هـۆنراوە فـۆرمێکی هونەریی جیهانییە، کە سنوورەکانی کولتوورەکان و ئەزموونەکان و هەستەکانی مـرۆڤ تێـدەپەڕێنێـت. رەگ و ریشەی قـووڵی لە زمان و وێـژەدا هـەیە.

هـۆنـراوەکانی منـداڵان. تەنیا سـەروا و ریتـم و وشـەکانی سـەر لاپەڕەکان نـین. بەڵکو دەنگی زینـدووی ژیـانن. هـۆنـراوەی منـداڵان ئـەو فـۆرمە وێـژەییە ئەفـسوونـاوییەیە، کە چـێژ و پێـگەیەکی گەورەیان لەلای منـداڵان هـەیە. رێگەیکی نایاب و ناوازەیـە، بۆ فـێرکـردن و بۆ دەوڵەمەنـدکردنی ژیانی منـداڵان، بۆ ورووژانـدنی کنجکاوی و خەیاڵی منداڵان، بۆ هـانـدنیان بۆ داهـێنان. بە تایبەتی گەر ئەو هـۆنـراوانە میلـۆدی و ریتمیان لەگەڵـدا بێـت.هـۆنـراوەی منـداڵان، گەنجـیـنەیەکی وشـەیە، فـەرهـەنگی وشـەسـازیی منـداڵان دەوڵەمەنـد دەکات. بە وشـە ودەستەواژە و بە چەمکی نوێ ئاشنایان دەکات. منـداڵان لـە رێـگەی سـەروا و ریـتـمەوە، بـە ئاسانی دەتـوانـن ئـەم وشانە بهـێـنـنەوە یادیان و لە قـسەکـردنی رۆژانەیـانـدا بەکاریـان بهـێـنن.

ئەو منداڵانەی بە بەردەوامی هۆگری هـۆنراوەن،توانایەکی باشتریان لە جیاکردنەوەی دەنگەکان و لەبەرکرنی هـۆنراوەکاندا هەیە. لە وشەسازی و زمان و داڕشتنی رستە و تێگەیـشتن و لە خوێنـدن و گۆزارشتکـردنـدا، لە هـاوتەمەنەکانیان سـەرکەوتـووتـرن.
هەندێک لە پسپۆران و پەروەردەکاران، جەختیان لەسەر گرنگی هۆنراوە کردووەتەوە، لە پـێکهـێنانی چێژی زمان و جوانی لەلای منداڵان.سادەیی وشەکان و شیرینی ریتم و تـۆنی سووک و سەرواکان، بەشـدارن لە فـراونکـردنی ئاسـۆی زمـانەوانی منـداڵان و لە بەرزکردنەوەی توانای دەربـڕینی هـەسـت و سـۆز و بیـرکردنەوەکانیان بە روونی.

منـداڵان بەبێ زمـانـێکی دیاریکـراو لەدایک دەبـن. بەڵام بە تێـپەڕبوونی کات، توانای فـێربوونی زمان بەدەستدەهـێنن.زمان ئامرازێکی زۆر گرنگە لە وێـژەی منـداڵان. بۆ هـاوبەشـکـردنی هـەسـت و سـۆز و خـەیـاڵی منـداڵان. هـۆنـراوەی منـداڵان، رۆڵـێکی گرنگ و کاریگەری لە گەشەکردن و لە پێشخستنی زمانی منداڵان هـەیە. بە تایبەتیش لە سەردەمی دیجـیتاڵـیدا، کە پەنجـەرەی کـراوەی زۆری هـەیە. ئەمـەش پێویـستی بە بەهـێزکردنی زمانی دایکی منـداڵان و بە پەروەردەکردنی شانازی بە خود و ناسنامەی خۆیـانەوە هـەیە.

