
∎ لە ئاوێنەی "بیرمەند"دا؛ مارکسیزم هێشتا کۆتایی نەهاتووە و زۆری ماوە بۆ گووتن:
لە سەردەمێکدا کە زۆربەی میدیا و گۆڤارەکان بوونەتە پاشکۆی لایەنە سیاسییەکان و لەناو جەنجاڵی بێناوەڕۆکیی سۆسیال میدیا و دیجیتاڵیدا ون بوون، "سامان عەلی" وەک وەرگێڕێکی خاوەن دیدگە و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی هزری و ڕۆشنبیری، بە تەنها و بێ پاڵپشتیی هیچ دەزگایەک، پڕۆژەیەکی هزریی جیاواز دەخاتە بەردەم خوێنەران.
سامان عەلی لە هەژماری فەیسبووکی خۆی ژمارە "سفر"ی گۆڤاری "بیرمەند"ی بە شێوەی دیجیتاڵی (PDF) خستە بەر دیدی خوێنەران، ئەم گۆڤارە لە پەرۆشی و خەمخۆری بۆ جڤاکی کوردی و هزری مارکسی هاتووەتە کایەوە. سامان عەلی لە پێشەکی گۆڤارەکە ئاماژەی بەمە داوە و دەڵێت: «لە ڕوانگەی باوڕبوونمەوە بەوەی هزری مارکسی زۆری لە هەگبەدا هەیە سەبارەت بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێڵەکی و ئایینیی هەرێمی کوردستان و، کێشە کۆمەڵایەتی و جیاوازییە چینایەتییەکانی جڤاکەکەی بیڵێت و، هێشتا نەک هەر دوا قسەی خۆی نەکردووە، بەڵکوو هیچی ئەوتۆی نەگوتووە.»
∎ بۆچی مارکسیزم؟ بۆچی ئێستا؟
زۆرێک پێیان وایە هزری مارکسی تێپەڕیوە و هی سەردەمی پیشەسازی و ململانێی بلۆکەکان بووە، بەڵام سامان عەلی لە ڕێگەی "بیرمەند"ەوە تەحەدای ئەم دیدگەیە دەکات. ئەو پێی وایە کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا قۆناغی دەرەبەگایەتی تێنەپەڕاندووە و تێکەڵەیەکی سەیرە لە "دیوەخانی خێڵ" و "بۆرژوازییەتی گەندەڵ". لێرەوە گۆڤارەکە دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ نیشاندانی جیاوازییە چینایەتییەکان و شیکردنەوەی دەسەڵاتە بنەماڵەییەکان و گەمەی ئیسلامیی سیاسی و قۆستنەوەی ئەم قۆناغە بۆ گەشەکردنی زیاتر.
سامان عەلی پێی وایە مارکسیزم هێشتا "دواقسەی خۆی نەکردووە"، بەڵکو بۆ جڤاکی ئێمە هێشتا "هیچی ئەوتۆی نەگوتووە". هەر بۆیە مارکسیزم وەک زانست و ئایدۆلۆژیا دەتوانرێت سوودی زۆری لێ وەربگیرێت بۆ تێگەیشتن و چارەسەری بنەڕەتی و ڕیشەیی قەیرانە قوڵ و بنبەستەکانی کۆمەڵگەی کوردی.
∎ بەرەنگاریی ڕۆشنبیری لە سەردەمی دیجیتاڵیدا
تایبەتمەندییە هەرە جیاوازەکەی "بیرمەند" لەوەدایە کە هەوڵێکی تەواو "تاکەکەسی"یە. لەسەر بەرگی گۆڤارەکە ناوی "سەرنووسەر" و "دەستەی نووسەران" نابینیت، چونکە سامان عەلی خۆی هەم وەرگێڕە، هەم نەخشەساز و هەم بڵاوکەرەوەشە. ئەمە جۆرێکە لە "یاخیبوونی ڕۆشنبیری" دژی ئەو بیرۆکراسییەی کە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی گرتووەتەوە. بڕیاری بڵاوکردنەوەی بە شێوەی (PDF) و بە خۆڕایی، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ دیموکراتیزەکردنی مەعریفە و گەیاندنی هزری ڕەخنەیی بە هەموو تاکێکی خوێنەر، بێ ئەوەی پارە و بازاڕ ببێتە بەربەست.
∎ هزرێکی ڕوون و ناوەڕۆکێکی قوڵ
ژمارەی "سفری" گۆڤارەکە، پێکهاتووە لە کۆمەڵێک وەرگێڕانی دانسقە و گرینگ کە ڕاستەوخۆ وابەستەن بە هزری مارکسی و کۆمەڵگەی کوردی، ئەم هەڵبژاردنەی دەقەکان نیشانەی قووڵیی پڕۆژەکەیە. کاتێک ناوی گەورە بیرمەند و فەیلەسووفانی وەک (گرامشی، ترۆتسکی، لوکاچ، مارکوزە و ئەلتۆسێر ..هتد) لە یەک بەرگدا کۆدەبنەوە، خوێنەر تێدەگات کە ئەم گۆڤارە دەیەوێت "نێزە و ڕم" بێت بۆ شەڕی تاریکپەرستی و دواکەوتوویی.
ــــــــــ
بابەتەکانی ئەم ژمارەیە ئەمانەن:
* محەمەد هیلالی: سەبارەت بە گرنگیی کتێبی "سەرمایە"
* ئەنتۆنیۆ گرامشی: گەمژەیی سیاسییەکان
* ترۆتسکی: "باڵا مرۆڤ" لای نیتچە
* گیۆرگ لوکاچ: سۆرین کێرکەگارد
* مارشێللۆ موستۆ: من مارکسی نیم
* محەمەد ئایت حەننا: لە دژی خەمساردی
* گفتوگۆ لەگەڵ هێربەرت مارکوزە
* لویس ئاڵتۆسێر: ئایدیۆلۆژیا و دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەت
ــــــــــ
| ئامادەکردنی: ئاسۆس ساڵح
| ئەم بابەتە لە ژمارە (۱٤٨۹) هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان بڵاوکراوەتەوە.
| لینکی ژمارە "سفر"ی گۆڤاری بیرمەند بە (PDF):
https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2026/690345/0001.PDF
