محمدی مام ڕسوڵ 

من وەک تۆ نیم 

دەستێکم چوبێتە خوێنی هەتاوو 

دەستەکەی ترم ،

بەرد کۆکاتەوە بۆ ڕەجمکـردنیــی دوعــا  !!

دایکم فێری کردم ،

شاعیرانەتر لەمیهرەبانی ئاو بدوێم 

پەنجە لە پیر بوونی خۆم نەدەم 

ئەو دەمەی خەندە لەفەرهەنگی هەتاوا وشک دەبێتەوەو

بە پیری لەپەرژینی گیای شیعرێک دەئاڵێم 

ئەوسا نەک هەر چڵەکانی باران 

بەڵکو هەموو ئێوارەیەک گوڵی کراسەکەشی ئاودەدەم !!

دایکی من پانتایی گەڕەکێکە لە ڕۆمان !

فێری کردم  ،

لەو دیوو کەڵەکی جوگرافیاوا 

کەخۆر دەڕژێ 

ژنێک چەتری بۆ زەریا هەڵدەداو 

دوای تاڵانکردنی بروسکەو 

شکانی ئێسقانەکانی مارس 

بەباڵی قەسیدەیەکی شینەوە 

ئاو فێرە فڕیــن دەکا ! 

پیاوێکیش ،

کەکاڵ دەبێتەوە لە ئادەم 

بەناوەڕاستی گێتــی دا دێ و 

نوێنەکانی باران هەڵدەتەکێنـــێ 

ئەوەندە مژ لە توتنــی  ناو کیسەکانی جەنگەڵ دەدا 

 بەقەد فانۆسێک کە با نایگــاتـــێ تەنگەنەفەس

چەقۆ لەشەریعەت دەسووێ !!

دایکم گووتــی :

دەشێ ئێستاش بەرد هەر دوژمنی شووشە بــێ !!

من ئێستا لەمەحشەری ئەو ئاگرە هاتوومەدەر 

تا ئەگریجە لەپەنجەکانم بەردەم ! 

ئەوەندە خوێنم لەکریستاڵەکانی ئەو گەلاوێژە ئاڵاندووە 

خەریکە پەشیمان ببمەوە لەتۆو بڵێم :

خوایە ! ئەو منارەیەم  لەناودا بروخێنــە !

خوایە بمکەوە بەمنداڵەکەی جاران ،

هەموو کۆڵان ڕاوەشێنم ،

تا دار هەللوکەکەم دەدۆزمەوە ! 

ببمە بایەکی عەجول ،

بەتانی لەسەر سپێدەکانی ئەوێ لادەم !!

هەندێک جار دەڵێم ئەوەندە شیعرت بۆ نانوسم 

نەکا مانگ بەسەر وەچەی نەورەسەکاندا بەربێتەوە !

ڕێگە نادەم کەس دەسکاری ناڵیم کــا 

من لەڕێزمانی دایکم تێدەگەم 

ئەو فێری کردم لەشیعریشا 

کەبەرد دەنوێ و عیشق دەستی دەگاتەوە من 

ئەوسا پەردە بۆ تریفە لادەم !!!