێتەوە، درەخت و بەردەکە، دێنەگۆ و دەڵێن: ئەی موسوڵمان، ئەی بەندەی خودا، وەرە ئەوە جولەکەیەکە و لە پشتە من خۆی حەشارداوە، دەی خێرا وەر بیتۆپێنە و بیکوژە ! تەنها درەختێک نەبێت، کە ناوی غەرقەدە، درەختی جوولەکەیە.(٭)
کە وام گوت، ئامادەبوانی مزگەوت، هەموو پێکەوەدایانە: اللە ئەکبەر.
موسوڵمانان، دەزانن کە ئێستا جوولەکە لە ئیسرائیل هەمووی خەریکی ڕواندنی ئەو درەختە سەگبابەی غەرقەدن؟ تەنانەت هەرچوار لای ئیسرائیلیان بەو درەختی غەرقەدە تەنیوە و هەموو ماڵێک غەرقەد دەڕوێنێت و لە ئێمەی موسوڵمان زیاتر باوەڕیان بەو فەرمودەی پەیامبەرمان هەیه؟
ئەوجارە هەمووی پێکەوە بە دەنگی بەرز گوتیان(اللهم صلي علی سیدنا محمد).
موسوڵمانان، دەزانن جوولەکەی کۆڵکە مار، زۆر لەمێژە دەستیان کردووە بە بڕینەوەی دارزەیتونی خوشک و برا فەڵەستینیەکانمان و لە شوێنیدا ئەو غەرقەدە کافر بابە دەڕوێنن؟
خوشک و برایانی ئیماندارم، هێندەی نەماوە و بەڵێنی ئەلڵای تەعالایە و هیچ قسەلەسەرکردنێک و گومانێکی تێدانییە و دێتە جێ و دەوڵەتی داگیرکەری جولەکەی پیلان گێڕ، لە ساڵی٢٠٢٢ دەڕووخێت.
کە وام گوت، ئـەوجارە هەموان گوتیان: سوبحانەلڵا لە گەورەییت خودایە ! قادر هەرخۆتی خودایه. بەهێز و دەسەڵاتدار هەرخۆتی یائەلڵا.
له ڕاستیدا پێشووتر من ئەو مەسەلەی ئیسرائیل ڕووخانەم لە زاری مەلایەکیتر بیستبوو و لە نامیلکەیەکی نووسەر و بانگخوازێکی ئیسلامیش خوێندبوومەوە، وەلێ بە پشتیوانی ئەو دەنگە نادیارە، درۆیەکە دوو مەتر بوو، من دوو مەتری تریشم بۆ زیاد کرد و گوتم گرنگ کاریگەری دروست بکەم و حەماسەت و عاتیفەی دینی خەڵکی پێی جۆش بدەم و دنەی هەستی دژە جوولەکەیێتییان بدەم.
لەمیانی وتار و لە ناکاو پیاوەکی بە تەمەن دەنگی بەرزکردەوە و گوتی: ئائا، بە ڕیشی مەلایان، کاکە فەقێ دەوڵەتی جوولەکەمان بۆ دەڕوخێنێت.
کە وای گوت، هەموان دایانە قاقا.
ـــــــــــــــــــــ
٭أخرجه مسلم، كتاب الفتن وأشراط الساعة، باب لا تقوم الساعة حتى يمر الرجل بقبر الرجل، فيتمنى أن يكون مكان الميت من البلاء، برقم (2922).(عن أبي هريرة أن رسول الله ﷺ قال: لا تقوم الساعة حتى يقاتل المسلمون اليهود، حتى يختبئ اليهودي من وراء الحجر والشجر، فيقول الحجر والشجر: يا مسلم هذا يهودي خلفي، تعال فاقتله، إلا الغرقد فإنه من شجر اليهود.)