خوێندنەوەی:مەغدید حاجی


 لەم ماوەیەی دواییدا ژمارە(2 و 3) ی گۆڤاری دەقی مێژوویی بە قەبارەی(512) لاپەڕەی گەورە و بە چاپێکی جوان، لە چاپخانەی ڕۆژهەڵات  دەرچوو  و کەوتە ناو کتێبخانەی کوردی و بەردەستی خوێنەران و مێژوونووسان.. 
 گۆڤاری دەقی مێژوویی، گۆڤارێکە ئامانجی زیندووکردنەوەی دەق و بەڵگەنامەی مێژووییە، سێ مانگ جارێک بە کوردی و عارەبی دەردەچێت و کاک مومتاز حەیدەری خودان ئیمتیا  و سەرنووسەریەتی و (پ.د ئەحمەد حەمەدەمین) ڕاوێژکاری مێژوویی گۆڤارەکەیە و چەندین نووسەری بەڕێزیش دەستەی هاوکاران لەگەڵ کاک مومتاز پێک دەهێنن و ناوی هەموان لە یەکەمین لاپەڕەی بەرایی تۆمارکراوە.
یەکێک لە پەیامە ڕاگەیەنراوەکانی ئەم گۆڤارە بریتییە لە دووبارە بڵاوکردنەوەی دەق و بەڵگەنامە مێژووییەکان وەک یەکەمین سەرچاوە، وێنەی (12) مێژوونووس و شاعیر و کەسایەی مێژوویی بەرگی ئەم ژمارەیەیان ڕازاندۆتە.
سەرنووسەری گۆڤار وەکو وەفا نواندن، لە لاپەڕەکانی  پێشەوەدا، هەڵوێستەی لە بەرانبەر ئاوابوونی سێ ئەستێرەی گەشی جیهانی ڕۆشنبیری و نیشتمانپەروەری کوردستان کردووە:(محەمەد بۆز ئەرسەلان، ڕەفیق سابیر و ساڵح مسلم) کە لەم مانگانەی دوایی بەداخەوە  کۆچی دواییان کرد ..
 د. ئەحمەد حەمەدەمینیش لە بری سەر وتاردا، وتارێکی لەبارەی مومتاز حەیدەری نووسیوە و بە هێنانەوەی بەڵگە سەلماندوویەتی کە ئەم کەسایەتییە:" مرۆڤێکی نیشتمانپەروەرە و لە نێوان تێکۆشانی نەتەوەیی و کاری ڕۆژنامەنووسی و پاراستنی مێژوودا ئەسپی خۆی تاوداوە و ماندوو نە ناسانە بێ گوێدانە هەڵکشانی تەمەن خزمەتی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری کوردی دەکات"..
 گەر خوێنەر چاو بە پێرست و بابەتەکانی ئەم ژمارەیەدا بخشێنێت بۆی دەردەکەوێت، کە زێدە دەوڵەمەندە بە وتارو دەق و بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتی مێژوویی ..
بەرگی دواوەی ئەم ژمارەیەش ناونیشانی(تابلۆی شانازی) هەڵگرتووە و تایبەتە بە ئاماژەدان بۆ کەسایەتی و یادی (سەد ساڵەی لە دایکبوونی شەهید جەمال حەیدەری  (1926-2026 )
 دەستخۆشی لە کاک مومتاز حەیدەری و هاوکارە بەڕێزەکانی دەکەین و هیوای پێشکەوتن و بەردەوام بوون بۆ ئەم گۆڤارە گرنگە دەخوازین.