بێگومان ئەو هـۆنـراوەنووسانەی هـۆنـراوە بۆ منـداڵان دەهـۆننەوە، هەوڵـدەدەن بە زمـانـێکی کـوردی پەتی و ئاسان و بە وشـەی جـوان و ناسک، بە ریـتـم و سـەروای شیرین، بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی، هـۆنراوەکانیان بهۆننەوە و بیانڕازێننەوە.
(دەبـلـیـو ئـێـچ ئـۆدن) دەڵـێـت:"هـۆنـراوەنـووس لـە سـەرووی هـەمـوو شـتـێکـەوە ئەوینـداری زمـانە".
گرنگـییەکانی هـۆنـراوە لەگەشەکـردنی زمـانیمنـداڵانـدا: 
هـۆنراوەی منـداڵان، کاریگەرییەکی قـووڵی لەسەرگەشەکردن و پـێـشخـستنی زمانی زارەکی و نووسینی منـداڵان هـەیە. زۆرن ئەو ئامـانج و سـوودە زمـانیـیانەی، کە لە سایەی هـۆنـراوەی منـداڵانـدا دێنـەدی. ئەمانە بەشێکـن لەو ئامـانجە زمـانەوانییانە: 
١ـ لە رێـگەی خـوێنـدنەوە و گـوێـگـرتـن و وتـنـەوەی هـۆنـراوەی منـداڵان، سامانی وشەسازیی منـداڵان، زۆر دەوڵـەمەنـتر و فـراوانـتر دەبێـت. بە وشەگەلـێکی نـوێ و دەستەواژەی نـاوازە و زمـانی ستایش و بە چەمکی نوێ ئاشـنادەبـن. زیـاتـریـش لە مانـای وشـەکان تێـدەگـەن. دەتـوانـن باشـتریـش گوزارشـت لە نـاخی خۆیـان بکەن.
٢ـ هـۆنراوە یارمەتیی منداڵان دەدات بۆ جیاکردنەوەی نەخشە و شێوازە دەنگییەکان. بەمەش هـۆشیاریی فـۆنۆلـۆژییان بەرزدەکاتەوە. یارمەتییان دەدات لە تێگەیـشتن لە دەنگ و لە تـۆن و ئـاواز. 
٣ـ هـۆنـراوەکانی منداڵان، یارمەتیی منـداڵان دەدات لە داڕشتنی رستە. بە شێوەیەکی سەرنجـڕاکـێش و وردیـش پەیـڕەویی دەستوورەکانی رێـزمـان بکەن و لێیان تێبگەن.
٤ـ لێکـدانەوەی هـۆنراوە، هـانی منداڵان دەدات، بۆ گەڕان بە دوای بیـرۆکەی نـوێ و داهـێنانـدا. بۆ بیرکردنەوەی رەخـنەیی و وردتـر تـێگەیـشتن لە ماناکانی وشەکان و لە پەیـامەکانی هـۆنـراوەکان و لە تـەوەری قـووڵـتر. بۆ دەربـڕینی را و سەرەنجـەکانیان دەربـارەی هـۆنـراوەکان.
٥ـ هـۆنراوەی منداڵان، کنجکاوی منداڵان دەورووژێنێت و هانیان دەدات بۆ ئازادکرنی خەیـاڵـیان و بیـرکـردنەوەی داهـێـنەرانە و بـۆ گـەڕان بـە دوای بیـرۆکـەی نـوێـدا. 
٦ـ ریتـم و سەروا، دوو توخـمی سەرەکین لە هـۆنـراوەی منـداڵاندا، رۆڵـێکی گرنگیان لە پەرەپێـدانی خوێندنەوە و نووسینی منداڵانی بچووک هەیە. سەرنجیان رادەکـێشن و مـێـشکـیان سەرقـاڵ دەکـەن.
٧ـ هـۆنـراوەی منـداڵان،ڕۆڵێکی سەرەکی دەگـێڕێت لەپاڵـنانی خوێندکاران بۆگەڕان بەدوایجـوانی ورەوانبـێژی و تـوانایزمانـیدا. نەک هـەرتواناکانی زمـانیان باشتردەکەن،بەڵکو زیـرەکی سـۆزداریـشیان پەرەپێـدەدەن. 
٨ـ خوێنـدنەوەی هـۆنـراوە بە دەنگـێکی بـەرز، متـمانە بەخـۆبـوون و ئـازایەتیـیەکی وێـژەیی بە منداڵان دەبەخـشێت. دەتوانن، بێ شەرمکـردن لە بەردەم خەڵکیدا، خۆیان دەربخەن و هـۆنـراوە بخوێننەوە و قـسەبکەن و گوزارشت لە بۆچـوونەکانیان بکەن.
٩ـ منداڵان لە رێگەی هۆنراوەوە، ئاسۆی خەیاڵیان بەرزتر دەبێت، سنووری جیهانیان فـراوانـتر دەکـەن. دیانـەوێـت زیـاتـر و زیـاتـر فـێربـن و وەربگـرن و بـزانـن.
لە کۆتاییـدا دەڵـێـین هـۆنـراوەی منـداڵان، ئامـرازێـکی کاریـگەرە بـۆ بەرزکـردنەوەی توانـای خوێنـدنەوە و نـووسـین. سـەکـۆیـەکی نـاوازەیە بـۆ گـەڕان بـە دوای زمـان و فـراوانکـردنی وشـەسـازی و بیـرکـردنەوەی داهـێـنەرانە و گەشـەکـردنی سـۆزداری. 
لـە رێـگەی ئاشـناکـردنی منـداڵانی کوردمـان، بـە جـیهـانی ئەفـسوونـاویی هـۆنـراوە،دەتـوانین خۆشـەویـستیی زمانی شـیرینی کوردی لـە دەروونی منـداڵەکانمان بچـێنین. 

با لەگـەڵ منـداڵانی ئارەزوومـەنـدی هـۆنـراوەدا، بچـیـنە نـاو جـیهـانی هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان و دەرگـاکـانی جیهـانـێک لـە وشــە و سـۆزداری و تـوانـای بێ سـنووریـان لـێـبکەینـەوە. ئەو هـۆنـراوانەیان بـۆ هـەلـبژێـریـن، کە لەگـەڵ قـۆنـاغی تەمەنیانـدا دەگـونجـین و بە دڵـیانـن و لـێـیان تـێـدەگـەن.

دوبـەی: ٢٠٢٦

 

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا