
كەریم دەشتی
هەر دووچاوی وەك دووانەی شەوی ئەبەدی
وەك دوو كانیی لە ئەبەنووس
وەك دوو ڕەونەقێ لە فانووس
لە ڕەشایی هەرچاوێكی هەزاران ڕەنگ
لەناو هەر ڕەنگێ سەدان دەنگ
لەناو هەر دەنگێ هەزاران ئاهەنگ
لەناو هەر ئاهەنگێ ملیۆنەها ئاشووب و جەنگ
لەپەراوێزی هەرجەنگێ هەزاران قوربانی
لەسەردڵی هەر قوربانیێ هەزاران تیر
لەسەر هەرتیرێ شووشەیێ ژەهر
لەناو هەر شووشەیێ ژەهر سەدان مەرگ و میر
لەگەڵ هەر مەرگێ هەزاران وەسیەت
لەناو پیتی هەر وەسیەتێ سەدان هاوار
لەهەر هاوارێ زێمارێ
لەهەر زێمارێ گریانێ
لە هەر گریانێ ڕوبارێ
لەهەر ڕووبارێ شەپۆلێ
لەهەر شەپۆلێ ملیۆنان گڕی فرمێسك
لەهەر دڵۆپە فرمێسكێ تەمێ لە شەوق
لەهەر شەوقێ سەمایێ لە ڕوونایی
لە نێو قووڵایی ڕوونایی سەدان پەری
لە سەر باڵی هەر پەرییێ هەزار زەری
لەسەر سینەی هەر زەریێ سەدان قوللاب
لەنێو دەمی هەر قوللابێ
هەزار نێچیر
لەناو چاوی هەر نێچیرێ سەدان شكایەت
لە كتێبی هەر شكایەتێ
پەڕێ لە عیشق
لەداستانی هەر عیشقێ هەزاران بەدكار
لەناو لەپی هەر بەدكارێ سەدان خەنجەر
لەتیغەی هەر خەنجەرێكا
هەزار برین
لەناو دەمی هەربرینێ
سەدان زمان
لەناو پەڕەی هەر زمانێ داغونێ
لەهەر داغونێ هەزاران كوورەی سووتان
لەهەر سووتانێ سەدان درەختی خۆڵەمێش
لەهەر مشتە خۆڵەمێشێ سەدان قەقنەس
لەهەرقەقنەسێ سەدان جار زیندووبوونەوە
لەهەر زیندووبوونەوەیێ هەزاران ئەویندار
هەرئەویندارێ هەزاران چیرۆكی ئەوین
لە چیرۆكی هەر ئەوینێ سەدان پەری
كە ئەو پەریانە پەرش و بڵاو دەبنەوە بەزەوی
كەون پڕدەبێ لە شەوق و نووری چیایی
هەر نوورێ دەچێتە چاوێ
هەر چاوێ دەبێتە هەزاران كانی
هەركانیێ سەد جۆگەلە
كە جۆگەلەكان هەڵدەڕژێن
ژیان پڕ دەبێ لە شەوقی فڕین
دڵیش پڕ دەبێ لە نەوسی گرین
وەرە سەیركە غایەتی چاوت
چ ئافەتێكی وەهای نایەوە