
غەمگین بۆڵی
بەس بۆ ئەوەی سەریشمان وەك دڵمان كون نەبێت
نەمتوانی بەشداری سەركەوتنی تۆ بكەم
نەمتوانی كورد بم و تەقەی خۆشی بە ئاسمانەوە بنێم
نەمتوانی زمانم گڕ بدەم و پەرێزی دوورەپەرێزیت بسوتێنم.
بەس بۆ ئەوەی دڵخۆشی ڕوخسارت بلاوێنێتەوە
پەیڤەكانم وەك بەردی زبر قووتدانەوە
زمانی حەقی خۆم
بە خاتری هەموو ئەو پیاسانە گەزت،
كە ئێوارەیەك هەستم كردووە، نێوانی ڕۆحمان نزیكە/ یەك فاریزەیە.
من كوڕی ئەو ڕۆژگارانەم كە خەونی شەوگاریان تاڵە
بەرگەی هەموو شكانەكانم گرتووە
دەستم بە تۆقەی سڵاوێكی سارد شكا
سەرم بە بەردی دۆستێكی دوژمن شكا
قاچم لە چاڵاوێكی قووڵ و تاریكدا بە ڕۆژی رووناك شكا
پشتم بە پشتی ئەڤینێك شكا
پرچم لە حەژمەتی دڵتەنگیم شكا
هەر شكام و هەر شكاندمیان و هەر شكاندمت و هەر دەمشكێنی
هەر خۆم كۆدەكەمەوە و هەر هەنگاو دەنێم و هەر دەستی خۆم دەگرم
ئەوەتە لێرەم
لە نێو بەردەڵان
شیعرم لە خۆم لولداوە.
بەس بۆ ئەوەی دڵخۆش بیت/ دڵمم شكاند
بەس بۆ ئەوەی قسەكانت نەمرن/ ئاڵای سپیم لەسەر زمانم هەڵدا
چوومە خەڵوەتگەی سەبری ئەیوب
ئاوی هێوریی ڕۆژانی داهاتووم خواردەوە
ئەو خشتە سوورانەی قەڵای بەختەوەریم پێ دروست كردوون
هەموویان
بەرگەی سوتانی زۆریان گرتووە
سەرەتا.